رووداو دیجیتاڵ
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری ئەرجەنتینی بەدروشمی 'ئەگەر نەگۆڕیت، دەمریت' هەوڵ دەدات مانچێستەر یونایتد زیندوو بکاتەوە و هاندەرانی ئەو یانەیە متمانەیان بەو راهێنەرە هەیە کە ئەزموونێکی زۆر باشی لە پرێمەرلیگدا هەیە.
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ چیدی کاتی زۆری لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی توانای خۆی بۆ گەڕاندنەوەی مانچێستەر یونایتد بۆ ئەو ئاستەی هەوادارانی ئارەزووی دەکەن، بسەلمێنێت. راهێنەری ئەرجەنتینی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ خولی یەکەمی ئینگلتەرا، لەڕێگەی یەکێک لەو یانانەی زۆرترین پێویستییان بە نوێکردنەوە و بنیاتنانەوە هەیە.
ئەو بەرپرسیارییەتییەی وەرگرتووە لەجێگەی مایکل کاریک، لەگەڵ خۆیدا ئەزموونێکی راهێنانی هەڵگرتووە کە تێکەڵە لە پەرەپێدانی گەنجان، پرێسینگی تووند و یارییەکی هێرشبەری راستەوخۆ.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لە ئۆڵدترافۆرددا ئەوە نییە کە ئایا پۆچێتینۆ بیرۆکەی تاکتیکیی روونی هەیە یان نا؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئایا پێکهاتەی ئێستای تیپەکە توانای جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکانەی هەیە؟.
ئەزموونەکانی پێشووی ئەم راهێنەرە، لە ساوسهامپتۆن و تۆتێنهامەوە تا پاریس سانجێرمان، چێڵسی و هەڵبژاردەی ئەمریکا، پیشان دەدەن کە ئەو راهێنەرێک نییە بە پلانێکی تاکتیکی دیاریکراوەوە پابەند بێت، بەڵکو هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان فەلسەفەی خۆی و توانای یاریزانەکانیدا دروست بکات.
لێرەوە بە تەواوی ئاڵۆزترین ئەرکی ئەو دەست پێدەکات؛ دروستکردنی تیپێک کە بەتووندی ململانێ بکات، بەبێ ئەوەی بەربەستی توانای پێکهاتەی بە میرات بۆ ماوە لەبەردەمیدا دروست ببێت.
ساوسهامپتۆن.. دەستپێکێک کە ناسنامەی پۆچێتینۆی دروستکرد
ساوسهامپتۆن خاڵی دەستپێکی راستەقینەی فەلسەفەی پۆچێتینۆ لە ئینگلتەرا بوو. ئەو لە شوێنی نایجڵ ئەدکینزەوە بەرپرسیارییەتییەکەی وەرگرت و لەگەڵ پاراستنی چوارچێوەی گشتی تاکتیکی تیپەکە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی یاریکردندا دروست کرد.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بەشێوەیەکی سەرەکی سیستمی 4-2-3-1ـی بەکاردەهێنا، لەگەڵ دانانی گرنگییەکی تایبەت بە پرێسینگی بەرز و گۆڕینی پرۆسەی گەڕاندنەوەی تۆپ بۆ چەکێکی هێرشبەری، کە مەترسییەکەی کەمتر نەبوو لە هێرشە رێکخراوەکان.
ئامانج تەنیا تەنگکردنەوەی بۆشاییەکان لەبەردەم رکابەر نەبوو، بەڵکو ناچارکردنی بە هەڵەکردن لە ناوچە نزیکەکانی گۆڵی خۆی و پاشان کەڵکوەرگرتن لێی بەخێرایی بوو.
لەڕووی پێکهاتەی تیپەوە، پۆچێتینۆ پێویستی بە شۆڕشێک لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نەبوو. تەنیا چەند ناوێکی وەک دیان لۆڤرێن و ڤیکتۆر وانیاما زیادکرد، لەکاتێکدا گرنگییەکی زیاتر بە پەرەپێدانی یاریزانەکانی ناو تیپەکە دەدات.
