رووداو دیجیتاڵ
رێڕەوی بەرەو ژووری جلگۆڕین، لە یاریگای مێستایا، پێکدادانی تووندی نێوان یاریزانانی ڤالێنسیا و ریال مەدرید و بەرپرسانی ڤالێنسیای بەخۆوەبینی، پاشئەوەی ریال مەدرید بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر یانەی خاوەن یاریگادا بەدەستهێنا.
یارییەکە دوێنێ لە گەڕی 12ی لالیگا ئەنجامدرا، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، ئاردا گولەر و کیلیان ئێمباپێ گۆڵەکانی ریال مەدریدیان تۆمارکرد. یارییەکە چەندین حاڵەتی تووندوتیژی نێوان یاریزانانی هەردوو یانەی بەخۆوەبینی.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دوای یارییەکە، ئانتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ریال مەدرید، لەگەڵ ئاسایشپارێزێکی یانەی ڤالێنسیادا لێکیانداوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، رۆدیگێر لەگەڵ یەکێک لە ئاسایشپارێزانی ڤالێنسیا دەمەقاڵەی بووە، پاشئەوەی ئەو کەسە هەوڵیداوە یاریزانانی هەردوو یانە، لە یەکدی بکاتەوە.
هەریەکە لە ئیدێر میلیتاو، جود بێلینگهام و ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، لە شەڕەکەدا بەشدارییان کردووە.
کێشەی نێوان یاریزانانی هەردوولا ئەوکات سەریهەڵدا کە یاریزانانی ڤالێنسیا، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری ناوبژیوان دەربڕی، پاشئەوەی لێدانێکی راستەوخۆی بۆ ریال مەدرید گرت و بەهۆیەوە ئەو یانەیە، لە رێگای ڤاڵڤێردییەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە نێوان پشووی هەردووگێمدا، هەریەکە لە خۆسێ گایا، گویدپ رۆدریگێز و بیبیلۆ و هەندێک لە ئەندامانی یانەکە و لە نێویاندا، براولیۆ ڤاسکێزی بەڕێوەبەری تەندروستیی یانەکە، لە رێڕەوی بەرەو ژووری جلگۆڕیندا، رێگایان لە ناوبژیوان (هێرناندێز میسۆ) گرتووە و داوایانکردووە روونکردنەوەیان بداتێ لەسەر هۆکار ئەژمارکردنی لێدانە راستەوخۆکە.
وەک میدیاکان ئاشکرایانکردووە، لەو کاتەدا، یاریزانانی ریال مەدرید بەدەم گەڕانەوە بۆ ژووری جلگۆڕین، وەڵامی یاریزانانی ڤالێنسیایان داوەتەوە و داوایان لێکردوون بێدەنگ بن و بگەڕێنەوە ژوورەکەیان و ئەوەش، دەمەقاڵە و پێکدادانی لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا، لێکەوتووەتەوە.
دۆخەکە وایخواستووە کە بەرپرسانی ئاسایشی یاریگاکە، بچنە نێوان یاریزانانی هەردوولاوە و لەوکاتەدا رۆدریگێر لە ئاسایشپارێزەکەی داوە.
هێرنادێز میسۆ، ناوبژیوانی یارییەکە، رووداوێکی تۆمارکردووە کە لە نێوان براولیۆ ڤاسکێزی بەڕێوەبەری وەرزشیی ڤالێنسیا و یاریدەدەری ناوبژیواندا روویداوە.
لە راپۆرتەکەی ناوبژیواندا هاتووە، "براولیۆ بووەتە هۆکاری دەمەقاڵەکە و بەتووڕەیی بەسەر یاریدەدەری یەکەممدا هاواریکرد، ئەوە فاوڵ نەبوو، ئەوە فاوڵ نەبوو".
ناوبژیوانەکە هەروەها دەڵێ، "کاتێک منیش بەتەنیشتیدا تێپەڕیم، هەمان شتی بەڕووی منیشدا دووبارەکردەوە، بە دەنگی بەرز و هەڵسوکەوتی تووندوتیژانەوە".
ناوبژیوانەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەهۆی بارودۆخەکەوە ئەندامانی پۆلیسی نیشتمانی پاش ناسینەوە کەسەکە، ناچاربوون دووری بخەنەوە، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ دۆخەکە دابنێن.
هەندێک سەرچاوەی دیکەی میدیای گوتوویانە، ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا باسی لە شەڕی بێلینگهام و رۆیگێر لەگەڵ یاریزانانی ڤالێنسیا کردووە و ئەگەر هەیە هەردوو یاریزان، سزا بدرێن.




