رووداو دیجیتاڵ
وەین روونی، یەکێک لە سەرکەوتووترین یاریزان مێژووی ئینگلتەرا، لە پۆدکاستێکدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵانی سەرەتای وەرزشەکەیدا رووبەڕووی کێشەی تەندروستیی دەروونی و خواردنەوەی کحوولی بووەوە.
وەین روونی (41 ساڵ) دەڵێت: ئەو دۆخە تاوەکو ناوەڕاستی تەمەنی بیست ساڵیم بەردەوام بوو تاوەکو گەیشتمە نزمترین خاڵ (پێش ئەوەی هەست بە ئارامی بکەم لەگەڵ خۆمدا). دەگەڕامەوە ماڵەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەرگام لەسەر خۆم داخست و تەنیا کحوولم دەخواردەوە. لە راستیدا ئەوە لە لووتکەی ژیانی وەرزشیمدا بوو. گەیشتمە قۆناخێک کە بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە. نەمدەویست لەگەڵ هیچ کەسێکدا بم. نەمدەویست لە شەقامەکاندا چاوم بە خەڵک بکەوێت. نەمدەویست بچمە نێو دوکانەکانەوە.
وەین روونی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دۆخە ژیانی هاوسەرگیرییەکەی گەیاندە لێواری داڕمان، بەڵام هاوسەرەکەی، کۆلین، رۆڵێکی گەورەی لە چاکبوونەوەیدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەوە کردەوە کە خواردنەوەی کحوول هەرگیز کاریگەری لەسەر ئاستی ئەو لەنێو یاریگادا نەبوو.
وەین روونی روونیکردەوە: من هەمیشە لەنێو یاریگادا هەستم بە ئارامی دەکرد، بەڵام لە هەموو شتێکی دیکەدا دەمناڵاند و کێشەی گەورەم هەبوو.
سەڕەڕای ئەوەی کە روونی لە کۆتاییدا سەردانی چارەسەرکاری دەروونی کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کلتوورە باوەی پەیوەندی بە تەندروستیی دەروونی و پیاوەتییەوە هەبووە لە جیهانی تۆپی پێدا، رێگری لێکردووە زووتر داوای یارمەتی بکات.
ئەو جەختی کردەوە "تۆ نەتەوێت هیچ لاوازییەک پێشان بدەیت، بۆیە هەوڵ دەدەیت بیشاریتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە من دۆخەکەی خۆمم دەزانێ، بەڵام دانیپێدانان پێی زۆر سەخت بوو؛ چونکە هەستم دەکرد ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان کەمکردنەوەیە لە پیاوەتی من".
شایەنی باسە روونی لە ساڵی 2021 وازی لە یاریكردنی تۆپی پێ هێنا و لەو کاتەوە وەک راهێنەر کار دەکات، کە دوا پۆستی راهێنەرایەتی لە یانەی پلیموس ئارگایل بوو لە ساڵی 2024. ناوبراو کاری راهێنەرایەتی لەگەڵ کاری شیکاری وەرزشیدا تێکەڵ کردووە، ئێستاش لە پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی راستەقینەی بەریتانی "من بەڕێزم، لێرە دەرمبێنە" دەردەکەوێت.