ئەو توانی باشترین تواناکانی ئادەم لالانا، مۆرگان شنایدەرلین، جەی رۆدریگز، لوک شۆ و ناتانیێل کلاین دەربخات و نموونەی راهێنەرێک پێشکەش بکات کە دەتوانێت بەو یاریزانانەی لەبەردەستیدان، بەها دروست بکات، لەبری ئەوەی چاوەڕێی گرێبەست و گواستنەوەی گرانبەها بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
یەکەم یاسای پۆچیتینۆ.. هیچ ئەستێرەیەک سەرەتی نییە
پەرەپێدانی یاریزانەکان لە ساوسهامپتۆن تەنیا پەیوەندی بە لایەنی تەکنیکییەوە نەبوو، بەڵکو گۆڕینی بیرکردنەوەی هەموو گرووپەکەشی لەخۆگرتبوو.
پۆچێتینۆ تێگەیشتبوو کە جێبەجێکردنی پرێسینگی پێشەوە پێویستی بە پابەندبوونی هەموو یاریزانەکان هەیە و سەرکەوتنی هەر سیستمێک کاتێک تێکدەچێت کە یاریزانێک سەرتییەک وەربگرێت کە هاوڕێکانی لێی بێبەشن.
ئادەم لالانا کاتێک باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی کرد، ئەم بیرۆکەیەی بەڕوونی خستەڕوو. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر ئازادییەکی زیاتر لە شوێنی باڵی چەپ یان ناوەندی دروستکەری یارییەوەی هەبوو، بەڵام بە هاتنی پۆچێتینۆ هەموو شتێک بەتەواوی گۆڕا.
لە یەکەم رۆژەوە روون بوو کە هەمووان دەبێت کار بکەن، رابکەن و پرێسینگ بکەن، بەبێ هیچ سەرەتییەکی تایبەت بۆ هەر یاریزانێک، هەرچەندە پایە و ناوبانگی چەندە گەورە بێت.
ئەم بیرکردنەوەیە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی چاوەڕوانکراوی مانچێستەر یونایتد دەبێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی تیپەکە جەند ناوێکی کاریگەری تێدایە کە رۆڵی هێرشبەری فراوانیان هەبووە، لە پێشەوەیان برۆنۆ فێرنانډێز.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دەبێت ئەستێرەکانی قایڵ بکات کە بەهرە بە تەنیا بەس نییە و پابەندبوونی تاکتیکی لە کاریگەریترین یاریزانەوە دەست پێدەکات و تا دوا یاریزانی پێکهاتەکە بەردەوام دەبێت؛ ئەمەش بەپێی ئەوەی تۆڕی 'سکای سپۆرتس' باسی کردووە.
تۆتێنهام.. دروستکردنی تیپێکی گەنج و ملمڵانێکردن لەگەڵ گەورەکان
لە تۆتێنهامدا بیرۆکەکانی پۆچێتینۆ گەیشتنە ئاستێکی پێگەیشتووتر. ئەو توانی تیپێک دروست بکات کە بە وزە، خێرایی و تووندوتیژی لە گەڕاندنەوەی تۆپ ناسراو بوو، لەگەڵ پشتبەستن بە پاسە ستوونییە خێراکان بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە سیستمی 4-2-3-1ـی وەک هەڵبژاردەی سەرەکی خۆی پاراست، بەڵام ئازادییەکی زیاتر بە یاریزانەکانی دا لە جووڵە و گۆڕینەوەی شوێنەکان، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە خێرایی پاڵپشتەکان بۆ فراوانکردنی هێرش.
دەیلی ئالی، کریستیان ئێریکسین و هیۆنگ مین سۆن لە نزیک هاری کەینەوە جووڵەیان دەکرد، کە سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی دەکرد. لەهەمانکاتدا یەکێک لە یاریزانانی ناوەڕاست، کە زۆرجار ئێریک دایەر بوو، دەگەڕایەوە بۆ هێڵی دواوە و لە کاتی هەبوونی تۆپدا سیستمێکی بەرگریی سێ یاریزانەی دروست دەکرد.
