رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو، بە فەرمی بڕیاریدا یانەی ئیتیفاقی سعودی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بەرامبەر یانەی هەولێر بە دۆڕاو هەژمار بکرێت، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنی دارایی بەسەر یانە سعودیەکەدا.
بڕیارەکەی فیدراسیۆنی کەنداو دوای ئەوە هات کە یانەی ئیتیفاقی سعودی لە وادەی دیاریکراودا لە رۆژی 28ـی مانگی 10ـی 2026 ئامادەی یارییەکەی نەبوو بەرامبەر هەولێر لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی کۆمەڵەی سێیەمی خولی پاڵەوانانی یانەکانی کەنداو. لیژنەی تەمبێکردن بە پشتبەستن بە رێنوێنییە فەرمییەکان و راپۆرتی لیژنەی پێشبڕکێکان، سەرەڕای هەژمارکردنی ئەنجامی 3-0 بۆ هەولێر، بڕیاری سزادانی ئیتیفاقیشی بە بڕی 150 هەزار ریالی قەتەری دەرکرد بەهۆی ئامادەنەبوونی لە کاتی دیاریکراودا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم رێکارە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانیی دەرفەتەکانە لەنێوان سەرجەم یانە بەشداربووەکاندا بێ جیاوازی، بەم بڕیارەش یانەی هەولێر سێ خاڵی گرنگی لە کۆمەڵەکەیدا مسۆگەر کرد تاوەکو پێگەی خۆی بەر لە رووبەڕووبوونەوەکانی داهاتوو لە پاڵەوانێتییەکەدا بەهێزتر بکات.




