رووداو دیجیتاڵ
حوسام سەیدی راهێنەری سوری، وەک راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ بەمیدیاکان ناسێنرا و ئەو راهێنەرە لە یەکەم پەیامیدا گوتی، لێکۆڵینەوەم لەسەر دۆخی زاخۆ کردووە، کەموکورتییەکانی دەزانم، باسی لە یاریزانانی یانەکە کرد و گوتی، ئەستێرەبوون بەناو نییە، بەقوربانیدانە بۆ تیپەکە، نابێ هیچ یاریزانێک خۆی لەسەرووی تیپەکەوە ببینێت.
بەمنزیکانە زاخۆیەکی باشتر دەبینن
سەید، کە ئێوارەی دوێنێ گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ وەک راهێنەری زاخۆ دەستبەکاربوو، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا دووپاتیکردەوە کە، "زاخۆ یانەیەکە جەماوەرێکی زۆر گەورەی هەیە، کارگێڕییەکی باش و ژمارەیەک یاریزانی باشی هەیە، بێگومان شوێنی ئیستای یانەکە، شایستەی ناو و پێگەی یانەکە نییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، دەزانم هاندەرانی زاخۆ ئاشقی یانەکەیانن، شایستەی ئەوەن کە تیپێکی رکابەریان هەبێت، هەروەها تیپێکی هەبێت لە تیپە پێشەنگەکانی خولەکە".
راهێنەرە نوێیەکەی زاخۆ هەرزوو بەڵێنی گۆڕانکاریی بەرچاوی لە ئاستدا، بەهاندەرانی یانەکەیدا، "ئێمە بەڵێن بەهاندەرەکانمان دەدەین، لەماوەی داهاتوودا، پشتبەخوا یانەیەکی زاخۆی جیاواز دەبینن، تیپەکە پێویستی بەئارام لەسەرگرتنە، یانەکە پێویستی بەپشتگیری و هاندانی هاندەران هەیە، پشتبەخوا لە قۆناخی داهاتوودا کارەکان باش دەبن".
ئاگام لە کێشەکان هەیە
سەید کە دەبێتە سێیەم راهێنەری یانەی زاخۆ لە وەرزی ئەمساڵدا، پاش هەریەکە لە لاورێد بانید، کە لەسەرەتای وەرزدا مەشقدانی یانەکەی وەرگرت، پاشان تەڵاڵ بلووشیی قەتەری بووە شوێنگرەوەی، دەڵێ دەزانم کار لەسەر چیدەکەم، "ئێمە دۆخی تیپەکەمان دەستنیشانکردووە، ئەو شوێنانەی کێشەیان هەیە، هەروەها خاڵە پۆزەتیڤەکان، پشتبەخوا لە رۆژانی داهاتوو، کارەکان باش دەبن و شایستەی ناو و پێگەی یانەی زاخۆ دەبن".
راهێنەرەکەی زاخۆ، وایداناوە کە خراپیی ئەنجامەکانی تیپەکە، بەشێکن لە ورە دابەزینی یاریزانەکانی، هەربۆیە ئەو دەیەوێت کار لەسەر باشترکردنی لایەنی دەروونیی یاریزانەکانی بکات، سەید دەڵێ، "سەبارەت بە یاریزانان، خراپیی ئەنجامەکان، متمانەی یاریزانان بەخۆیان کەمدەکاتەوە، دەکەونە قۆناخی گومانەوە، ئێمە دەمانەوێت کار لەسەر ئەو دۆخە بکەین، دەمانەوێت لەم ماوەیەدا کار لەسەر لایەنی دەروونیی یاریزانەکان بکەین، ئەمە جیا لە هەندێک لایەنی تەکتیکی، کات یارمەتیدەرمان نییە، ئێمە دەبێ خۆمان بۆ یاریی رۆژی هەینی ئامادەبکەین، پێویستمان بەکارکردنی زۆر باشی لایەنی دەروونی هەیە لەگەڵ کەمێک کاری تاکتیکیی ئاسان، دۆخی جەستەیی ئێستا ناتوانین هیچی لەگەڵدا بکەین، بۆیە لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکەین".
راهێنەری نوێی زاخۆ لە کاتێکدا مەشقدانی تیپەکە وەردەگرێت کە یانەکە، لە پلەی 15ی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، لە کۆی 13 یاری، تەنیا 3 بردنەوەی هەیە، بەرامبەر 4 یەکسانبوون و 6 دۆڕان.
جۆشوخرۆشەکە دەگوازمەوە
ئەو راهێنەرە ئامانجی خۆی لە کارکردن لەگەڵ زاخۆ، بەوە دەستنیشانکردووە، کە سەرەتا کار بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی تیپەکە دەکات، ئەو دەڵێ ئامانجەکەم روونە، "لەبارەی ئامانجمانەوە، ویستی باشتربوون مافی هەمووانە، من لە هەر شوێنێک بم، دەمەوێت جێپەنجەیەکی باش بەجێبهێڵم، ویستم هەیە و ویستی گەورەم هەیە، دەمەوێت ئاستی تیپەکە بەرز بکەینەوە و یانەکە بگەیەنینە ئەو شوێنەی کە شایستەیەتی، بێگومان هەوڵدەدەم وابکەم ئەمە لە یاریزانەکانیشدا رەنگ بداتەوە، چونکە جۆشوخرۆش و ویستی من، رەنگدانەوەی لەسەر یاریزانانیش دەبێت".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا، لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاریکردن و هێنانی یاریزانی نوێ، راهێنەری زاخۆ دەڵێ، "قسەکردن لەبارەی هێنانی یاریزانانەوە ئیستا زووە، پاشئەوەی قۆناخی یەکەم تەواو دەبێت، بێگومان هەڵسەنگاندن دەکەین، ئەو یاریزانەی شایستەیە و دەتوانێت خزمەتی ئامانجەکانی زاخۆ بکات دەکرێ بمێنێتەوە، ئەو یاریزانەشی خزمەت نەکات، دەکرێ بڕوات. بەڵام تاوەکو ئێستا، هیچ بیرۆکەیەکمان لەسەرئەوە نییە و بۆ قۆناخی نزیکی داهاتوو، تەنیا کار لەسەر ئەو یاریزانانە دەکەین کە بەردەستن بەشێوەیەک کە شوێنی یانەکە لە ریزبەندییەکەدا باشتر بکات و ئاستی یانەکە بەرەو پێش ببات".
