رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، مانگێکی پڕ لە یاریی زەحمەت و خشتەیەکی قەرەباڵخی یاریی لە دوای یاریی، چاوەڕێیان دەکات لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، پاشئەوەی دەست بەمەشقەکانیان دەکەنەوە.
خشتەی یارییە زەحمەت و قورسەکانی هەردوو یانە، لە گەڕی داهاتووی لالیگاوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت. یارییەکان تاقیکردنەوەی قورس دەبن بۆ هەردوو یانە، لەکاتێکدا هەوڵی بەردەوامبوون لەسەر توانای رکابەری، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ئەورووپی دەدەن.
مانگێکی پڕ لە هاتووچۆ
هەردوو یانە، بارسای پێشەنگی لالیگا و ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندییەکە، هەریەکەیان لە سێ پاڵەوانێتی جیاوازدا و تاوەکو کۆتایی ساڵ، 9 یاریی جیاواز ئەنجامدەدەن لە کۆی ماوەی 29 رۆژدا.
هەردوو تیپ و هاندەرەکانیان، ویستی بەردەوامبوون لەسەر هەمان ریتمی ئێستای تیپەکانیان هەیە، لە کاتێکدا هیواخوازن لانیکەم، لە رکابەرییکردن لەسەر نازناوی لالیگا بەردەوام بن و هەلی گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، درێژە پێبدەن، لە رێگای کۆتایی هێنان بە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، لە نێو هەشت تیپەکەی یەکەمی ریزبەندی گشتیی قۆناخی خولدا.
رۆژنامەی 'سپۆرت' مانگەکەی بەمانگی داستانەکان ناوبردووە، ئەوەش بەهۆی قورسیی رکابەری و نزیکیی کاتی ئەنجامدانی یارییەکان و کەمیی ماوە، بۆ شیاندنەوە و پشووی یاریزانان.
رۆژنامەکە وایداناوە کە هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ریال مەدرید، لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدا دەبن، کە بریتین لە بەڕێوەبردنی ئەو خولەکانەی لەبەردەستیاندان بەباشترین شێوە، هەروەها پاراستنی یاریزانەکانیان لە ماندووبوون و تووشبوون بە پێکان لە قۆناخە سەختەکەدا.
یارییەکانی بارسێلۆنا
بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگا، زنجیرەی یارییەکانی بە رووبەڕووبوونەوەی ڤیاڕیال لەسەر یاریگای خۆی، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات، ماراسۆنەکەی بە رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیداد لەسەر هەمان یاریگا، لە رۆژی 20ی مانگی 12دا، کۆتایی پێدەهێنێت.
لەو ماوەیەدا، بارسا ژمارەیەک یاریی بەهێزی تاقەتپڕوکێن چاوەڕێی دەکات، دیارترینیان رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێت لە لالیگا، هەروەها مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ.
بارسا لە گەشتە درێژەکەدا، 5 یاریی لەسەر یاریگای خۆی و چوار یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجامدەدات، یەکێک لە یارییەکان لە گەڕی 32ی جامی شای ئیسپانیا دەبێت، کە هێشتا رکابەرەکەی دیار نییە.
بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 33 خاڵ، پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیای گرتووە، لە کاتێکدا لە چامپیۆنزلیگ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی گشتییە و سێ خاڵ لە هەریەکە لە پاریس سانجێرمان و ریال مەدریدی پێشەنگانی خولەکەوە دوورە.
خشتەی یارییەکانی بارسێلۆنا
بارسێلۆنا - ڤیاڕیال 11/22 گەڕی 13ی لالیگا
سەباح - بارسێلۆنا 11/25 گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ
دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا - بارسێلۆنا 11/29 گەڕی 14ی لالیگا
بارسێلۆنا - ئاتلێتیکۆ مەدرید 12/2 یاریی پێشخراوی گەڕی 23ی لالیگا
بارسێلۆنا - سێلتاڤیگۆ 12/5 گەڕی 15ی لالیگا
بارسێلۆنا - مانچێستەر سیتی 12/8 گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ
مەلەگە - بارسێلۆنا 12/13 گەڕی 16ی لالیگا
قۆناخی 32ی جامی شای ئیسپانیا، رۆژی 16 یان 17ی مانگی 12
بارسێلۆنا - ریال سۆسیداد 12/20 گەڕی 17ی لالیگا
یارییەکانی ریال مەدرید
یانەی ریال مەدرید لای خۆیەوە، زنجیرەی یارییە تاقەتپڕوکێنەکانی بە رووبەڕووبوونەوەی سێلتاڤیگۆ لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەستپێدەکات، بەرلەوەی مانگە درێژەکە بە یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا لەسەر یاریگای ریازۆر لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو، کۆتایی پێبهێنێت.
ئەرکی ریال مەدرید لە خشتە و لە لالیگادا قورسترە، بەراورد بە بارسێلۆنا، لەبەرئەوەی یانەکە، دوو یاریی زەحمەتی لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر هەریەکە لە ریال سۆسیداد و ئاتلێتیک بیلباو هەیە، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکی قورسە بۆ تیپەکە، لە نێوجەرگەی ئەو یارییە بەهێزانەدا، کە لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجامیان دەدات.
دوای ئەو دوو یارییە قورسە، ریال مەدرید ناچارە بچێتە لەندەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ، لە یارییەکی دیکەی تاقەتپڕوکێندا، بەڵام ئەمجارەیان لە چامپیۆنزلیگ، کە رکابەرێکی راستەوخۆی ریال دەبێت لە ریزبەندی کۆتایی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا.
لە مانگە سەختەکەدا، ریال مەدرید چوار یاریی لەسەر یاریگای خۆی و 5 یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجامدەدات، لە نێویاندا یارییەک لە قۆناخی 32ی جامی شای ئیسپانیا، کە هێشتا رکابەرەکەی ریال مەدریدی تێدا دیار نییە.
ریال مەدرید پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە، بە 30 خاڵ، لە کاتێکدا لە چامپیۆنزلیگ، هاوشانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، 12 خاڵی لە یەکەمین چوار یاریی قۆناخەکەدا کۆکردووەتەوە.
یارییەکانی ریال مەدرید
ریال مەدرید - سێلتاڤیگۆ 11/21 گەڕی 13ی لالیگا
ریال مەدرید - ئایندهۆڤن 11/14 گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ
ریال مەدرید - دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس 11/28 گەڕی 14ی لالیگا
ریال سۆسیداد - ریال مەدرید 12/2 یاریی پێشخراوی گەڕی 23ی لالیگا
ئاتلێتیک بیلباو - ریال مەدرید 12/6 گەڕی 15ی لالیگا
ئارسیناڵ - ریال مەدرید 12/9 گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ
ریال مەدرید - ئۆساسۆنا 12/13 گەڕی 16ی لالیگا
قۆناخی 32ی جامی شای ئیسپانیا، رۆژی 16 یان 17ی مانگی 12
دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا - ریال مەدرید 12/20 گەڕی 17ی لالیگا




