رووداو دیجیتاڵ
وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دەرگای بەڕووی داهاتە بازرگانی و بازاڕگەرییەکانی هەڵبژاردەکەدا کژدەوە، پاشئەوەی لە دوو دەیەی رابردوودا، رۆناڵدۆ بەهۆکاری سەرەکی، راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ سەر هەڵبژاردەکە دانرا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەفتەی پێشوو وازهێنانی لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال راگەیاند. هەڵبژاردەکە لە یەکەم دەرکەوتنی بێ کاپتنە مێژووییەکەیدا، دووچاری شکستێکی قورس بوو لەسەردەستی هەڵبژاردەی دانیمارک، لە گەڕی پێنجەمی نەیشنسلیگ، بەوەش شەوی ماڵئاواییکردن لە کاپتنی هەڵبژاردەکە، شەوێکی خەمهێن بوو، بۆ پۆرتوگالییەکان.
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، راپۆرتێکی پەیمانگای بازاڕگەریی پۆرتوگال دەریدەخات، بەهای بازرگانیی و بازاڕگەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەیشتووەتە 850 ملیۆن یۆرۆ، ئەوەش قەبارەی کاریگەرییە بازرگانییەکانی ئەو ئەفسانەیە لەسەر هەڵبژاردەکە لە دوو دەیەی رابردوودا، دووپاتدەکاتەوە.
زیانە دواخراوەکان
پیدرۆ دیۆنیسیۆ، بەڕێوەبەری پڕۆگرانی لێکۆڵینەوە باڵاکان لە بەڕێوەبردنی بازاڕگەریی وەرزشی، لە پەیمانگای بازاڕگەریی پۆرتوگال ئاشکرایکردووە، کاریگەریی گەورەی وازهێنانی رۆناڵدۆ لە داهاتووی نزیکدا لەسەر هەڵبژاردەکە دەرناکەوێت، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا زۆر دیار دەبێت.
دیۆنیسیۆ هەروەها دەڵێ، بۆ داهاتووی نزیک، کاریگەرییەکە سنووردارە، ئەوەش لەبەرئەوەی گرێبەستی سپۆنسەرەکانی هەڵبژاردەکە تاوەکو ساڵی 2030 دەبن، هەروەها کاریگەرییەکە زۆر گەورە نابێت، لە ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی هەڵبژاردەکە لە نێو پۆرتوگال، بەڵام رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر فرۆشی بەرهەمە بازرگانییەکانی هەڵبژاردەکە دەبێت.
ئەو هەروەها دەڵێ، دابەزینی بەهای گرێبەستەکانی سپۆنسەری، لە دوای ساڵی 2030ەوە دەردەکەون، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ میوانداریکردنی بەشێک لە یارییەکانی مۆندیالی ئەو ساڵە، لەلایەن پۆرتوگالەوە. ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە قەبارەی زیانەکان پشتدەبەستێت بەئەنجامە وەرزشییەکانی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
37 لەسەدی هاندەران دەتۆرێن
پەیمانگا پۆرتوگالییەکە، بەهاوکاری لەگەڵ پەیمانگای IMR لەماوەی نێوان 13 بۆ 18ی مانگی دەی ئەمساڵ، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە کە 3931 کەس لە نۆ دەوڵەتی جیاواز، بەشدارییان تێدا کردووە.
وڵاتەکان بریتین لە سعودیە، بەرازیل، ئیسپانیا، ئەمریکا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئینگلتەرا، مەکسیک و پۆرتوگال.
لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات کە 76.2 لەسەدی بەشداران پێیانوایە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەرێژەیەکی زۆر کاریگەریی گەورە لەسەر ناوبانگ و وێنە جیهانییەکەی پۆرتوگال دروستدەکات، لە کاتێکدا 75 لەسەدی ئەو بۆچوونە لە سعودیە بووە.
دیۆنیسیۆ ئاشکرایکردووە، 37 لەسەدی بەشدارانی توێژینەوەکە، دووپاتیانکردووەتەوە کە بایەخدانیان بە بینینی یارییەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوای رۆیشتنی کریستیانۆ لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، کەمدەبێتەوە، ئەوەش قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە دەردەخات کە هەڵبژاردەکە لە دوای رۆناڵدۆوە رووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەگەرچی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، چەندین ئەستێرە لە ریزەکانیدا هەن، کە دیارترینیان بڕۆنۆ فێرناندێز، ڤیتینیا، جواو نێڤێز و نونۆ مێندێز، لە خۆ دەگرێت، بەڵام دیۆنیسیۆ بەدووری دەزانێت هیچکام لەو یاریزانانە، توانای قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی رۆناڵدۆیان هەبێت و هەمان کاریگەریی ئەو دروست بکەن.
ئەو دەڵێ، "پێموانییە هیچکام لە یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەکە، بتوانێت قەرەبووی کریس بکاتەوە، ئەوەندە بەسە کە لەبیرمان بێت رۆناڵدۆ کەسایەتییەکی گەورەی کاریگەری سەر ئاستی جیهانە، پێش هەموو وەرزشوانان، هونەرمەندان و سیاسییەکانیش کەوتووە".
رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵان، کاروانی نێودەوڵەتیی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی کۆتایی پێهێنا، کە 23 ساڵی خایاند لەگەڵ ئەنجامدانی 234 یاری و تۆمارکردنی 146 گۆڵ، بەوەش هەڵبژاردەی پۆرتوگالی لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەی قەرەبووکردنەوەی کاریگەرییە گەورەکەی خۆی، لە رووی وەرزش، ئەنجامەکان، هاندەران و بازاڕگەرییەوە بەجێهێشت، پاشئەوەی لەگەڵیدا نازناوی یۆرۆی 2016 و دوو نازناوی نەیشنسلیگی بەدەستهێنا.
سیلڤا دانیپێداناوە
بێرناردۆ سیلڤا، کە یەکێک دەبێت لە کاپتنەکانی هەڵبژاردەکە لەپاش رۆناڵدۆوە، دانی بەقەبارەی ئەو بۆشاییەداناوە، کە رۆیشتنی رۆناڵدۆ دروستیدەکات، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەستێرەکەی پێشوو، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، جێگای بایەخی سەرەکی هەمووان بووە. ئەو دەڵێ، زۆرینەی خەڵک لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەبەر بینینی رۆناڵدۆ دەهاتنە یاریگا، زۆر کەس تەنیا لەبەر ئەو دەهاتن.
لەبارەی داهاتووی پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگالەوە، دیۆنیسیۆ پێشنیاز دەکات، سوودی زۆر لە خۆشەویستیی خەڵک بۆ کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەکە وەربگرن، بەوەی رۆڵێکی نوێی بدەنێ لە دەرەوەی یاریگا.
ئەو دەڵێ، پێویستە ستراتیجی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، بەو شێوەیە دابڕێژرێت کە کریستیانۆ چی دەوێت لە داهاتوودا، دواتر پێکەوە پێشنیازەکان گەڵاڵە بکەن، لە بەرژەوەندیی هەردوولا.
ئەو دەڵێ، 93.4 لە بەشدارانی توێژینەوەکە، لەسەرئاستی جیهان، دەیانەوێت و هیواخوازن، رۆناڵدۆ ببێتە باڵیۆزی پۆرتوگال.
لە دوای راگەیێنراوی وازهێنانیەوە لە یاریی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا کریستیانۆ هیچ شتێکی دیکەی، لەبارەی داهاتووی خۆیەوە ئاشکرا نەکردووە.




