رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاندووە، خوان مارتینێز مونوێرای ناوبژیوانی ئیسپانی، کلاسیکۆی ئەمشەوی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، لەسەر یاریگای کامپ نو بەڕێوەدەبات، لەکاتێکدا خافێر ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤا، ناوبژیوانی ڤار دەبێت لەهەمان یارییدا.
یارییەکەی ئەمشەو، دەبێتە پێنجەم کلاسیکۆ کە مارتینێز مونوێرا بەڕێوەی دەبات. لە چوار کلاسیکۆکەی پێشوودا، سێجار ریال مەدرید براوە بووە.
مارتینێز مونوێرا لە شاری بێنیدۆرم، لە باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 2013ەوە ناوبژیوانی لالیگایە، لە ساڵی 2015 بڕوانامەی نێودەوڵەتی فیفای وەک ناوبژیوان وەرگرتووە.
مونوێرا لە ساڵانی کارکردنی وەک ناوبژیوان لە لالیگا، چەندین یاری گرنگی ناوخۆی ئیسپانیای بەڕێوەبردووە، لەوانە یاریی کۆتایی جامی شای 2020-2021 لەنێوان ئاتلێتیک بیلباو و بارسێلۆنا، هەروەها یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە 2023-2024 لەنێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید.
ئەو ناوبژیوانە، هەروەها لە ساڵانی رابردوودا چەندین یاریی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردووە. هەروەها بەشداری لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگ کردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا سەرپەرشتی هیچ یارییەکی ئەورووپیی نەکردووە و هەرگیز لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی نێودەوڵەتیدا، یاریی بەڕێوەنەبردووە.
پێشتر یانەی بارسێلۆنا، سکاڵای فەرمی پێنج خاڵی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارکردبوو، دوای دۆڕاندنی یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیای وەرزی رابردوو، بەرامبەر ئاتلەتیکۆ مەدرید، لە یاریی گەڕانەوەدا، ئەو یارییەکە لەلایەن مارتینێز مونوێرا بەڕێوەدەبرا.
بارسا لە سکاڵاکەیدا دژبەیەکی لە بڕیارەکانی ناوبژیواندا سەرنجدابوویە، ئەمە جگە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ناڕوونی لە سیستمی کارکردنی ڤار و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو سیستمە، لەلایەن ناوبژیوانەوە.
لە یارییەکەدا گۆڵێکی پاو کوبارسی بە ئۆفساید ئەژمارکرا، دوای پێداچوونەوەی درێژخایەنی VAR. لە هەمان یاریدا و لە خولەکەکانی کۆتاییدا، ئێریک گارسیا بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی مارتینێز مونوێرا سەرەتا کارتی زەردی بەو یاریزانەدا، بەڵام دواتر کاتێک گەڕایەوە بۆ ڤار، کارتە زەردەکەی کرد بە سوور.
هەمان ناوبژیوان لە کلاسیکۆی مانگی دەی 2020 مشتومڕێکی زۆری دروستکرد، لەو یارییەدا کە بارسێلۆنا بە 1 - 3 گۆڵ دۆڕا، کاتێک لێدانی سزای بەرامبەر کلیمنت لینگلێت ئەژمارکرد، بەهۆی راکێشانی درێسی سێرجیۆ رامۆس دوای پێداچوونەوەی VAR. ئەو بڕیارە رۆناڵد کومانی راهێنەری ئەوکاتەی بارسێلۆنای زۆر تووڕە کرد.
لای خۆیەوە، ریال مەدرید لە رەخنەگرتن لە ناوبژیوانەکە بێدەنگ نەبووە. کاتێک مارتینێز مونوێرا و ناوبژیوانی VAR خۆسێ لویس گۆنزالێز گۆنزالێز، بۆ ناوبژیوانی کلاسیکۆی جامی شای 2023 دەستنیشانکران، کەناڵی ڕیال مەدرید راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە رەخنەی لەو دووانەیە گرت و یادەوەرییە نەرێنییەکانی ناوبژیوانیی لە روانگەی یانەکەوە هێنایەوە.
لە مانگی سێی 2024 یانەی ریال مەدرید، سکاڵای لەسەر مارتینێز مونوێرا تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی بە 'کەمتەرخەمی لە داڕشتنی راپۆرتی یارییەکەدا' ناویبرد و وایدانا کە نەیتوانیوە ئەو دروشم و سووکایەتییانەی هاندەرانی ئۆساسۆنا ئاراستەی ڤینیسیۆس جونیۆریان کردبوو، تۆمار بکات.
ناوبژیوانی ڤار بۆ یارییەکە، خافێر ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤا، پێشتر رووبەڕووی رەخنە و هێرشی ریال مەدرید بووەتەوە.
ریال مەدرید، ئاماژە بە یاری تیپەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا لە 2020-2021 دەکات، کە تێیدا سێ لێدانی سزا بەرامبەر ریال مەدرید ئەژمارکران، هەروەها یاریی ئیسپانیۆل لە مانگی دووی 2025، کاتێک ڤار دەستوەردانی نەکرد دوایئەوەی کارلۆس رۆمێرۆ، لە پشتەوە و زۆر بەتووندی لە کیلیان ئێمباپێیدا.
پێشئەوەی رۆمیرۆ دواتر گۆڵی بردنەوەی ڤالێنسیا لە یارییەکەدا تۆمار بکات.




