رووداو دیجیتاڵ
پۆستێکی یانەی گاڵاتەسەرای تورکی، لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ئامەدسپۆر کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆریش دەڵێت "سڕینەوەی پۆستەکە بەس نییە". کۆمەڵەی یاساناسانی ئامەدسپۆریش راگەیێنراوێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
دوای یاریی گاڵاتەسەرای و ئامەدسپۆر، یانە تورکییەکە لە سۆشیاڵ میدیا وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە جانتایەکی زەردی تێدابوو و بەو شێوەیە لێکدرایەوە کە کیسەی زەردە و لە دژی ئامەدسپۆر بەکارهێنراوە، ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەرانی ئامەدسپۆر بەلێشاو رەخنەیان لەو هەڵوێستەی یانەی گاڵاتەسەرای گرت، دوای ئەوە لەژێر کاریگەریی کاردانەوەکان پۆستەکە لە سۆشیاڵ میدیادا لەلایەن یانەکەوە سڕدرایەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "سڕینەوەی پۆستەکە بەس نییە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گاڵاتەسەرای دەکەین بە ئاشکرا ئامانجی پشت ئەو وێنەیە روون بکەنەوە و لایەنی بەرپرسیار لە بڵاوکردنەوەی ئاشکرا بکەن و دەستپێشخەری و رێوشوێنی گونجاویش بگرنەبەر بۆ ئەوانەی لەو هەڵوێستەدا بەشداربوون داوای لێبوردن بکەن."
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر دەڵێت "ناکرێت ئەم هەڵسوکەوتە سەختە بەبیانووی پێشاندانی درێس پەردەپۆش بکرێت."
لەلایەن خۆیەوە کۆمەڵەی یاساناسانی ئامەدسپۆر کاردانەوەی خۆی بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی یانەی گاڵاتەسەرای پێشاندا و رایگەیاند، پۆستێکمان لە ئەکاونتێکی سۆشیاڵ میدیادا بینیووە کە هێمای جانتایەکی زەردە و ئەوە لەلایەن خەڵکەوە ناسراوە و دوای ناڕەزایەتیی گشتی لابرا، لەکاتێکدا پۆستێکی لەو شێوەیە ناتوانرێت لەگەڵ رۆحی رکابەریی وەرزشیدا تێکەڵ بکرێت، بحیە لە چاودێریکردنی پرۆسەکە لە روانگەی یاساییەوە بەردەوامدەبین."
هاندەرانی ئامەدسپۆر بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیەیان وەکو دژایەتییەک بۆ کۆمەڵگەی کوردی و سووکایەتیکردن بە کۆمەڵگەی خۆیان لێکدایەوە و هەر بەو هۆیەشەوە 15 پارێزەری ئەندام لە سەندیکای پارێزەران ئەو هەڵوێستەی گاڵاتەسەرایان لە راگەیێنراوێکدا شەرمەزار کرد.
سەندیکای پارێزەرانی ئامەد رایگەیاند، سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسانە تۆماردەکات، کە بەرپرسن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستە.
یانەی گاڵاتەسەرای لەژێر کاریگەریی کاردانەوەکان، راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وێنەکە بەشێک بووە لە دیزاینی پاکەتەکانی درێسێک کە بەشێوەیەکی تایبەت بۆ یاریزان بارش یەڵماز ئامادەکراوە، بەداخەوە تێبینی ئەوەمان کردووە کە کاغەزی رەنگی زێڕین کە لە ڤیدیۆی بانگەش بۆ درێسێک کە بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ئەو یاریزانە ئامادەکراوە بەکارهاتووە و بەشێوەی جۆراوجۆر و نەخوازراوە لێکدەدرێتەوە.
گاڵاتەسەرای دەڵێت "ئەو وێنەیە کە باسی لێوە دەکرێت، تەنیا پێکهاتەی دیزاینی بەرهەمەکەیە و جگە لەوە هیچ مانا و پەیامێکی دیکە هەڵناگرێت."




