رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، لە یارییەکی لووتکە و بەهێزدا دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی لە هەردوو رکابەرە مەدریدییەکە دووربکەوێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 12ـی لالیگا، کاژێر 23:00 یانەی بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئەمە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولەکەیە.
بارسا پێویستییەکی زۆری بەبردنەوەی ئەم یارییە هەیە، چونکە رکابەرییە لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، کێ یارییەکە بباتەوە ئەو پێشەنگ دەبێت.
بلاوگرانا ئێستا بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ ریال مەدرید لە پێشەنگە و تەنیا دوو خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە دوورە، بۆیە ئەرکی زۆر زەحمەت دەبێت.
ئاتلێتیکۆ مەدرید یەک یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بووە، لە رێگای خۆیدا لە یاریگای خۆی لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و ئەمجارە دەیەوێت شکست بە بارسێلۆنا بهێنێت.
رۆخی بلانکۆس لە دۆڕاندنی بەرامبەر بایرن میونشن گەڕاوەتەوە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
ئەم یارییە بۆ سیمیۆنی تایبەت دەبێت و ئەگەر بیباتەوە دەبێتە خاوەنی 345 بردنەوە و ریکۆردی لویس ئاراگۆنێس، راهێنەری کۆچکردووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەشکێنێت.
لە دوایین هەشت یاریی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، هیچ یارییەک بەیەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.
رافینیا لەم وەرزەدا لە 10 یارییدا 15 گۆڵی کردووە، تەنیا رۆناڵدۆ پێشتر ئەوەی لە سەرەتای وەرزێکدا کردووە.
لە دوایین 9 یارییدا بەرامبەر بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە هەموو یارییەکاندا گۆڵی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە تۆمارکردووە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەی لالیگادا 5 یاریی لە یاریگای خۆیدا ئەنجامداوە، 4 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.