هێزی تیپەکە تەنیا لە رێکخستنی تاکتیکیدا نەبوو، بەڵکو لە توانای گۆڕینی خێرای دۆخی بەرگری بۆ هێرش و پرێسینگکردنی رکابەر پێش ئەوەی دەرفەتی دروستکردنی یاریی هەبێت.
ئەنجامەکە تیپێکی گەنج بوو کە گەیشتە فایناڵی چامپیۆنزلیگ و بۆ سێ وەرزی بەردەوام لە نێوان سێ پێگەی یەکەمی خولی ئینگلتەرا کۆتایی بە وەرزەکانی هێنا، تاوەکو بووە یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکان بۆ نازناوە ناوخۆیی و ئەورووپییەکان.
رووی دیکەی ئەزموونەکە.. کاتێک وزەکە کەمبووەوە
بەڵام ئەزموونی تۆتێنهام وانەیەکی گرنگی دیکەیشی لەخۆگرتبوو کە لەوانەیە لە مانچێستەر یونایتددا بڕیاربەخش بێت.
ئەو تیپەی بەخێرایی و پرێسینگی چڕ سەرکەوتنەکانی بەدەستهێنابوو، بە تێپەڕبوونی کات و تەمەن گەورەبوونی یاریزانەکان، دەستی بە لەدەستدانی بەشێک لە درەوشانەوەی کرد، لەگەڵ دابەزینی توانایان بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان هەوڵی جەستەیی.
بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی گونجاو لە گواستنەوەکان و جێگرەوەی توانادار بۆ پاراستنی هەمان ئاست، سیستمەکە وزەی کەمتر بوو و بەردەوامبوون لە یاریکردن بەهەمان تووندوتیژی ئاسان نەبوو.
دوای پێنج ساڵ کارکردن، گەشتەکەی پۆچێتینۆ لە تۆتنهام لە تشرینی دووەمی 2019 کۆتایی هات، لەکاتێکدا ئەنجامەکان دابەزیبوون و هێواش هێواش ئەو خاڵە بەهێزانەی سەرکەوتنیان دروست کردبوو، لاواز بووبوون.
ئەم ئەزموونە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی زوو بۆ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە قۆناخە نوێیەکەی دەردەکەوێت؛ تیپ ناتوانێت تەنیا پشت بە گەرموگوڕی و پرێسینگ ببەستێت، ئەگەر قووڵایی پێویستی لە پێکهاتەکەدا نەبێت، هەوڵی یاریزانەکان بە دروستی دابەش نەکرێت و توانای گۆڕینی یاریزانەکان بەبێ لەدەستدانی هاوسەنگی نەبێت.
لە مانچێستەر یونایتددا، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە چۆن تیپێک دروست بکات کە بتوانێت لە ماوەی هەموو وەرزەکەدا هەمان خێرایی و ئاستی خۆی بپارێزێت، نەک تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئاستێکی بەرز پیشان بدات.
پاریس سانجێرمان.. کاتێک فەلسەفە لەبەردەم ئەستێرەکاندا پاشەکشە دەکات
لە ئەزموونی پاریس سانجێرماندا، پۆچێتینۆ رووبەڕووی جۆرێکی جیاوازی ئاستەنگ بووەوە. ئەو بەرپرسیارییەتییەکی وەرگرت کە تێیدا گرووپێک لە ئەستێرەکان وەک لیۆنێل مێسی، نەیمار و کیلیان ئێمباپێی تێدا بوون؛ ناوانێک کە داواکارییە تایبەتییەکان بەسەر هەر راهێنەرێکدا دەسەپێنن.
لێرەدا راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە ناچاربوو هەندێک لە بنەماکانی ناسنامەی خۆی پێداچوونەوەیان پێدا بکات، چونکە تێگەیشتبوو داواکردن لە هەموو یاریزانەکان بۆ پرێسینگی بەردەوام لە کاتی نەبوونی تۆپدا، لەوانەیە باشترین هەڵبژاردە نەبێت بۆ تیپێک کە پشت بە ئەستێرە هێرشبەرەکان دەبەستێت و تایبەتمەندییەکانیان لەوانەیە لەگەڵ ئەم جۆرە کاری جەستەییەدا نەگونجێت.
