رووداو دیجیتاڵ
لە خولی پلە یەکی تورکیا و لە دێربیی باکووری کوردستاندا، هەردوو یانەی مێردین سپۆر و باتمان پەترۆلسپۆر رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دەکەن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 14ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە یارییەکی لووتکە و دێربییەکی کوردستاندا، یانەی مێردین سپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر باتمان پەترۆلسپۆر یاریی دەکات.
مێردین سپۆر دوو یاریی رابردووی بەسەریەکەوە بردووەتەوە، لەم وەرزەدا 7 سەرکەوتنی هەیە، 3 جار یەکسانبووە و 3 یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ.
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و 4 یاریی دۆڕاندووە، لە یاریی رابردوودا بەرامبەر مانیسا دۆڕاوە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
باتمان پەترۆلسپۆر 23 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو دەچێتە پلەی چوارەمی ریزبەند.




