رووداو دیجیتاڵ
کەوتنی لەناکاوی ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن لە کاتی مەشقەکاندا و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە ئامبۆلانس، دۆسێی کارکردنی لەڕادەبەدەر و داڕمانی جەستەیی و دەروونیی لە تۆپی پێی سەردەمدا خستەوە بەرباس، کە تێیدا راهێنەران و یاریزانان لەژێر گوشارێکی بێپشوودا رووبەڕووی مەترسیی راستەقینەی تەندروستی دەبنەوە.
لە مانگی 10ـدا ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری 40 ساڵانی بایرن میونشن لە سەنتەری مەشقی یانەکە لەهۆش خۆی چوو و بە ئامبۆلانس گوازرایەوە نەخۆشخانە بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک، سەرەڕای نەخۆشکەوتنی بەردەوام بوو لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە یارییەکانی بۆندێسلیگا و چامپیۆنزلیگدا.
ئەم حاڵەتە پێشتریش چەندینجار روویداوە؛ لە ساڵی 2011 رالف رانگنیک بەهۆی شەکەتیی جەستەیی و دەروونی دەستی لە راهێنەرایەتی شالکە کێشایەوە، پێپ گواردیۆلاش لە مانگی 4ـی 2012 کاتێک بارسێلۆنای جێهێشت دانی بەوەدانا کە کات کاریگەریی وێرانی لەسەر دروستکردووە و بۆ حەوانەوە پێویستی بە ساڵێک پشوو لە نیویۆرک هەبوو، پێشتریش لە ساڵی 1982 پیتەر تایلۆری یاریدەدەری برایان کڵۆف بەهۆی گوشاری دەروونیی زۆرەوە دەستی لەکارکێشایەوە.
لە کاتێکدا لە کەرتی بازرگانیدا هەڵسەنگاندن ساڵانە یان سێ مانگ جارێک دەکرێت، لە تۆپی پێدا هەفتەی دووجار ئەنجامەکان دەکەونە ژێر تاقیکردنەوە و هەڕەشەی لەدەستدانی کار هەمیشە بوونی هەیە. ئەم بارگرانییە یاریزانانیشی گرتووەتەوە؛ یاریزانێکی پێشووی خولەکانی بەریتانیا ئاشکرایکردووە کاتێک گرێبەستەکەی بەرەو تەواوبوون دەچوو، شەوانە لەسەر جێگەی نووستن بە دیار گرتە ڤیدیۆییەکانی یارییەکانییەوە دەمایەوە تاوەکو خاڵە لاوازەکانی بدۆزێتەوە، هاوکات یاریزانێکی یانەیەکی گەورەی ئەورووپایش لە وەرزی 2024-2025 بەهۆی دڵەڕاوکێی یارییەکانی چامپیۆنزلیگەوە بە بڕێکی مەترسیدار حەبی خەوی بەکارهێنابوو تاوەکو ئەوکاتەی پزیشکی یانەکە پێیزانیبوو.
دۆخی شەکەتبوون تەنانەت شیکاریکارانی ڤیدیۆییشی گرتووەتەوە، کە هەندێکیان بۆ شیکردنەوەی سەرجەم یارییەکانی رکابەرەکانیان بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە ژوورێکدا لەسەر خواردنی قاوە مابوونەوە بەبێ خەو. لەم نێوەندەدا ماهێتا مۆلانگۆ، سەرۆکی جێبەجێکاری یەکێتیی یاریزانانی پیشەگەر لە بەریتانیا هۆشداریدا لەوەی فرەوانبوونی پاڵەوانێتییەکانی وەک مۆندیال، مۆندیالی یانەکان و کەمبوونەوەی پشووی هاوینە، زیانی گەورەی بە تەندروستی و ژیانی خێزانیی یاریزانان گەیاندووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی راهێنەرانی خولی ئینگلتەرا، تەنیا لە وەرزی 2025-2026ـدا 289 چاوپێکەوتنی نهێنی بۆ چارەسەری تەندروستیی دەروونی بۆ ئەندامەکانیان رێکخراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت تۆپی پێی پیشەگەرانە لەنێو یاریگا و دەرەوەیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە تێیدا پشوو وەرنەگرتن و کارکردنی بەردەوام، لە پێوەرێکی سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ژیانی وەرزشوانان.