ئەو زیاتر پشت بە سیستمی 4-3-3 بەست و کەڵکی لە تواناکانی هێرشبەری ئەشرەف حەکیمی و نونۆ مێندێز لە شوێنی پاڵپشتەکان وەرگرت، بەڵام نەیتوانی ئەزموونی پاریسی بگوازێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لە ئینگلتەرا پێشکەشی دەکرد.
ئەو قۆناخە سەلماندی کە پۆچێتینۆ راهێنەرێک نییە بەهەر نرخێک بیرۆکەکانی بسەپێنێت، بەڵکو دەتوانێت بەپێی سروشتی یاریزانە بەردەستەکان گۆڕانکاری لە فەلسەفەکەیدا بکات.
لەوانەیە لە ئۆڵدترافۆرد جارێکی دیکە پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لەم نەرمونیانییە هەبێت، چونکە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ مانچێستەر یونایتددا بکات وەک ئەو تۆتینهامەی چەند ساڵێک لەمەوبەر دروستی کرد.
چێڵسی.. کۆڵ پاڵمەر توانای پڕۆژەکە دەردەخات
پۆچیتینۆ لە ساڵی 2023ـەوە لەڕێگەی چێڵسی گەڕایەوە بۆ خولی ئینگلتەرا. لە هەندێک یارییدا بە سیستمی 3-4-2-1 دەستی پێکرد، پێش ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ 4-2-3-1، ئەو سیستمەی کە هەمیشە هەڵبژاردەی دڵخوازی بووە.
لە ماوەی ئەزموونەکەیدا، کۆڵ پاڵمەر بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش درەوشایەوە؛ ئەو لە وەرزێکی نایابدا 22 گۆڵی تۆمارکرد و 11 گۆڵیشی دروست کرد، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە توانای راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بسەلمێنێت لەوەی بۆ یاریزانە بەهرەمەندەکان بوارێکی گونجاو دابین بکات بۆ ئەوەی تواناکانیان دەربخەن.
بەڵام ئەزموونەکە لە ئاستی هەموو تیپەکەدا بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکرا سەرکەوتوو نەبوو. پۆچێتینۆ رووبەڕووی سەختی بووەوە لە جێگیرکردنی ئەو بیرکردنەوەیەی کە دەیویست و بەئاشکرا گلەیی لە کەمی پابەندبوون و کۆششی بەکۆمەڵ کرد.
پۆچێتینۆ لە نیسانی تەنیا وەرزەکەیدا لەگەڵ چێڵسی، جەختی لەوە کردەوە کە هەر یاریزانێک دەبێت داوا لە خۆی و هاوڕێکانی بکات زیاتر هەوڵ بدەن.
ئامارەکان بەشێک لە کێشەکە دەردەخەن؛ تۆتێنهام لەژێر سەرپەرشتی ئەودا یەکێک بوو لەو تیپانەی کە زۆرترین مەودای لە یارییەکاندا دەبڕی، لەکاتێکدا چێڵسی لە وەرزی 2023-2024دا لەڕووی کۆی مەودای بڕاوەوە بووە سێیەم تیپی خوارەوەی خولەکە.
بەمشێوەیە کێشەکە لە نەبوونی بیرۆکەدا نەبوو، بەڵکو لە سەختیی گۆڕینی ئەو بیرۆکانە بۆ رەفتارێکی بەکۆمەڵ و بەردەوامدا بوو.
هەڵبژاردەی ئەمریکا.. نەرمونیانیی تاکتیکی و گەڕانەوە بۆ پرێسینگ
لە دوائەزموونی خۆیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا، پۆچێتینۆ بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی شێوازی یاریکردنی و زیاتر نەرمونیانییەکی لە مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازی تایبەتمەندییەکانی یاریزانەکان و کاتی کەمی بەردەست بۆ راهێنان پیشاندا.
