رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی تیپەکە لە بارسێلۆنا دەربڕی، دووپاتیکردەوە ئەوەی یاریزانەکانی کردوویانە، شایستەی سێ خاڵی یارییەکە بووە.
ریال مەدرید 1 - 2 گۆڵ لە بارسێلۆنای بردەوە لە نێو کامپ نو، زنجیرەی سەرکەوتنە بەردەوامەکانی ئەو تیپەی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا کۆتایی پێهێنا.
مۆرینیۆ دەڵێ، "پێش هەموو شتێک، پێموایە یارییەکی ناوازە بوو. یارییەکی ئاستبەرز. یارییەک کە دڵنیام هەموو جیهانی تۆپی پێ وەستاند بۆ سەیرکردنی و بێهیوا نەبوون، لە نێوان دوو تیپدا کە بۆ بردنەوە یارییان کرد".
راهێنەری ریال مەدرید یاریزانەکانی بە کوڕەکان ناودەبات، دەڵێ، ئەوان یارییەکی ناوازەیان ئەنجامدا، "لە حاڵەتی ئێمەدا، زیاتر شوێنی ئەوەیە باسی تیپەکەی خۆم بکەم نەک تیپی بەرامبەر. کوڕەکانم یارییەکی نایابیان ئەنجامدا: زۆر رێکخراو، بە سەرنجدانێکی بەهێز و بوێر بوون لە دەستپێکردنی هێرشەکان لە دواوە بەرامبەر رکابەرێک کە بە تووندی گوشاری دەهێنا. هەلی باشمان هەبوو بۆ ئەوەی لە کۆتایی نیوەی یەکەمدا ئەنجامەکە بکەینە 2-0".
مۆرینیۆ گوتوویەتی کە تیپەکەی لەسەرەتای گێمی دووەمدا، شایستەی پێشکەوتن بوو بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، "لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، دۆخێکمان هەبوو لەگەڵ جود و کیلیان. دیارە بارسێلۆنا، لەبەرئەوەی دواکەوتبوو، لە نیوەی دووەمدا کاردانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئێمە هەمیشە زۆر هێمن و رێکخراو ماینەوە".
باسی وردیی یاریزانەکانی کردووە لە پەرچەکردار، پاشئەوەی بارسێلۆنا گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد، "لە ئەنجامی 1-1دا هەرگیز سەرنج و ئارامیی خۆمان لەدەست نەدا. بۆ من، بردنەوەیەکی مەزن بوو بۆ کوڕەکان".
سپێشەڵ وەن، هەروەها پەسنی رکابەرەکەیداوە، رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی ڤاریش لە یارییەکەدا گرتووە، "دووبارەی دەکەمەوە، بەرامبەر رکابەرێکی مەزن، لەگەڵ ناوبژیوانێک کە پێموایە کارێکی زۆر باشی کرد، ڤار لە خولەکی 60دا خەوتبوو لەسەر بڕیارێک کە دڵنیام دەیتوانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یارییەکە هەبێت: کارتی سووری روون بۆ جواو لەسەر دیۆماندێ. بەڵام بۆ من یارییەکی مەزن بوو، یارییەکی مەزن، بردنەوەیەکی مەزن و کوڕەکان شایەنی ئەوەن".
بەبردنەوەی کلاسیکۆ، ریال مەدرید جیاوازیی خاڵەکانی لە ریزبەندی لالیگا لەگەڵ بارسای پێشەنگ، بۆ تەنیا سێ خاڵ کەمکردەوە.




