رووداو دیجیتاڵ لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دوایین یاریی خۆیدا بە درێسی تانگۆوە بەرامبەر هەڵبژاردەی بێنین، کۆتایی بە کاروانی نێودەوڵەتی خۆی هێنا، لە یارییەکدا کە بەرەبەیانی ئهمڕۆ چوارشەممە لە بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین بەڕێوەچوو. ئەرجەنتین سەرکەوتنێکی شایستە و بەچێژی بە ئەنجامی 3-0 تۆمارکرد، لە یارییەکدا کە مێسی پاڵەوانی بێڕکابەری بوو، دوای ئەوەی بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند. هاندەرێکی زۆر بۆ مالئاواییکردن لە ئەفسانەی تۆپی پێی جیهان کۆبوونەوە، دوای کۆتاییهێنان بە کاروانە پڕ لە دەستکەوتەکەی لەگەڵ ئەرجەنتین، کە تێیدا نازناوی جامی جیهانی 2022، دوو نازناوی کوپا ئەمریکا 2021، 2024 و جامی فینالیسمای بەدەستهێنا. مێسی بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە بە گریانەوە بینرا، کە خێزانەکەی و منداڵەکانیشی لەسەر چیمەنی یاریگاکە ئامادە ببوون بۆ بەشداریکردن لەم خولەکە مێژووییەدا. لە خولەکی 10ی یارییەکەدا، سەرجەم ئامادەبووان بە پێوە وەستان و چەپڵەیان بۆ ئەفسانەکەیان لێدا، لە دیمەنێکی مێژووییدا کە شایستەی کاروانە پڕ لە شکۆدارییەکەی لیۆنێل مێسی بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی. دوایین سەمای مێسی لەگەڵ ئەرجەنتین بەبێ گۆڵ ئ ئەسیست تێنەپەڕی؛ لە خولەکی 48دا گۆڵی پێشەنگی بۆ نیکۆلاس ئۆتامێندی هاوڕێی دروستکرد. پاشان لە خولەکی 61دا، مێسی گۆڵی دووەمیشی بۆ نیکۆ پاز دروستکرد، بەرلەوەی لە خولەکی 71دا لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی سێیەم تۆماربکات و بەوەش دوایین جێدەستی خۆی بە درێسی ئەرجەنتینەوە بەجێبهێڵێت.