رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگای خۆیدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی غەڕاف یەکسانبوو.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کە رۆژی 8ـی مانگی 11ـی 2026 لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، یانەی خاوەن یاریگا دەستپێشخەری کرد و لە خولەکی 28 ئاکۆ عەزیز بە لێدانێک بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەولێر تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، یانەی غەڕاف باشتر دەرکەوت و لە خولەکی 50 یاریزانی هێڵی بەرگری هەولێر سیگیتاس بە هەڵە گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ یانەی میوان تۆماربکاتەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی هەولێر لە خولەکەکانی کۆتاییدا بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە، بەڵام بێئەنجامبوو و یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
بەم یەکسانبوونە، یانەی هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 20 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە بەرامبەردا یانەی غەڕاف خاڵێکی بەنرخی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێنا و بە 14 خاڵ لە پلەی سێزدەهەمی خولەکەدا جێگیر بوو.




