رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە شاری ئەستەنبووڵی تورکیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق کۆبووەوە و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی سزاکانیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە کە رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەم دیدارەدا هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەروەها پێداچوونەوەیان بۆ دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ دۆخی ئابووریی سووریا؛ شەیبانی و باراک باسیان لە کارە لەپێشینەکان بۆ بووژانەوەی ئابووری کردووە، لەوانەش پڕۆسەی تەواوکردنی هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بەسەر سووریادا سەپێنراون.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی خێراکردنی چەرخی ئاوەدانکردنەوە لە سووریا کردووەتەوە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی نوێی سووریا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە بەهۆی ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە دروست بوون.
ئاداری 2011، نارەزایەتییەکانی خەڵکی سووریا دەستیانپێکرد و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا دروستبوو. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕەکەوە لانیکەم 13 ملیۆن کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. حەوت ملیۆنیان چوونە دەرەوەی سووریا.
کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی ئێستای وڵاتەکە هێرشیان کردە سەر دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.


