رووداو دیجیتاڵ
حوسام سەید، راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ یەکەم یەکەی مەشق و راهێنانی لەگەڵ تیپەکە ئەنجامدا، و لە پەیامێکی توونددا بە یاریزانەکانی راگەیاند پێویستە 100٪ـی ئاستی خۆیان پێشکێش بکەن، چونکە هیچ یاریزانێک لە لۆگۆی یانەی زاخۆ گەورەتر نییە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، راهێنەرە سورییەکە لە یەکەم وانەی تیۆریدا سەرنجی لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆبوون و بەخشینی جۆش و خرۆش بە پێکهاتەی تیپەکە چڕکردووەتەوە. حوسام سەید بە هێمنی و متمانەوە یاریزانەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە هەر یاریزانێک نەتوانێت ئاستی خۆی بەرەوپێش ببات لە پێناو لۆگۆی یانەکەدا، ئەوا لە ریزەکانی زاخۆدا جێگەی نابێتەوە.
راهێنەری نوێی زاخۆ بە راشکاوی بە یاریزانەکانی گوتووە کە هیچ ئەستێرەیەک لەسەرووی یانەکە نییە و دەبێت هەمووان وەک یەک خێزان کاربکەن، تەنانەت ئەو یاریزانەی بەشداری لە یارییەکەشدا ناکات پێویستە بە دڵ و گیان لەگەڵ تیپەکەدا بێت. حوسام سەیدی، لە کاتێکدا پاڵپشتیی تەواوی دەستەی راهێنەرانی بۆ یاریزانەکان دووپاتکردەوە، هاوکات هۆشداریی لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی رابردوو پێداون تاوەکو دۆخی خۆیان رێکبخەنەوە، هەروەها دووپاتیکردەوە کە پێگەی ئێستای یانەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق شوێنی ئەو یانەیە نییە و ئاستی زاخۆ زۆر لەوە بەرزترە.
لە یەکەم مەشقی تیپەکەدا، عەلی جاسم، بەتەنیا مەشقی کردووە و و مستەفا سەعدوون بەهۆی پێکان بەشداریی لە راهێنانەکان نەکردووە، ئاکام هاشم بەهۆی پەیوەندیکردنی بە کەمپی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی مەشقی نەکردووە، بەڵام سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکان ئامادەی مەشقەکان بوون و بۆ یاریی داهاتووی یانەکە بەرامبەر یانەی شورتە ئامادە دەبن.




