رووداو دیجیتاڵ
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە (کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگری) کە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رایگەیاند، "بەهۆی ئەم کۆڕبەندەوە دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا کە پێشکەوتنەکانی تورکیا لە پیشەسازیی بەرگری پیشان بدەین."
یڵماز هەروەها رایگەیاند، ئامانجی لەپێشینەی تورکیا ئەوەیە بچێتە ریزی 10 گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری پیشەسازیی بەرگری لە جیهاندا.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "بۆ یەکەمجارە کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگری دەبێتە بەشێک لە بەرنامەی فەرمیی ناتۆ و ئەمەش لە تورکیاوە دەستی پێکرد. کۆڕبەندێکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوەدەچێت؛ پلاتفۆرمێکە کە دیدگە و روانگەی جیاوازی تێدا تاوتوێ دەکرێ و تەنیا بەرپرسانی دەوڵەت نین، بەڵکو کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازیش راستەوخۆ بەشدارن. ژینگەی کارکردنیش زۆر گونجاوە."
"تورکیا زۆر زوو لە رۆحی ئەم سەردەمەی پیشەسازیی بەرگری تێگەیشت"
یڵماز ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لەم کۆڕبەندەدا دیدگەی ئێستا و داهاتووی خۆی لە پیشەسازیی بەرگری خستووەتەڕوو و گوتی: "تورکیا وڵاتێکە زۆر زوو لە رۆحی قۆناخەکە تێگەیشت. بەڕێز سەرۆککۆمارمان بە ویستێکی سیاسیی بەهێزەوە ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد. ئێستا لە ئاستێکی وەهای پیشەسازیی بەرگریداین کە جێی شانازیی هەمووانە، بەڵام ئەمە بەس نییە و هەنگاوی گەورەتر دەنێین."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، وڵاتەکەی 11ـەمین وڵاتی هەناردەکاری چەک و کەرەستەی سەربازییە لە جیهاندا و ئامانجیانە بچنە 10 یەکەمینەکەوە؛ هەروەها گوتی: "تەکنەلۆجیا نوێیەکان و ژیری دەستکرد جیهانێکی جیاوازیان دروستکردووە. دەبێت زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەش لەنێو ئەم سیستمەدا بن. تورکیا لەم رووەوە زۆر بەهێزە، چونکە تێکڕای تەمەنی دانیشتووانمان 34 ساڵە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە سەروو 50 ساڵە. ئێمە هێزێکی مرۆیی زۆر داینامیکمان هەیە و پێم وایە هیچ سنوورێک بۆ سەرکەوتنەکانمان نییە."
"لە پیشەسازیی بەرگریدا شۆڕشمان کردووە"
یڵماز باسی لەوە کرد، بەردەوام دەبن لە دروستکردنی کەرەستەی نوێ، ئەویش بەگوێرەی پێویستییەکانی جیهان و گوتی: "پێویستە بەردەوام بین لە هەوڵدان. تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا تەنیا گۆڕانکاری نەکردووە، بەڵکو شۆڕشی کردووە و بەردەوامیش دەبین لە بەرەوپێشبردنی."
لەبارەی بایەخی ئەورووپا بە پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، یڵماز گوتی: "ئەورووپا خەریکە بەئاگا دێتەوە. تورکیا زۆر زوو دەستی پێکرد و ئێستا سوود لەو هەنگاوە دەبینێت. دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا و سیاسەتی نوێی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێیەتییەکان، پێویستیی بەهێزکردنی بەرگریی ئەورووپا دەرکەوت. پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەورووپا بۆ داهاتووی ئەورووپا زۆر گرنگن. بەداخەوە هەندێک وڵات و لایەن بە دیدگەیەکی تەنگەوە رێگرن لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە، بەڵام پێموایە ئەم جۆرە سەکۆیانە دەبنەهۆی هاوئاهەنگیی نزیکتر لەنێوان تورکیا و ئەورووپادا".
بەرپرسانی تورکیا هەوڵی نیشاندانی هۆکارەکانی هاوئاهەنگیی ئەنقەرە بە وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەتیش یەکێتیی ئەورووپا نیشان دەدەن.
ئەگەرچی ناوبەناو دەنگی ناڕەزایی لە ئەنقەرەوە بۆ یەکێتییەکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام هێشتا تورکیا دەستی لە ئەندامیەتیی خۆی لەو یەکێتییە هەڵنەگرتووە و هیوای بە ئەوەیە رۆژێک بکرێتە ئەندام.
پڕۆسەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا لە دوو قۆناخ پێکدێ:
31ی تەممووزی 1959: تورکیا داواکاریی بۆ بوونە هاوبەش پێشکێش بە کۆمەڵەی ئابووریی ئەورووپا کرد. ئەمە یەکەم هەنگاوی فەرمیی تورکیا بوو لە پڕۆسەی یەکگرتنی ئەورووپادا.
14ی نیسانی 1987: تورکیا بە فەرمی داوای ئەندامێتیی تەواوی پێشکێش کرد. ئەم رێککەوتە وەک دەستپێکی ئەو داواکارییەی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا هەژمار دەکرێ کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت.
ساڵی 2016، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا وەستان. یەکێتیییەکە تورکیای بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی سەروەریی یاسا لە وڵاتەکە" تۆمەتبارکرد و بەفەرمی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتییەکە هەڵپەسارد.



