رووداو دیجیتاڵ
خولی تۆپی پێی دوورگەکانی سیلی کە بە فەرمی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەراوە دانیپێدانراوە، تەنیا لە دوو یانە پێکدێت: گاریستن گەنەرز و وۆڵپاک واندەرز. ئەم دوو یانەیە لە وەرزێکدا 20 جار لە رۆژانی یەکشەممە لە هەمان کاتدا یاریی چوون و هاتن لە بەرامبەر یەکتر ئەنجام دەدەن. هەردووکیان سەر بە یانەی سانت مێرین کە دەکەوێتە سەر گەورەترینی ئەو پێنج دوورگەیەی خەڵکیان لێ دەژیت لە دوورگەکانی سیلی، بە دووریی نزیکەی 38 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کۆرنواڵ لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا.
ئەم دوو تیپە هەمان یاریگا بەکاردەهێنن، کە تاکە یاریگای چیمەنی قەبارە تەواوە لە تەواوی دوورگە شەش کیلۆمەتر چوارگۆشەییەکەدا، هەرچەندە بە تەواوی لەگەڵ پێوەرە فەرمییەکاندا یەکناگرێتەوە. لە ماوەی وەرزەکەدا جگە لە خولەکە، لە دوو جامی ناوخۆییشدا بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن کە یەکەمیان یارییەکی کۆتاییە بە ناوی جامی کلوبی سیلیۆنی، دووەمیشیان یاریی چوون و هاتنە بۆ بردنەوەی جامی گالی، هەروەها بەر لە دەستپێکی وەرزیش یاریی قەڵغانی خێرخوازی لەنێوانیاندا بەڕێوەدەچێت.
گەیشتن بەم دوورگەیە لە وەرزی زستاندا زۆر سەختە؛ ئەو بەلەمەی لەنێوان دوورگەکە و وشکانیی ئینگلتەرادا هاتووچۆ دەکات، لە سەرەتای مانگی 11 تاوەکو مانگی سێ بە تەواوی کارەکانی رادەگرێت. لەو چوار مانگەدا، تاکە رێگەی هاتووچۆ فڕۆکەی بچووک یان هێلیکۆپتەرە کە بەهۆی کەشوهەوای تووندی زەریای ئەتڵەسییەوە زۆرجار گەشتەکان دوادەکەون. کاتێک گەشتیاران و کرێکارە وەرزییەکان دوورگەکە جێدەهێڵن، ئەو 2,000 کەسەی لەوێ دەژین زۆرجار هەست بە دابڕان دەکەن، ئەمەش وایکردووە ئەم یارییە هەفتانەیە بۆ پاراستنی باری دەروونییان گرنگ بێت. ویڵ لێسبریج، سەرۆکی خولەکە کە هاوکات یاریزانیشە دەڵێت "زۆربەمان لە سەردەمی باخچەی ساوایان و قوتابخانەوە یەکتر دەناسین و هەموومان ئاشقی تۆپی پێین، ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین یاریی رێکخراو بکەین، زۆربەمان لە هاویندا حەوت رۆژ لە هەفتەیەکدا کار دەکەین، بۆیە کاتێک لە رۆژی یەکشەممە پێکەوە کۆدەبینەوە و یاری دەکەین، نەک تەنیا لە رووی جەستەییەوە بەڵکو لە رووی دەروونیشەوە بۆمان بەسوودە".
مێژووی خولەکە بۆ ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە کاتێک تیپی سەرجەم دوورگەکان کێبڕکێیان دەکرد، بەڵام لە ساڵانی پەنجاکاندا تەنیا دوو تیپ مانەوە کە رێنجەرز و رۆڤەرز بوون، لە ساڵی 1984 ناوەکانیان گۆڕی بۆ گەنەرز و واندەرز. هەروەها جامی لیۆنیس کە بەرامبەر یانەیەکی دەرەکی یارییان لەسەر دەکرد، بەرزییەکەی تەنیا شەش میلیمەتر بوو و بە بچووکترین جامی جیهان دادەنرێت، کە کۆپییەکی لە مۆزەخانەی فیفا لە زوریخ دانراوە. لە ساڵی 2008 هەردوو تیپەکە بەشدارییان لە هەڵمەتێکی گەورەی بازرگانیدا کرد کە ئەستێرە جیهانییەکانی هێنایە دوورگەکە، لە ساڵی 2016ـەشدا کتێبی گینس بە فەرمی ئەم پاڵەوانێتییەی وەک بچووکترین خولی تۆپی پێ لە جیهاندا تۆمارکرد.
سەرەڕای ئەوەی تەنیا دوو تیپن، بەڵام خشتەی یارییەکان هاوشێوەی پرێمەرلیگ دادەڕێژرێت. هەردوو تیپ لە هەمان ژووری جلگۆڕیندا خۆیان ئامادە دەکەن؛ واندەرز لە لای راست و گەنەرز لە لای چەپ دادەنیشن. بەر لە دەستپێکی هەر وەرزێک، دوو کاپتن دەستنیشان دەکرێن و لە کافتریای یانەکە دادەنیشن و بە نۆرە یاریزانە بەردەستەکان بۆ تیپەکانیان هەڵدەبژێرن. دێز گۆلیفۆرد، دارتاشێک کە کاپتنی گەنەرزە گوتی "دادەنیشین و بە نۆرە دەڵێین ئەمەیان بۆ من، ئەوەیان بۆ تۆ، هەندێک کەس لە کۆتاییدا دەمێننەوە بەڵام کەس بێزار نابێت". یارییەکان زۆر بە تووندی بەڕێوەدەچن و ناوبژیوانی هەمیشەیی یارییەکان، ئالان کرەیگ کە مامۆستای قوتابخانەی نێوخۆییە، کۆنتڕۆڵی یاریگای لەدەستدایە و بە دادپەروەری ناسراوە. سام داوس، کاپتنی واندەرز گوتی "هەموومان هاوڕێین، دەزانین کێشە دروست نابێت، بەڵام ئەگەر جوێن بدەیت یان بە هەردوو پێ لە رکابەرەکەت بدەیت، ناوبژیوان دەرتدەکات".
بۆ پاراستنی هاوسەنگی، دوای ئەوەی وەرزی پێشوو گەنەرز باڵادەست بوو و واندەرز هەموو یارییەکانی دۆڕاند، بڕیاریاندا لەم وەرزەدا سیستمی مێرکاتۆ و گواستنەوە لە نێوان هەردوو تیپدا دابنێن بۆ ئەوەی کێبڕکێکە بە یەکلایەنە نەمێنێتەوە. هەرچەندە کێشەی تەنیایی و کەمبوونەوەی گەنجان بەهۆی نەبوونی زانکۆ لە دوورگەکەدا گرفت بۆ دابینکردنی یاریزان دروستدەکات، بەڵام دانیشتووانی دوورگەکە بەردەوامن لە پاراستنی ئەم نەریتە، چونکە لەم خولە زۆر بچووکەدا، خۆشەویستی بۆ تۆپی پێ بە گەورەیی ماوەتەوە.




