رووداو دیجیتاڵ
جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید، رووبەڕووی تەنگەژەیەکی راستەقینە دەبێتەوە پێش یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کە لەوانەیە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ناچار بکات پەنا بۆ چارەسەری نائاسایی بەرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، هەریەکە لە بێرناردۆ سیلڤا، ئاردا گولەر و ئێدواردۆ کاماڤینگا بەهۆی سزادانەوە لە ریال مەدرید بەرامبەر ئینتەرمیلان ئامادە نابن، لەکاتێکدا ئۆرێلین چوامینی بەهۆی پێکانەوە بەردەوامە لە دابڕان.
ئەم بارودۆخە بۆ مۆرینیۆ قورستر دەبێت، چونکە ئێستا تەنیا فێدی ڤاڵڤێردی وەک یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بەئامادەیی ئاسایی لەبەردەستدایە، ئەمەش رەنگە وای لێبکات شێوازی یاریکردن بگۆڕێت یان یاریزانان لە شوێنی نائاسایی خۆیاندا بەکاربهێنێت.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، جود بێلینگهام لە پێشەنگی ئەو چارەسەرانەیە کە خراونەتەڕوو، هەرچەندە مۆرینیۆ پێی باشە لە پشت هێرشبەر و نزیک ناوچەی سزا پشتبەستنی پێ بکات بەهۆی توانای گۆڵکردنییەوە، بەڵام لەوانەیە یاریزانە ئینگلیزییەکە ببێتە بژاردەیەکی لۆژیکی بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەڕاست، لەگەڵ ئەگەری بەشداریکردنی براهیم دیاز وەک دروستکەری یاری و پاراستنی شێوازی 4-2-3-1.
هەروەها ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد یەکێکە لە بژاردەکان، دوای ئەوەی مۆرینیۆ پێشتر لە رۆڵێکدا بەکاریهێناوە کە ئازادی پێ دەدات بەرەو قووڵایی یاریگا بجوڵێت. لەوانەیە راهێنەرەکە پەنا بۆ شێوازی 4-3-3 بەرێت، بە هەبوونی ترێنت، ڤاڵڤێردی و بێلینگهام لە هێڵی ناوەڕاستدا.
لەو بارودۆخەدا، ترێنت لە لای راستی ناوەڕاست دەبێت، بێلینگهام لە لای چەپ دەجوڵێت و ڤاڵڤێردیش لە دڵی هێڵی ناوەڕاستدا دەبێت.
رۆژنامەی ئەی ئێس زیاتر دەڵێت "دین هاوسن وەک چارەسەرێکی بوێرانەتر دەردەکەوێت، بەتایبەتی کە خاوەنی کوالێتییەکی بەرزە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپدا، لەکاتێکدا خۆرخێ سیستێرۆ بژاردەیەکی دیکەیە لە ئەکادیمیای یانەکەوە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی پێکانی تیاگۆ بیتارچ و رۆیشتنی مانوێل ئانخێل بۆ فولهام".
جۆزێ مۆرینیۆ تواناکانی هاوسن بەباشی دەناسێت، پێشتر داوای خواستنی کردبوو بۆ رۆما کاتێک یاریزانەکە لە یوڤێنتوس بوو، هەروەها ئەم بەرگریکارە ئیسپانی-هۆڵەندییە کاروانی خۆی لە تیپە تەمەنییەکان وەک هێرشبەر دەستپێکردووە پێش ئەوەی ببێتە بەرگریکاری ناوەڕاست.
هەرچەندە بەشداریکردنی لە ناوەڕاستی یاریگادا لەوانەیە کوالێتی زیاتر بە ریال مەدرید ببەخشێت لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و بنیاتنانی یاریدا، بەڵام لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر توانای تیپەکە بۆ هێنانە دەرەوەی تۆپ لە هێڵی دواوە، بەتایبەتی لەگەڵ پشتبەستن بە رودیگێر و کۆناتێ لە دڵی بەرگریدایە.




