رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هەموو سەرنجەکان، لەسەر لیستی ئەو 30 بەربژێرە دەبن کە بڕیارە گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ' بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ بڵاویان بکاتەوە، میدیای جیهانی لیستی پێنج دیارترین بەربژێری خەڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
فرانس فوتبۆڵ خۆی بۆ ئاهەنگی ئاشکراکردنی براوە باڵۆندۆری ئەمساڵی پیاوان، لەگەڵ باڵۆندۆی ئافرەتان، باشترین یاریزانی لاو، باشترین گۆڵپارێز، باشترین راهێنەر، هێرشبەر و باشترین یانە ئامادە دەکات.
گۆڤارە فەرەنسییەکە، پێوەرەکانی خۆی بۆ پشتبەستن بەدەستنیشانکردنی بەربژێرانی خەڵاتەکە ئاشکراکردووە کە بریتین لە، ئاستی تاکەکەسیی یاریزان، دەستکەوتەکانی تیپ و گیانی وەرزشی.
پێشبینیکراوە، لەگەڵ ئاشکرابوونی ناوی بەربژێرەکاندا، لەسەر ئاستی جیهان مشتومڕ لەسەر شایستەترین یاریزان بۆ گەورەترین خەڵاتی تاکەکەسیی دروست ببێت، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکاریی گەورە، لە پێوەرەکانی پێدانی خەڵاتەکە.
میدیای جیهان دەڵێن، بەپشتبەستن بەپێوەرە نوێیەکانی 'فرانس فوتبۆڵ' دەکرێ دیارترین پێنج بەربژێری خەڵاتەکە بریتی بن لە..
هاری کەین
لە دوای مایکڵ ئۆینەوە لە 2001 هیچ یاریزانێکی ئینگلیزی خەڵاتەکەی نەبردووەتەوە. بەڵام پێدەچێ کەین یەکێک بێت لە دیارترین بەربژێرەکانی ئەمساڵ.
هاری کەین گۆڵکەری بۆندێسلیگابوو بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک، 61 گۆڵی لە وەرزەکەدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمرکردووە. نازناوی خول و جامی ئەڵمانیای لەگەڵ بایرن میونشن بەدەستهێناوە.
کەین لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، پلەی سێیەمی لە مۆندیال بەدەستهێنا و بووە گۆڵکەری مێژوویی ئینگلتەرا لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە.
کیلیان ئێمباپێ
ئەوەی بەختی کیلیان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دەبووژێنێتەوە، ئاستە تاکەکەسییەکەی ئەو یاریزانەیە لە وەرزەکەدا.
ئێمباپێ هاوینێکی مێژوویی هەبوو لە مۆندیالدا، بەڵام ئایا دەبێتە جێگرەوەی عوسمان دێمبێلێ بۆ خەڵاتەکە؟
لە مۆندیالدا، ئێمباپێ بووە گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە پاڵەوانێتییەکە. هەڵبژاردەکەی پلەی چوارەمی سەرئاستی جیهانی بەدەستهێن، هەروەها بۆ دووەم مۆندیالی لەسەریەک، بووە گۆڵکاری جامی جیهانی.
کیلیان هەروەها گۆڵکاری مێژووی مۆندیالە بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ، ئەمە جیا لەوەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ ریال مەدرید، ئەگەرچی هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە، بەڵام 42 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری لالیگا و چامپیۆنزلیگ بووە.
لامین یامال
لاوە سەرنجڕاکێشەکەی بارسێلۆنا، لە هاویندا مێژوویەکی گەورەی نووسییەوە پاش بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال. لامین یەکەم یاریزانە بەرلەوەی تەمەنی ببێتە 20 ساڵ، هەردوو نازناوی گەورەی یۆرۆ و مۆندیالی بەدەستهێناوە.
ئەگەرچی لە مۆندیالدا لە باشترین ئاستدا دەرنەکەوت، بەڵام گۆڵێکی تۆمارکرد و لەگەڵ یانەی بارسیلۆناش بە تۆمارکردنی 28 گۆڵ، لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا.
رۆدری
بەر لە مۆندیال، کەس ناوی ئەوی وەک بەربژێر بۆ دووەم خەڵاتی باڵۆندۆر نەدەهێنا. بەڵام ئاستی ناوازەی لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، هاوکێشەکەی گۆڕی.
رۆدری مایسترۆی ناوەڕاستی ئیسپانیای براوەی مۆندیال بوو. خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، دەکرێ ئەو جارێکی دیکە خەڵاتەکە بباتەوە، پاشئەوەی بۆ یەکەمجار لە 2024 بەدەستیهێنا، ئەگەرچی ئەوکات خەڵاتەکەی ئەو، مشتومڕی زۆری دروستکرد، بەهۆی دەستبەتاڵبوونی لە وەرزەکەدا.
مێسیش بەربژێرە
میدیای جیهان کۆکن لەسەرئەوەی مێسی یەکێکە لە بەربژێرەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
لیۆ پاش هەشتجار بەدەستهێنانی خەڵاتەکە کە ژمارەی پێوانەییە، دەکرێ بۆ نۆیەمجار خۆی لەسەر ستەیجی ئاهەنگەکە ببینێتەوە.
ئەگەرچی ئەو لە خولی ئەمریکی یارییدەکات و لە هیچ روویەکەوە بەراورد بە خولە گەورەکانی ئەورووپا ناکرێت، بەڵام لە هاویندا مێسی بەئاستێکی گەورەوە، خۆی کردەوە بەربژێری خەڵاتەکە.
لیۆ کە دوای کۆچی دوایی باوکی بەیەکجاری وازی لە یارییکردن بۆ ئەرجەنتین هێنا، لە مۆندیالدا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە سەرکەوتنی ئەرجەنتین بۆ یاریی کۆتایی، بەر لە شکست بەرامبەر ئیسپانیا.
ئاستی تاکانەی مێسی لەوپەڕیدابوو، ئەو تەنیا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هاوشێوەی سەرجەم یاریزانانی دیکەی ئەرجەنتین، لەبەردەم کۆنترۆڵی ئیسپانییەکاندا ون بوو، دەنا بەر لەو یارییە، مێسی سەرسوڕهێنەرانە دەرکەوت و هەر ئەوەش وایکردووە، ئەو وەک بەربژێرێک بۆ خەڵاتەکە تەماشا بکرێت.




