رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کوردی خەڵکی سەرێکانی کە خوێندکاری قۆناخی سێیەمی بەشی یاسایە، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا لە شاری دیمەشق رفێندرا؛ بە گوتەی خێزانەکەی، چەکدارەکان خۆیان وەک "ئاسایشی گشتی" ناساندووە و بڕێکی زۆر پارە و زێڕیشیان بردووە.
خێزانی کچەکە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەنگیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەیەنن و داوا دەکەن کچەکەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە. رۆژین محەممەد، ئامۆژنی کچە رفێندراوەکە، رۆژی چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژـی رووداو لەگەڵ وەهبە رۆمی، زانیاریی زیاتری لەبارەی رووداوەکە خستەڕوو.
رۆژین محەممەد گوتی: "ئێمە خەڵکی سەرێکانین؛ باوکی کچەکە بە مەبەستی کارکردن وەک شۆفێر چووەتە دیمەشق و خێزانەکەشی لەگەڵ خۆی بردووە، کە لە چوار کچ و کوڕێک پێکدێن. دوای ئەوەی باوک و کوڕەکە بەیانییان بۆ کارکردن لە ماڵ دەچنە دەرەوە، دەوروبەری کاژێر 8:00ـی بەیانی، چەند پیاوێک دەچنە سەر ماڵەکەیان و دەڵێن ئێمە لە ئاسایشی گشتییەوە هاتووین."
بە گوتەی مامۆژنی کچەکە، کاتێک دەرگەیان لێ کردوونەتەوە، دەرکەوتووە یەکێک لەو چەکدارانە دراوسێی ماڵەکەیانە کە رۆژێک پێشتر شەڕی لەگەڵ برای کچەکەدا کردبوو. ئەو دەڵێت: "چەکدارەکان زێڕ، پارە و هەموو شتەکانی ماڵەوەیان بردووە و دواتریش کچەکەیان رفاندووە. سەرەتا گوتیان دوای کاژێرێک یان دوو کاژێر کچەکە دەگەڕێنینەوە، بەڵام لە دوێنێوە هیچ سۆراخێکی نییە. رفێنەرەکان خەڵکی دێرەزوورن و ئێستا بە چەکەوە بە بەردەم پیاوەکانی ئێمەدا دێن و دەڕۆن، لە کاتێکدا ئێمە هیچ چەکێکمان نییە."
سەبارەت بە هەڵوێستی دەزگا ئەمنییەکان، رۆژین محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە "هەر لەو کاتەوەی کچەکە رفێندراوە، باوکی لە لای ئاسایشی گشتی سکاڵای تۆمارکردووە و ئاسایشی گشتی بە تەواوی ئاگاداری بابەتەکەیە."
کچە رفێندراوەکە تەمەنی "نزیکەی 25" ساڵە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە. وەک مامۆژنەکەی باسی دەکات: "پێشتر گوللـە بەر قاچی کەوتبوو، بەهۆیەوە قاچی بڕدراوەتەوە و ئێستا پەلی دەستکرد بەکاردەهێنێت."
لەبارەی چارەنووسی کچەکەیانەوە، خێزانەکەی لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵدان. رۆژین گوتی: "کاتێک تەلەفۆنیان بۆ دەکەین، دەڵێن کچەکە لای ئێمەیە و هەڕەشەمان لێدەکەن، دەڵێن 'ئێوە هیچتان پێناکرێت.' ئێمە نازانین داوای چی دەکەن و بۆچی کچەکەیان بردووە، تەنانەت ئەوەش نازانین کچەکەمان هێشتا زیندووە یان مردووە."
ئەو روونیشیکردەوە کە لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەیاندا، چەکدارەکان بڕێکی زۆر سەروەت و سامانی خێزانەکەیان دزیوە، کە پێکهاتووە لە "نزیکەی یەک کیلۆگرام زێڕ و 25 هەزار دۆلار کاش."


