رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دیمەشق دەستیکردووە بە لەنێوبردنی ئەو ماددە کیمیاییانەی لەلایەن رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاییەوە دەستنیشان کرابوون، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024 دادەنرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عولابی، لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکەی دەستیان بە لەنێوبردنی پاشماوە و مادە کیمیاییەکان کردووە و ئەمەش یەکەم هەنگاوی لەو جۆرەیە لە دوای، "رزگاربوونی سووریا لە رژێمی پێشوو".
پاراستنی گەلی سووریا و جیهان لە چەکی کیمیایی
باڵیۆزی سووریا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا گوتی، "ئامانجمان پاراستنی گەلی سووریایە تاوەکو چەکی لەو جۆرە نەکەوێتە دەستی هەڵەوە. ئێمە لە رێگەی ئەم کارانەوە ئاسایشی جیهان و ناوچەکەش دەپارێزین، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی هەر بنکەیەک و دەستنیشانکردنی هەر چەکێک، تەنیا نەهێشتنی مەترسییەکان نییە لەسەر سووریا، بەڵکو بۆ هەموو جیهانە."
حکومەتی پێشووی سووریا لەکاتی جەنگی ناوخۆی 13 ساڵەی سووریادا چەندین جار بە بەکارهێنانی گازی سارین و کلۆر دژی هاووڵاتییانی سڤیل تۆمەتبار کرابوو.
دوای رووخانی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا، حکومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق بەڵێنی هاوکاریی تەواوی دا بە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی تاوەکو وڵاتەکە لە چەکە کیمیاییەکان پاک بکاتەوە و گەرەنتیی ئاسایشی هەرێمی و جیهانی بکات.

