رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دانیبەوەداناوە کە شکستەکەی کلاسیکۆ ئازاربەخشە بۆ تیپەکەی، دەڵێ بەئاسانی لەبیر ناکرێت.
بارسێلۆنا لە نێو یاریگای خۆیدا کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵی بە 1 - 2 گۆڵ بە ریال مەدرید دۆڕاند. بەوەش جیاوازیی نێوان هەردوو یانە لە ریزبەندی لالیگادا، بۆ تەنیا سێ خاڵ کەمبووەوە.
هانزی فلیک لە دوای یارییەکە گوتی، "ئێمە ناتوانین ئەمە لەبیر بکەین. تووشی دوو دۆڕانی بەدوای یەکدابووین و بێگومان دڵخۆش نین. ئێمە دڵخۆش نین. ئێمە بێهیوایین. پرسەکە ئەوەیە".
لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ رووداوەکانی یارییەکە، راهێنەری بارسا دەڵێ، "پێموایە نیوەی یەکەم باش نەبوو. نیوەی دووەم لە دوای 1-1 باشتر بوو. بۆیە ئێمە کۆنتڕۆڵی یارییەکهمان کرد. بەختمان کەم بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بەو شێوەیەیە. ئەوان لە بەرامبەر تۆپدا باش بوون، پشتیوانی و شوێنی زۆریان پێنەداین، روون بوو لە یارییەکەدا نوێگەریمان کەم بوو. بەڵام ئەمه یەکەم دۆڕانە لە لالیگا. ئێمە 9 یاری لەسەر یەکمان بردبووەوە. بۆیە ئەمەیە کە دەبێت بیبینین. بەڵام ئێستا ئەمە روودەدات. دۆڕانیش بەشێکە لە یارییەکە".
فلیک دووپاتیدەکاتەوە کە نایەوێت بیانوو بۆ شکستەکە بهێنێتەوە، بەڵام ئەوەش دووپاتدەکاتەوە کە یاریزانەکانی کاتی پێویستیان بۆ شیاندنەوە و ئامادەبوون بۆ یارییەکانی داهاتوو زۆر کەمە.
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "ئێمە 2 رۆژمان لە نێوان یارییەکاندا هەیە. کاتێک لە سێڤییا دەبینیت، ئێمە 3 کاژێر لە فڕۆکەدا ماینەوە، دواتر بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ هۆتێلێک، تاوەکو شەو لەوێ بخەوین، دواتر لە رۆژی دووشەممە راستەوخۆ دەچین بۆ پاریس، یان دەبێت بچین بۆ پاریس. ئێستا دەزانیت، زۆرە، بەڵام من نامەوێت باسی ئەمە بکەم کاتێک دەدۆڕێین. دەمەوێت کاتێک باسی بکەم کە دەبەینەوە. پێموایە کاتێکی باشترە. چونکە هەمیشە وا دەردەکەوێت کە بیانووت هەبێت. نەخێر، من هیچ بیانوویەکم نییە. من بیانوو قبوڵ ناکەم. دەزانیت، من دەتوانم ببينم، ئەمەش راستییەکەیە، کە ئێمە ئەمڕۆ گوڕوتین و وزەمان نەبوو و ئەمەیە کە دەبێت بیگۆڕین. بۆیە 2 رۆژ پشوو دەدەمە یاریزانەکان".
فلیک لەهەمان چوارچێوەدا باسی بەشداریکردنی هەندێک یاریزانی لە رێوڕەسمی ئەمشەوی باڵۆندۆر دەکات و دەڵێ، "پێموایە هەندێک یاریزان دەچن بۆ لەندەن بۆ ئەم بۆنەیە و ئەوانی دیکە راهێنان دەکەین، رۆژی سێشەممە رۆژی پشووە، دواتر 3 رۆژمان هەیە بۆ ئەوەی بە باشی ئامادەکاری بۆ یاری داهاتوو بکەین. ئێمە 3 یاری دیکەمان هەیە تاوەکو پشووی نێودەوڵەتی، وە من دەمەوێت هەموو نازناوێک، هەموو یارییەک ببەمەوە. بەو شێوەیەیە. بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە، دەبێت چالاک و بە وزە بین، هەمووان دەبێت بڕیاری ڕاست سەبارەت بە چاکبوونەوە، باش خواردن و باش خەوتن بدەن. ئەمە ئەرکی ئەوانە و دەبێت بیکەن".
بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا دووەم یاریی لەسەریەکی دۆڕاند، پاشئەوەی لە ناوەڕاستی هەفتەی پێشوودا، بە 4 - 2 گۆڵ بە پاریس سانجێرمان دۆڕا لە چامپیۆنزلیگ.