ئەو لەنێوان بەرگری بە سێ یاریزان و چوار یاریزاندا گۆڕانی دەکرد و لە جامی جیهاندا زیاتر پشتی بە سیستمی 4-3-3 بەست، لەگەڵ دانانی ئازادییەکی زیاتر بۆ یاریزانە هێرشبەرەکان بۆ گۆڕینی شوێن و جووڵەکردن بەبێ پابەندبوونی تووند بە شوێنە راستەقینەکانیان.
ئەو بەتەواوی دەستی لە پرێسینگی بەرز هەڵنەگرت، بەڵکو بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ و رێکخراوتر دووبارە بەکاری هێنایەوە، دوای ئەوەی توانی هەڵبژاردەکە بکاتە یەک تیپی یەکگرتوو، کە لە کاتی لەدەستدانی تۆپدا بە هاواهەنگی جووڵە دەکات.
ناوەندی گەڕاندنەوەی تۆپ لە ناوچەکانی رکابەردا گەیشتە هەشت جار لە هەر یارییەکدا، کە یەکێک بوو لە بەرزترین رێژەکان لە پاڵەوانێتییەکەدا.
هەروەها تیپەکەی توانی بەسەر پاراگوای، ئۆسترالیا و بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا زاڵ ببێت، پێش ئەوەی لەبەردەم بەلجیکا لە پاڵەوانێتییەکە دەرچێت.
ئەم ئەزموونە نیشانەیەکی گرنگە لە پەرەسەندنی پۆچێتینۆ؛ ئەو چیدیئەو راهێنەرە نییە کە بە سیستمێکی جێگیرەوە پابەند بێت، بەڵکو ئامادەیی زیاتر بۆ گۆڕینی وردەکارییە تاکتیکییەکان بەپێی رکابەر و یاریزانەکان پیشان دەدات.
لەوانەیە ئەم نەرمونیانییە بەتایبەتی یەکێک بێت لە گرنگترین چەکەکانی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، کە لە مانچێستەر یونایتد پێویستی پێیەتی.
مانچێستەر یونایتد.. کێ لە پڕۆژەی پۆچێتینۆدا جێگەی خۆی مسۆگەر دەکات؟
چاوەڕوان دەکرێت مانچێستەر یونایتد لەژێر سەرپەرشتی پۆچێتینۆدا بەشێوەیەکی لەناکاو گۆڕانکارییەکی تاکتیکی گەورە بەخۆیەوە نەبینێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی مایکل کاریکیش پشتی بە سیستمی 4-2-3-1 بەستبوو. ئەمەش بنەمایەکی گونجاو بۆ راهێنەری نوێ دروست دەکات تاوەکو لەسەری کاربکات، بەبێ ئەوەی لە سەرەتاوە پێویستی بە گۆڕینی هەموو وردەکارییەکان بێت.
بەڵام هەندێک پۆست لەوانەیە بەهۆی پێداویستییەکانی شێوازی نوێیەکەیەوە رکابەرییەکی جیاواز بەخۆیانەوە ببینن.
لە بەرگریدا، خێرایی لێنی یۆرۆ و توانای ئەو بۆ داپۆشینی بۆشاییەکانی پشت هێڵی بەرگریی پێشکەوتوو، دەتوانێت ببێتە خاڵێکی بڕیاربەخش. لەهەمانکاتدا تایبەتمەندییە جەستەییەکانی پاتریک دۆرگو لەوانەیە لە پۆستی پاڵپشتدا مافی پێشینەی پێ بدات بەسەر ئەزموونی لوک شۆدا.
لە ناوەڕاستی یاریگادا، کارلۆس باڵیبا کاندیدێکی گونجاوە بۆ ئەوەی رۆڵێکی سەرەکی ببینێت، بەهۆی توانای جەستەیی و لێهاتووییەکانی لە دزینی تۆپ؛ ئەو تایبەتمەندییانەی لەگەڵ پێداویستییەکانی پرێسینگ و گەڕاندنەوەی تۆپدا دەگونجێن.
