رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازییەکی گەرمی لە هەوڵەکانی سووریا کرد بۆ ئەوەی ببێتە رێڕۆیەکی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە لە جیاتی تەنگەی هورمز و لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "ئەمە نایابە! سووریا خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی هورمز پێشنیاز دەکات."
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تەنگەی هورمز بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخراوە و ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ سووریا رەخساندووە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێی، لەوانە هەرێمی کوردستان، کوێت، بەحرێن و قەتەر. رۆژی 2ی ئاداریش، تاران تەنگەی هورمزی داخست.
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20٪ی کۆی هەناردەی جیهان بوو لە رۆژێکدا، بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە بە تێکڕا رۆژانە کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی پێدا هەناردەکراوە.
پێنج هەزار تانکەر لە رۆژێکدا
ئێستا رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لە کێڵگەکان و پاڵاوگەکانی باشووری عێراقەوە بەناو بیابانە چۆڵەکانی سووریادا بەرەو دەریای ناوەڕاست هەناردە دەکرێن. ئەم پڕۆسەیە لە مانگی نیسانی رابردووەوە وەک ئەزموونێک لەلایەن هەناردەکارانی نەوتی عێراقەوە دەستی پێکرد بۆ دەربازبوون لەو گەمارۆیەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کەوتووەتە سەر تەنگەی هورمز.
ئێستا ئەم کاروانە بەردەوامەی بارهەڵگرەکان بووەتە نیشاندەری ئەوەی چۆن حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەیەوێت نەخشەی وزەی جیهان دابڕێژێتەوە.
پڕۆژەی بۆریی نەوتی شێڤرۆن؛ کۆتاییهێنان بە هورمز
لە مانگی تەممووزدا، ئیدارەی ترەمپ پشتیوانیی بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی کۆمپانیای شێڤرۆن راگەیاند، کە بونیادنانی بۆرییەکی نەوتە بۆ گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا لە بەسرەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا.
رۆژی 17ی تەممووزی ئەم ساڵ، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بۆڕییەکە رایگەیاند، ئەم بۆرییە وا دەکات تەنگەی هورمز ببێتە "دەرچەیەکی فەرامۆشکراو".
ئەم بۆرییە کە هەزار میل درێژە و تێچووەکەی 5.7 ملیار دۆلارە، لانیکەم دوو ساڵ و نیوی پێویستە بۆ تەواوبوون. هەرچەندە ناتوانێت بە تەواوی جێگەی کەشتییە زەبەلاحەکان بگرێتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا رێگەی هەناردەکردن هەمەجۆر دەکات.
بەرژەوەندییە هەرێمییەکان و کێبڕکێی ڕێڕەوەکان
سووریا تەنیا وەک رێڕەوی نەوت سەیری خۆی ناکات؛ ئەحمەد قەباجی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی سووریا دەڵێت، گفتوگۆیان لەگەڵ قەتەر کردووە بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکە بۆ ئەو وڵاتە و گواستنەوەی گازی سروشتی. هەروەها کوێت و بەحرێنیش ئارەزووی بەستنەوەیان بەم رێڕەوەوە هەیە.
پسپۆڕان دەڵێن، تەنانەت سعودیەش کەوتووەتە ناو پرسەکەوە؛ چونکە دوای داخرانی هورمز رووی لە دەریای سوور کرد، بەڵام لەوێش حووسییەکانی یەمەن هەڕەشە لە کەشتییەکان دەکەن، بۆیە رێگەی دەریای ناوەڕاست لە رێی سووریاوە دەبێتە باشترین بژاردە بۆ هەمووان.
ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی وەبەرهێنان
سەرەڕای گەشبینییەکان، وەبەرهێنان لە سووریا بێ مەترسی نییە. ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی نوێی سووریا، هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیدا نەکردووە و شانە نوستووەکانی داعش بەردەوامن لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان.
بۆرییەکە دەبێت بەناو رۆژئاوای عێراقدا تێپەڕێت کە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانە. گابریێل میتچڵ شارەزای وزە دەڵێت، "دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەم بۆرییە گەورەترین ئاڵەنگارییە، چونکە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی هێرشی چەکداریدایە."
وێرانییەکانی جەنگ و پاشماوەی رژێمی پێشوو
گەشتکردن بە درێژایی رێگەی بۆرییەکە، وێرانکارییەکانی 14 ساڵ جەنگی ناوخۆی سووریا نیشان دەدات. لە نزیک سنووری عێراق، وێستگەیەکی گەورەی دەرهێنانی نەوت کە لە ساڵانی پەنجاکان دروستکرابوو، ئێستا بووەتە کەلاوە.
ئەحمەد ئەلحودر، بەرپرسێکی نەوت لە کێڵگەی نەوتی عومەر دەڵێت، کێڵگە نەوتییەکان بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن لە سەردەمی داعش و کوردەکاندا زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئێستا تەنیا یەک لەسەر دەی ئاستی پێش جەنگ نەوت بەرهەم دەهێنن. ئەو دەڵێت: "سووریا کێشەی شارەزایی نییە، کێشەی وەبەرهێنان و ئامێری پێشکەوتووی هەیە."
سووریا وەک چوارڕیانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەرپرسانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، پێگەی جوگرافیی وڵاتەکەیان گەورەترین سامانیانە. دیمەشق و حەلەب سەدان ساڵ پێش دۆزینەوەی نەوت، ناوەندی بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بوون.
ئێستا سووریا رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و سعودیە واژۆ کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی سەردەمی عوسمانییەکان تاوەکو ئەورووپا بە دەریای سوورەوە ببەستنەوە. ئەبو ئەحمەد، ئەفسەرێکی ئەمنی کە پێشتر چەکداری سوپای ئازاد بووە ئێستا لە بازگەیەکدا چاودێری هاتوچۆی بارهەڵگرەکان دەکات و دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا هەموو شتێک کۆتایی هات، ئێمە ئێستا لە چەقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین."

