رووداو دیجیتاڵ
سێ شەڕڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی سریان کە لە ساڵی 2019 لەلایەن چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە تورکیاوە لە سەرێ کانی دەستگیرکرابوون، لەلایەن دادگەیەکی پارێزگای رووهاوە لە تورکیا سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا. پارێزەری شەڕڤانەکان رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدات.
تورکیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "کانیی ئاشتی" دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان لە مانگی 10ی ساڵی 2019 دەستپێکرد و هەردوو شاری سەرێ کانی و گرێ سپیی کۆنترۆڵکرد.
کاتێک کە هەرسێ شەڕڤانی کریستیان (جەمیل گۆرگیس، عەماد جاسم و موحسین غەریب) لە ئەنجوومەنی سەربازیی سریان خەریکی بەرگریکردنی گوندەکەیان بوون لە سەرێ کانی بەرامبەر چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە تورکیا لە 13-10-2020 لەلایەن هێزەکەوە گەمارۆدران و دەستگیرکران. یەک مانگ دواتر شەڕڤانەکان گوێزرانەوە رووها لە باکوری کوردستان و دادگایی کران.
شەڕڤانەکان لەلایەن تورکیاوە بەوە تۆمەتبارکران کە ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەن. سەرەتا شەڕڤانەکان دانیان بەوەدا نا کە سەر بە یەپەگەن، بەڵام دواتر گوتیان کە ئەندامی ئەو هێزە نین و لەبەر شڵەژان ئەو قسەیان کردووە.
مستەفا وەفا تاکە پارێزەری سێ شەرڤانەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، دادگای تاوانە قورسەکانی رووها رۆژی 11/12/2020 سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانی بەسەر هەرسێ شەڕڤانەکەدا سەپاند بە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی (وەکو ئاماژە بۆ یەپەگە). پارێزەرەکە گوتی، دواتر داواکاری گشتیی رووها سزاکەی رەتکردەوە و داوای سزای قورستری کرد. بۆیە هەمان دادگە لە 22-06-2021دا بڕیارەکەی گۆڕی بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی.
پارێزەری سێ شەڕڤانەکە گوتیشی، شەڕڤانەکان لەلایەن چەکدارە سووریەکانەوە ئەشکەنجەدراون و "کاتێک کە سوپای تورکیا شەڕڤانەکانی وەرگرت، ئەوانیش ئازاریان دان و لەژێر هەڕەشە گوتەیان لێوەرگرتن".
لە بەردەوامیی قسەکانیدا پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە شەڕڤانەکان پەیوەندییان بە یەپەگەوە نەبوو، بەڵام چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا رادەستی تورکیایان کردن. سێ شەڕڤانەکە پێیان گوتم کە سوپای سووریای ئازاد پێیان گوتبوون، ئەگەر پارەیان پێنەدەن ئەوا رادەستی تورکیایان دەکەن؛ لەبەرئەوەی هیچ پارەیان پێنەبوو، رادەستکران".
هێشتا بڕیاری کۆتایی دادگە بە نووسراو بڵاونەکراوەتەوە و تەنیا بە زارەکی بە پارێزەرەکە راگەیێندراوە. مستەفا وەفا گوتی، هەرکاتێک بڕیارەکە بە فەرمی بڵاوکرایەوە ئەوا تانەی لێدەدەن.
ئەنجوومەنی سەربازیی سریانی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، سەرکۆنەی بڕیارەکەی دادگەی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکات بۆئەوەی شەڕڤانەکانیان ئازادبکرێن.
رێکخراوی مافی مرۆڤ (HRW) لە راپۆرتێکدا لە مانگی شوبات رایگەیاند، تورکیا 63 هاووڵاتیی سووریی لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکردووە و گواستوونیەتەوە تورکیا.