لە سێیەکی هێرشبەری یاریگاشدا، برۆنۆ فێرنانډێز یەکێک لە گرنگترین کلیلەکانی پڕۆژەکە دەبێت، بەهۆی توانای دروستکردنی دەرفەتی گۆڵکردن و جوڵەکردنی لەنێوان هێڵەکاندا.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە تاوەکو چەندە ئامادەیە رۆڵی زیادە لە کاتی نەبوونی تۆپدا ببینێت و لە پۆستی دروستکەری یارییەوە بەرەو پێشەوە بچێت بۆ یارمەتیدانی هێرشبەر؛ وەک ئەوەی دەیلی ئالی لە تۆتێنهامدا لە باشترین قۆناخەکانی پۆچێتینۆدا ئەنجامی دەدا.
سەختترین تاقیکردنەوە.. ئایا یونايتد توانای بەرگەگرتنی پرێسینگی پۆچیتینۆی هەیە؟
لەوانەیە گەورەترین کێشەی چاوەڕوانکراوی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، زیاتر پەیوەندی بە ئامادەیی جەستەیی یاریزانەکانەوە هەبێت تا هەر وردەکارییەکی تاکتیکی دیکە.
مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەدا لەڕووی مەودای بڕاوەوە پلەی نۆزدەمی خولی ئینگلتەرا دەگرێت. ئەمەش نیشانەیەکە کە پرسیار لەسەر توانای یاریزانەکان دروست دەکات بۆ جێبەجێکردنی پرێسینگی بەرز بەو تووندوتیژییەی راهێنەرە نوێیەکەیان حەزی لێیەتی.
هەروەها بەرزبوونەوەی تێکڕایی تەمەنی پێکهاتەی سەرەکی تیپەکە بەتەواوی لەگەڵ پڕۆژەیەکدا ناگونجێت کە پشت بە وزە و جووڵەی بەردەوام دەبەستێت، هەرچەندە پۆچێتینۆ بەردەوام بووە لە دانانی دەرفەت بۆ گەنجان و پەرەپێدانیان.
لەوانەیە شیا لاسی یەکێک بێت لەو ناوانەی کە بتوانێت خوێنی تازە بخاتە ناو تیپەکە، بەڵام پشتبەستن بە گەنجان بە تەنیا چارەسەرێکی بەس نییە، ئەگەر لەگەڵ پەرەپێدانی جەستەیی و تاکتیکی یەکەکانی دیتە تیپەکەدا نەبێت.
لە کاتی هەبوونی تۆپدا، پۆچێتینۆ دەتوانێت هەوڵ بدات خێرایی گۆڕینی دۆخی هێرشبەری و پاسە راستەوخۆکان زیاد بکات و هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەزموونەکانی لە تۆتێنهام و چێڵسی دووبارە بهێنێتەوە.
بەڵام ئاستەنگی راستەقینە هەر لە گەڕاندنەوەی تۆپ و جێبەجێکردنی پرێسینگی رێکخراودا دەمێنێتەوە.
بەڕوونی دەردەکەوێت کە راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە قەبارەی ئەرکەکەی تێگەیشتووە، کاتێک جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر نەگۆڕیت، دەمریت".
ئەم دەستەواژەیە قۆناخی ئێستای پەرەسەندنی ئەو وەک راهێنەرێک کورت دەکاتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا لەوانەیە ئەوەش پوختە بکاتەوە کە لە ئۆڵدترافۆرد چاوەڕێی دەکات.
سەرکەوتنی پۆچێتینۆ تەنیا بە گەڕاندنەوەی بیرۆکە کۆنەکانی پێشووی بەستراو نییە، بەڵکو بەتوانای داهێنانی وەشانێکی نوێی ئەو بیرۆکانەوە بەستراوە؛ وەشانێک کە لەگەڵ واقیعی مانچێستەر یونایتد بگونجێت و ناسنامەی ملمڵانێکردنی لەدەستچووی تیپەکە بگەڕێنێتەوە.




