رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، سەبارەت بە وازهێنان لە یاریی نێودەوڵەتی، دەرگای پرسیارێکی نوێی کردووەتەوە دەربارەی کاتی وازهێنانی یەکجارەکی کریس لە یاریکردن. رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ئەفسانەی پۆرتوگالیش کاتی ئەو وازهێنانە ئاشکرا دەکات.
پێدرۆ سۆبڤێدا، رۆژنامەنووسی پۆرتوگالی، کە هاوڕێیەکی نزیکە لە دۆن، پێشبینیی کردووە ئەم ئەستێرە بەئەزموونە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی بە کاروانی یاریکردنی خۆی بهێنێت؛ دوای ئەوەی دەگاتە ئامانجێکی مێژوویی، کە بریتییە لە تۆمارکردنی 1000 گۆڵ لە تەواوی کاروانی پیشەگەریی خۆیدا.
ئەم قسانە دوای ئەوە هاتن کە رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵان، رایگەیاند کۆتایی بە گەشتە نێودەوڵەتییەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەهێنێت؛ گەشتێک کە زیاتر لە 23 ساڵی خایاندووە و پڕبووە لە ریکۆرد و دەستکەوتی مێژوویی.
هەروەها ناکۆکییەکانی لەگەڵ خۆرخی جیسوس، راهێنەری هەڵبژاردەکە، لە بڕیاری کۆتاییهێنان بە گەشتر نێودەوڵەتییەکەی رۆڵی هەبووە.
سۆبڤێدا چی دەڵێت؟
پێدرۆ سۆبڤێدا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "پێشتر پێشبینیم کردبوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێکی دیکە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ناکات".
ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی گەورەی لە ناو تۆپی پێی پۆرتوگال دروست کردووە، بەهۆی گرنگیی وەرزشی و بازرگانیی ئەم ئەستێرەیە و ئەو شوێنە تایبەتەی لە هەڵبژاردە و یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگالدا هەیەتی.
ئەو روونی کردەوە کە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال، دوای جێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەی نیشتیمانی لەلایەن رۆناڵدۆوە، هەوڵی داوە پەیوەندی بە کەسانی نزیکی یاریزانەکەوە بکات و خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان نزیک بکاتەوە، بەڵام زانیاری پێگەیشتووە کە گەڕانەوەی کریستیانۆ بۆ هەڵبژاردەکە هیچ ئەگەرێکی نییە، تا ئەوکاتەی خۆرخێ جیسوس لە پۆستی راهێنەرایەتییەکەدا بمێنێتەوە.
سۆبڤێدا زیاتر گوتی "کە ناکۆکیی نێوان هەردوو لایەن تەنیا جیاوازییەکی تەکنیکی نەبووە، بەڵکو متمانە و رێزگرتنی دوولایەنەش لەنێوانیاندا کەم بووەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە مامەڵەکردن لەگەڵ رۆناڵدۆ لە نەسڕ جیاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی، چونکە لە هەر پۆستێکدا هەڵبژاردە یاریزانی زیاتری هەیە و راهێنەر ناتوانێت بەهەمانشێوەی یانە مامەڵە لەگەڵ ئەستێرەکە بکات.
رۆژنامەنووسە پۆرتوگالییەکە جەختی کردەوە کە رۆناڵدۆ لە بڕیاری وازهێنان لە یاریی نێودەوڵەتی پاشگەز نابێتەوە و هیچ یارییەکی فەرمیی دیکەش بەجلی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە ناکات.
بەپێی پێشبینیی سۆبڤێدا، رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگاتە ئامانجی مێژوویی، کە 1000 گۆڵە، پاشان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەتەواوی کۆتایی بە کاروانی یاریکردنی دێنێت.
کۆتایی گەشتی نێودەوڵەتی دوای زیاتر لە ٢٣ ساڵ
رۆناڵدۆ پێنجشەممەی رابردوو، لەڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە کە لە هەژمارە فەرمییەکانی بڵاویکردەوە، وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ئەو پشتڕاستی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە درێسی ژمارە 7 بداتە نەوەی نوێ و کۆتایی بە گەشتێک بهێنێت کە لە ئابی 2003 دەستی پێکردووە و زیاتر لە 23 ساڵی خایاندووە.
کاپتنی پۆرتوگال لە پەیامەکەیدا گوتی:
ــ هەرگیز درێسی ژمارە 7ـی بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانیوە.
ــ شانازی ئەوەی هەبووە کە لەو ماوەیەدا ئەم درێسە بپۆشێت و بەرگری لە رەنگەکانی وڵاتەکەی بکات.
ــ بڕیارەکە ئاسان نەبووە، چونکە هەندێک بڕیار تەنیا بە عەقڵ نادرێن، بەڵکو دڵیش تێیاندا رۆڵی هەیە.
تۆناڵدۆ هەروەها گوتی بە سەربەرزی هەڵبژاردەکە جێدەهێڵێت، شانازی بەو گەشتە دەکات کە پێشکەشی کردووە و سوپاسی هاوڕێ یاریزانەکانی، راهێنەران، ستافی تەکنیکی و هەوادارانی پۆرتوگال دەکات.
ئەو جەختی کردەوە کە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی گەورەترین سەرکەوتنی کاری یاریزانێتییەکەی بووە و پۆرتوگال هەمیشە بەشێک لە بوونی دەبێت.
یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگالیش دوای راگەیاندنەکە، بڵاوکراوەیەکی راگەیاند و سوپاسی رۆناڵدۆی کرد بۆ خزمەتەکانی، بەوەی کە تەنیا یاریزانێکی نایاب نەبووە، بەڵکو رابەرێکی هاندەر و هێمای رۆحی هەڵبژاردەی نیشتمانی بووە.
* ئامار و دەستکەوتەکانی رۆناڵدۆ لەگەڵ پۆرتوگال..
رۆناڵدۆ گەشتی نێودەوڵەتییەکەی بە ئەنجامێکی مێژوویی کۆتایی پێهێنا:
ــ 234 یاریی فەرمی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
ــ 146 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی.
ــ خاوەنی ریکۆردی زۆرترین یاری و گۆڵ لە ئاستی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی پیاوان لە جیهاندا.
ــ هەروەها رۆناڵدۆ رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بردنەوەی یۆرۆی 2016، کە یەکەم نازناوی گەورەی مێژووی پۆرتوگال بوو.
ــ دواتریش دووجار، لە ساڵانی 2019 و 2025 نەیشنسلیگی بەدەستهێنا.
ــ لە گرنگترین دەستکەوتە تاکەکەسییەکانی ئەوەیە کە بوو بە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ کە لە 6 وەشانی جیاوازی جامی جیهانیدا گۆڵ تۆمار دەکات؛ لە ساڵانی 2006، 2010، 2014، 2018، 2022 و 2026.
ــ هەروەها لە 6 وەشانی جامی جیهانیدا بەشداری کردووە و لەوەدا یەکسان بووە لەگەڵ لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی.
ــ دوا بەشداریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە جامی جیهانی 2026 بوو؛ و هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکەدا ماڵئاوایی کرد، دوای شکستی بەرامبەر ئیسپانیا بە یەک گۆڵ بەرامبەر هیچ.
بەم شێوەیە گەشتێکی نێودەوڵەتی زیاتر لە دوو دەیە کۆتایی هات.




