رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاند، قۆناخی هۆشداریدان کۆتاییهاتووە و لە رۆژی یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2026)ـەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، رێکاری یاسایی تووند دژی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەستپێدەکات کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کار لە کەرتی ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵەی دارایی دەکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی بانکی ناوەندی، بڕیارەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکرێت، بە شێوەیەک کە بەشی لێپێچینەوەی دادوەری لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریادا دەستدەکات بە دەستبەسەرداگرتنی سەرپێچیکاران، کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و رەوانەکردنیان بۆ دادگەی تایبەتمەند.
بانکەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم رێکارانە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بێ مۆڵەت کار دەکەن؛ چ ئەوانەی پێشتر ئاگادارکردنەوەی نووسراویان پێگەیشتووە بۆ رێکخستنی دۆخیان یان ئەوانەی ئاگادار نەکراونەتەوە، هاوکات هیچ دەرفەت و مۆڵەتێکی نوێش بە کەس نادرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە 24ی ساڵی 2006 و هەموارەکانی، ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی ئاڵوگۆڕی دراو یان حەواڵەکردن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی بنەڕەتی لە بانکی ناوەندی، قەدەخەیە و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزای دارایی و لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندیی سووریا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە تەنیا مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا و نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەن، بە مەبەستی پاراستنی ماف و پارەکانیان لە مەترسییەکانی فێڵکردن و چالاکییە داراییە نایاساییەکان، هەروەها لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و سەقامگیریی کەرتی بانکی و نەختینەیی وڵات.

