رووداو دیجیتاڵ
تورکیا و سووریا هەنگاوێکی نوێیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکانیان نا و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ گەڕان، پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی کانزای "فۆسفات" واژۆ کرد. وەزیری وزەی تورکیاش دەڵێت، هەناردەی کارەبا بۆ سووریا سێ هێندە زیاد دەکات.
رۆژی چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، لە رێوڕەسمێکدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، رێککەوتنەکە لە نێوان فەرمانگەی گشتیی لێکۆڵینەوە و گەڕانی کانزاکانی تورکیا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زەویناسی و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا واژۆ کرا. ئامانج لەم هەنگاوە، لادانی بەربەستەکانی بەردەم کاری هاوبەش و سوودوەرگرتنە لە سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی فۆسفات لە سووریا.
ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەرفەتێکی گەورە بۆ کاری هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
بایراکتار ئاشکرای کرد: "ئەم رێککەوتنە رێگە بە تورکیا دەدات بەشداری بکات لە بەرهەمهێنانی فۆسفات لەو ناوچانەی سووریا کە بەو کانزایە دەوڵەمەندن، هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا کارکردنی هاوبەش لە کێڵگە کانزاییەکانی ئاسن لە دەوروبەری پارێزگای حەلەب دەستپێدەکات."
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی سووریا. راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا، پرۆژەی هێڵی کارەبای بیرەجیک لە پارێزگای رووها (باکووری کوردستان) بۆ حەلەب دەکەوێتە کار، بەمەش قەبارەی هەناردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ سووریا سێ هێندە زیاد دەکات."
سووریا یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەن یەدەگێکی زۆری فۆسفاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. تورکیا پێویستییەکی زۆری بەم کانزایە هەیە بۆ پیشەسازیی پەینی کیمیایی و کەرتی کشتوکاڵ، بۆیە دەیەوێت ئەزموونی کۆمپانیاکانی لە سووریا بخاتەگەڕ. لە بەرامبەریشدا، سووریا دەیەوێت سوود لەو کانزایە وەربگرێت وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی.



