رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە دیمەشقە و لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکان، پرسی زیندانییانی داعش، ئاوارەکانی کەمپی هۆڵ و بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە راگەیێدراوێکدا دەڵێت، دیدارەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و مەزهەر ئەلوەیس، وەزیری دادی سووریا بەڕێوەچووە و تێیدا هەردوولا باسیان لە رێگەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان کردووە لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا، جگە لە تاوتوێکردنی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوو وڵات.
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 5704 زیندانیی داعشی لە سووریاوە گواستەوە بۆ عێراق کە ژمارەیەکیان بیانین.
مەزهەر عەبدولڕەحمان، وەزیری دادی سووریا رایگەیاند، لەگەڵ شاندە دادوەرییەکەی عێراق رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی و پسپۆڕ، بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی زیندانییانی داعش لە عێراق.
وەزیری دادی سووریا گوتی، "ئەم سەردانە ئاسۆیەکی نوێ لە هاوکاریی یاسایی دەکاتەوە و کار دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو کە لەگەڵ بنەماکانی سەروەریی یاسا و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا بگونجێت."
هاوکات لەیس جەبر، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بەو دەستگیرکراوە سووریانەی کە عێراق لە کەمپی هۆڵەوە وەریگرتوونەتەوە. لەیس جەبر گوتی، "ئەم کەسانە لە عێراق لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەموو گەرەنتییە یاساییەکانیان بۆ دابینکراوە، رێککەوتووین لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دادگەییەکانیان."
وەزیری دادی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هەبوونی سنوورێکی گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، "پێویستییەکی زۆر" بە هاوئاهەنگی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی رێکخراو و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر. گوتیشی: "تیمی تەکنیکیی هەردوولا دەستیان بە ئاڵوگۆڕی زانیاری کردووە بۆ ئەوەی بگەینە قۆناخی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی دادوەریی هەمیشەیی."
میدیای فەرمیی عێراق دەڵێت، شاندی عێراقی و بەرپرسانی سووریا رێککەوتوون کە لە تەواوی کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییە یاساییەکاندا، هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوانیاندا هەبێت.


