رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێشتا بە فەرمی وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دەستبەکارنەبووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاش دەگرێتەوە. عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی کورد دامەزراندنی پێکهاتەیەکی جیاواز نییە لە سووریا، بەڵکو بوونە بە یەکێک لە پێکهاتە دامەزرێنەرەکانی سووریا بە ناسنامەی خۆیانەوە و فراوانکردنی دەستکەوتەکان بە گەرەنتیی دەستووری.
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵێکی تورکیا (Ilke TV) تیشکی خستە سەر قۆناخی نوێ و پرسە گشتییەکان. ئاماژەی بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارە کوردنشینەکانی سووریا کرد سەبارەت بە پەسەندکردنی زمانی کوردی وەک وانەیەکی هەڵبژێردراو و داواکارییەکان بۆ گەرەنتیی دەستووریی مافەکانی کورد.
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا، منداڵان لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ دەیانتوانی بە زمانی کوردی بخوێنن و گوتیشی، ئەو مافەی خوێندن بە زمانی کوردی کە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتەوە دانی پێدانراوە، لەچاو ئەو ئەزموونەدا هەنگاوێکە بۆ دواوە.
لەبەر زمانی کوردی هەفتەیەک دەستبەسەر کرام
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان بە رەوا دەزانێت و ئاماژەی بەوەدا کە پرسی زمانی کوردی تەنیا بە هەڵوێستی هەندێک لایەنی ناوخۆی سووریا لێک نادرێتەوە، بەڵکو هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەیە. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد لەسەر پاراستنی ئیرادەی خۆی لەبارەی زمانی دایکییەوە بەردەوام بێت.
عەبدی باسی لەوە کرد، لە سەردەمی منداڵیدا بەهۆی خوێندنەوە و نووسینی کتێبی کوردییەوە دەستگیرکراوە و گوتی، "کاتێک تەمەنم 13-14 ساڵان بوو، بەهۆی کتێبی کوردییەوە هەڵیانکوتایە سەرم و نزیکەی هەفتەیەک دەستبەسەر کراوم."
عەبدی دانپێدانانی سنووردار بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتی سووریادا دوای چەندین ساڵ، بە پێشهاتێکی مێژوویی وەسف کرد.
مافە دەستوورییەکانی کورد چییان بەسەر دێت؟
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، قۆناخی ئامادەکردنی دەستوور لە داهاتوودا بۆ کورد چارەنووسساز دەبێت، "هێشتا خشتەیەکی کاتی دیاریکراو نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا کۆمیسیۆنێکی ئامادەکاریی دەستوور پێکبهێندرێت."
ئەو سەرکردە کوردەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، خواستی خۆی نیشاندا کە نوێنەرانی کوردیش لەو کۆمیسیۆنەدا جێبگرن و ئاماژەی بە رێککەوتننامەکانی 10ـی ئادار و 29ـی کانوونی دووەم دا کە بڕیارگەلێک سەبارەت بە کورد و زمانی کوردی دراون و لە فەرمانە سەرۆکایەتییەکانیشدا مافەکانی کورد رێکخراوە.
عەبدی گوتی، بە هەمیشەییکردنی هەموو ئەم دەستکەوتانە، پێویستی بە گەرەنتیی دەستوورییە.
پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا کرد و گوتی، "ناتوانرێت بە جیا هەڵسەنگاندن بۆ پرسی کورد لە تورکیا و سووریا بکرێت، هەردوو دۆسیەکە ماوەیەکی درێژە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە."
عەبدی ئاماژەی بەوە دا، تورکیا لە رابردوودا هەسەدەی وەک بەشێک لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینی و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قۆناخێکی پڕ لە پێکدادان، بەڵام پرۆسەی چارەسەریی ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سووریاش هەیە.
جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا ئێستا "دەتوانێت بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا" و رایگەیاند، لە قۆناخی نوێدا کراوەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.
ئەرکە نوێیەکەی هێشتا دەستی پێنەکردووە
مەزڵووم عەبدی باسی لەوە کرد کە ئیلهام ئەحمەد بە بڕیاری سەرۆککۆمار کراوەتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا و خۆشی وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار دەستنیشان کراوە. ئەرکە نوێیەکانیان هێشتا بە فەرمی دەستی پێنەکردووە و دوای تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لە شام دەستبەکار دەبێت.
پاش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی لەگەڵ سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، گۆڕانکارییەکی گرنگ لە نەخشەی سیاسی و سەربازیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روویدا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی فراوانتردا هات کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی سووریا و یەکخستنەوەی دامەزراوەکان بوو. لە ئەنجامدا، مەزڵووم عەبدی، کە پێشتر وەک فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە شەڕی دژی داعش و دانوستانە سیاسییەکان، بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دەستنیشانکرا.
ئەم گۆڕانکارییانە قۆناخێکی نوێی لە سیاسەتی سووریا دەستپێکردووە کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر مافە دەستوورییەکانی کورد و پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بووەتە پرسێکی سەرەکی.


