رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر، دوای بردنەوە گەورەکەی لە جامی کەنداودا دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەڵام پێنج یاریزانی یاریی ناکەن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی غەڕاف یاریی دەکات و دەیەوێت لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەوێتەوە.
هەولێر لە یاریی رابردوویدا لە جامی کەنداو، ئەنجامێکی گەورەی تۆمارکرد و بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی کازمە بەدەستهێنا و ئەمڕۆش دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆش بکات، لەکاتێکدا لە خولی عێراق لە چوار یاریی رابردوودا بردنەوەی نەبووە.
هەولێر ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ دەتوانێت بچێتە پلەی پێنجەمی ریزبەند.
لە یارییەکەی ئەمڕدا، ئیمپراتۆر لە تواناکانی میولێن ناتان، هومام تارق، مستەفا قابیل، ئیسماعیل میحراب و کریستۆفەر جۆن بێبەش دەبێت و بەهۆی پێکانەوە ئەم یاریزانانە یاریی ناکەن.
یانەی هەولێر لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، بەبڕیاری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێری یانەکەمان، بلیتی هاتنەژوورەوەی هاندەران بۆ یاریی ئیمپڕاتۆر بەرامبەر غەڕاف لە گەڕی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەخۆڕاییە.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "ئێمە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنین، دەزانیت باری قورسی هەردوو پاڵەوانێتییەکە و نزیکیی یارییەکان و ئێمە لە هەولێرین، پێویستە لە هەموو یارییەکدا سەرکەوتوو بین. میوڵینمان بۆ یاریی داهاتوو لەدەستدا، کە دوو هەفتە دوورکەوتەوە. ئیسماعیل محرابمان لەدەستدا. هەندێک یاریزانمان هەن کە هێشتا لە تەواوی ئامادەبووندا نیین، ئەوەش کریستۆڤەر هێشتا تەواو ئامادە نییە، بێجگە لە مستەفا و هومام تاریق، . واتە ئەوان هەر لە تیپەکە دوورن و ماوەیەکی درێژیان دەوێت. ئێمە بەدەست ئەم خاڵەوە دەناڵێنین، واتە بەدەست کەمیی بژاردەکانەوە دەناڵێنین. لە نیوەی دووەمدا رەنگە کاریگەریی هەبێت بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر بە هەمان شێواز و هەمان رووحیەتی یاریی رابردوو یاریی بکەین، پەنابەخوا یارییەکە بۆ ئێمە ئاسان دەبێت. لە حاڵەتێکدا کە لە رووی هزری و جەستەیی و هونەرییەوە ئامادە بن، ان شاء الله یارییەکە بۆ ئێمە دەبێت. من متمانەم بە تیمەکە هەروەها متمانەم بەمە هەیە و اپشتیوان بەخوا ئاست و وێنەیەکی تەواوکەری یاریی کۆتایی پێشکەش دەکەن پشتیوان بەخوا."




