فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی سووریا کردووە و لەبارەی چەندین پرسی گرنگ گەیشتوونەتە رێککەوتن. مەزڵووم عەبدی نووسیویەتی، "شەرەفمەند بووم بە پێشوازیکردن لە بەڕێز زیاد عایش، نێردەی سەرۆکایەتی و بەڕێز عەواد جاسم، فەرماندەی فەیلەقی دوو. لە دیدارەکەدا، گفتوگۆمان لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی گرنگەوە کرد کە پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای حەسەکەوە." فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە "چارەسەرکردنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، دۆسیەی ئاوارەکان و هەروەها خێراکردن و تەواوکردنی پرۆسەکانی یەکخستن" کردووە. مەزڵووم عەبدی لە پۆستەکەیدا دەڵێ، "گەیشتینە چەندین چارەسەر و هەستمان بە کەشێکی ئەرێنی و هەنگاوی جیدی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە بکات."