حوسام سەید، پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی سووریا، بووەتە پاڵەوانی جامی رۆژئاوای ئاسیا. لە وەرزی 2014 ـ 2015 لەگەڵ یانەی مینا پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێناوە.
زاخۆ ناسنامە و کەسایەتی لەدەستداوە
ئەو راهێنەرە، پێیوایە یانەی زاخۆ کێشەی لە لەدەستدانی ناسنامە و کەسایەتیدا هەیە و دەڵێ، "تیپەکە ناسنامە و کەسایەتی لەدەستداوە، ئێمە ئێستا و لەم ماوەیەدا هەوڵدەدەین ئەو کەسایەتییەی بۆ دروست بکەینەوە، هەروەها ئەو ناسنامەیەی بۆ دروست بکەینەوە، کە شایستەی ناوی زاخۆیە، دەزانین کە هاندەران ئەم ماوەیە کەمێک لە تیپەکە دوورن، بەڵام ئەم ماوەیەی پێویستمان بەپشتگیری و هاندانی هاندەران هەیە، پێویستمان بەهاندانی ئەوان هەیە چونکە ئەمە تیپی ئەوانە، شایستەی ئەوەیە لەگەڵیدابین، بێگومان دەزانین کە دۆخی تیپەکە پۆزەتیڤ نییە، بەڵام پشتبەخوا ئەوەی کە دێت باشتر دەبێت".
زاخۆ لە هاوینی رابردوودا، لەگەڵ کارگێڕیی و سەرۆکی نوێی یانەکە، بەخەون و ئومێدی گەورەوە رووی لە رکابەرییەکانی خولەکە کرد. تیپەکە بەهۆی خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و کڕینی چەندین ئەستێرەی خولەکەوە، ئومێدی رکابەریکردن لەسەر نازناوەکەی دەخواست، بەڵام ئەنجامەکان نەک هەر لە ئاستی پێشبینییەکاندا نەبوون، بەڵکو زۆر دوور لەوە کەوتنەوە کە چاوەڕێ دەکرا.
پەیام بۆ ئەستێرەکانی زاخۆ
خەرجییە زۆرەکانی یانەی زاخۆ لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا وایکرد، تیپەکە بە'تیپی ملیاری' ناوببرێت، بەڵام ملیارییە خەرجییەکانی زاخۆ، ئامانجەکەیان نەپێکا، ئەوەش بەبڕوای هەندێک لە هاندەرانی یانەکە و شرۆڤەکاران، بۆ کۆکردنەوەی ئەستێرەکان لە تیپەکەدا دەگەڕێنەوە.
حوسام سەید لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی خۆیدا، هەڵوەستەی لەسەر یاریزانانی تیپەکەی کردەوە و گوتی، "تۆپی پێ بەگشتی بەئومێدخواستنەوە بەدی نایەت، بێگومان تۆپی پێ، پێویستی بەکارکردن، قوربانیدان و خۆماندووکردنە. تۆپی پێ پاداشتی ئەوانە دەداتەوە کە قوربانیی بۆ دەدەن".
کاتێک پرسیار لەبارەی ئەستێرەکانی زاخۆوە لە راهێنەرە نوێیەکەی یانەکە کرا، ئەو گوتی، "ئەستێرەبوون بەبەخشینە، بەناو نییە. ئەو بیردۆزەیە ناخوات، تاک لەسەرووی کۆمەڵەوە بێت، یان یاریزانێک وابزانێت لەسەرووی یانەکەوەیە، من ئێستا پەیامێک دەنێرم و دەزانم زۆر کەس گوێیان لێیەتی، یانە لە هەمووان گەورەترە و بنەماکە یانەیە، یاریزان، فەرمانبەری یانەیە، یاریزان گرێبەستی لەگەڵ یانە هەیە و هاتووە بۆ ئەوەی پارە وەربگرێت، هەروەکچۆن ئەو مافی بەسەر یانەکەوە هەیە و دەبێ پارەی بداتێ، بەهەمان شێوە یانەش مافی بەسەریەوە هەیە و دەبێ ئەوە پێشکەش بکات کە لێی داوا دەکرێت. بەڵام بەتەنیا ناوەکەی نابێتە قەڵخان بۆی، پێوانە لای من ئەوەیە کە چی دەبەخشێت".
حوسام سەید بڕیارە هەر ئەمڕۆ دوای یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانانی یانەکە، سەرپەرشتی یەکەم مەشقی تیپەکەی بکات، کە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شورتە لە نێو یاریگای زاخۆ، لە گەڕی 14ی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە دەکات.




