رووداو دیجیتاڵ
تیپە جوان و سەرنجراکێشەکەی ئیتاڵیا و ئەورووپا لە یاریگای خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت چوارەم بردنەوە تۆماربکات، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند بەردەوامبێت.
یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، ئەو تیپەی لەژێر سەرپەرشتی سێسک فابریگاس، لەم وەرزەدا هەمووانی بە ئاست و ئەنجامە باشەکانی سەرسامکردووە، یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و میوانداریی ئایک ئەسینای یۆنانی دەکات.
کۆمۆ لە چوار یاریی ئەم وەرزەدا سێ یاریی بردووەتەوە، 19 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لە دوای پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
بردنەوە مێژووییەکەی یاریی رابردوویان لە چامپیۆنزلیگ بە 9-1 بەرامبەر لانسی فەرەنسی، نێوبانگی کۆمۆی زیاتر بە جیهاندا بڵاوکردەوە و ئێستا هەمووان بە چاوێکی دیکەوە سەیری ئەم تیپە دەکەن.
کۆمۆ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەویان هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیکدەبنەوە، کە ئەگەر ئەوە رووبدات دەبێتە یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا.
کۆمۆ لەم وەرزەدا دوو یاریی لە یاریگای خۆی ئەنجامداوە، لە هەردوو یارییەکەدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەمە سێیەم یارییانە لە یاریگای خۆیان.
ئایک ئەسینا لە دوایین سێ یاریی چامپیۆنزلیگدا دۆڕاوە، لەو سێ یارییەدا 11 گۆڵی لێکراوە، تیپەکە تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، بەڵام لە هەر چوار یارییەکەی ئەم وەرزەدا گۆڵی لێکراوە.
تیپە یۆنانییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و ئەرکیان ئاسان نابێت، بە دۆڕان لە یارییەکەشدا زیاتر لە ماڵئاواییکردن نزیکدەبێتەوە.




