رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا وردەکاریی دەستگیرکردنی شانەیەکی "مەترسیدار"ی داعشی لە پارێزگای قونەیترە ئاشکرا کرد، کە لەنێویاندا "والی پێشووی دیمەشق" هەیە. هاوکات وەزارەتەکە داوای لێبووردنی لەو کەسانە کرد کە بە "هەڵە" لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە سەرکردایەتیی ئەو شانەیەی لە شارۆچکەی (خان ئەڕنەبە) دەستگیرکراوە، لەلایەن کەسێکەوە بووە بەناوی (موسعەب خەلیل شێخ).
موسعەب یەکێک بووە لە سەرکردە "دیارەکانی" داعش و پێشتر چەندین پۆستی باڵای لەنێو رێکخراوەکەدا هەبووە، لەوانە: والیی دیمەشق، بەرپرسی ئەمنیی دیمەشق و بەرپرسی سەربازیی ناوچەکانی باشوور. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو لەژێر فەرمانی سەرکردەیەکی دیکە بەناوی (مەحموود شەحادە عەلی) ناسراو بە (شەداد) کاریکردووە. هەروەها هەریەک لە (سوهەیب وائیل شێخ) و (مووسا هاشم مستەفا) وەک ئەندامی چالاکی ئەو شانەیە ناسێندراون.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا دانپیانانی بەوەدا نا کە ژمارەیەک هاووڵاتی تەنیا بەهۆی "پەیوەندیی خێزانییەوە" لەگەڵ سەرکردەی شانەکە گومانیان لێکراون و دەستگیرکراون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بێتاوانییان سەلمێندراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییەکانی داعشەوە نەبووە."
ئەو کەسانەی کە بێتاوانییان سەلمێندرا و ئازاد کران بریتین لە: (عادل عەبدوڵڵا سەعید، محەممەد عادل سەعید، مستەفا عادل سەعید، بەیان خالید میسری، ماهیر عوسمان ئەسعەد و عامر ئیبراهیم سەید).
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە فەرمی داوای لێبووردنی لەو کەسانە و خێزانەکانیان کرد بۆ ئەو ماوەیەی کە دەستبەسەر کرابوون و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی "ماف و کەرامەتی هاووڵاتییان" لە پێشینەی کارەکانیاندایە.


