رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرەنسا دەڵێن، ویستی هەریەکە لە عوسمان دیمبێلێ و کیلیان ئێمباپێ، بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ، دووبەرەکی خستووەتە نێو ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنساوە.
ماڵپەری 'فوت مێرکاتۆ' ئاشکرایکردووە، عوسمان دێمبێلێ و کەسانی چواردەوری، تەنانەت ژمارەیەک یاریزانی دیکەی هەڵبژاردەکە، لە لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەکە نیگەرانن، لە کاتێکدا چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو، ئەو یاریزانانە بۆ یەکەم یەکەی مەشق، لەژێر سەرپەرشتی زینەدین زیدان، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا کۆببنەوە.
ئێمباپێ پێشتر لە لێدوانێکدا لەبارەی باڵۆندۆری ئەمساڵەوە گوتبووی، "هەموو کات وەک یاریزانێکی بەهرەمەند تەماشای دێمبێلێ دەکرێت، بەڵام من هەموو کات یاریزانە هەڵبژێردراوەکە بووم، لە تەمەنێکی زوودا راستەوخۆ گەیشتمە لووتکە. بەڵام ئەو کاروانێکی جیاوازی هەبوو بەهۆی پێکانەکانەوە، لە کۆتاییدا توانی قەرەبووی ئەوە بکاتەوە بەباشی".
دێمبێلێ لێدوانەکانی کاپتنەکەی بەبێ وەڵامدانەوە تێنەپەڕاند، ئەو لە دوای سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان بەسەر برێستدا گوتی، "من هەموو کات هەروابووم، هەموو کات لە پشتەوە ماومەتەوە و لێبڕاوانە کارم کردووە. بەدرێژایی کاروانی خۆم، کارمکردووە و قسەم نەکردووە".
هەڵگری باڵۆندۆری وەرزی رابردوو، هەروەها گوتبووی، "من هەرگیز یاریزانە هەڵبژێردراوەکە نەبووم، لێبڕاوانە کارمدەکرد و لەگەڵ پاریس بە نازناوەکە پاداشت درامەوە، بەڵام من بۆ ئەمساڵ لە دوورەوە تەماشای دۆخەکە دەکەم و چاوەڕی دەبم".
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی دەڵێ، کیلیان بەوەڵامەکەی عوسمان شۆک بووە، بەڵام نایەوێت بەئاشکرا وەڵامی بداتەوە.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، تەنیا عوسمان نییە لە لێدوانەکە نیگەرانە، بەڵکو ژمارەیەکی دیکەی یاریزانی هەڵبژاردەکە، هەمان بۆچوونیان هەیە و ئەوەش جۆرێک لە پشێوی لە هەڵبژاردەکەدا دروستکردووە.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، ترس لەوە هەیە ئەو لێدوانە دژبەیەکانە، کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی نێو هەڵبژاردەکە دروست بکات، پاشئەوەی هەندێک سەرچاوە گوتیان، ئێستا دوو گرووپی جیاواز لە نێو یاریزانەکاندا هەن و هەردوو بەرە، بەسەر هەردوو یاریزانەکەدا دابەشبوون.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو یاریزانە، بەیەکێک لە گرنگترین پەیوەندییەکان دادەنرێت بۆ پاراستنی ئارامی و هاوسەنگیی نێو هەڵبژاردەکە، بەتایبەت کە ئەو دوو یاریزانە، کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە دەبێت.
وەکئەوەی سەرچاوە فەرەنسییەکان روونیانکردووەتەوە، ئەم پێشهاتە نوێیانە، یەکەم ئاڵنگاریی بەردەم زیدان دەبن، کاتێک هەفتەی داهاتوو بۆ یەکەمجار لەگەڵ یاریزانەکانی کۆدەبێتەوە.
هەندێک سەرچاوەش داوا دەکەن، زیدان زوو کار بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و نەهێشتنی هەستیاریی لە نێوان هەردوو یاریزان و هەردوو بەرەدا بکات، تاوەکو بتوانێت بەئارامی کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هەڵبژاردەکە بکات.




