رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ (فیفپڕۆ) لە رێگەی سیستمێکی تایبەت و تەنیا بە دەنگی خودی یاریزانانی پیشەگەر لە سەرانسەری جیهاندا، باشترین 11 یاریزانی پیاوان و خانمان بۆ پێکهاتەی ساڵی 2026 دەستنیشان دەکات، کە پشت بە کۆمەڵێک یاسا و پێوەری دیاریکراو دەبەستێت.
بەپێی رێنوێنییە فەرمییەکانی فیفپڕۆ، دەستنیشانکردنی باشترین پێکهاتەی ساڵی 2026 بۆ پیاوان لەسەر بنەمای ئاستی یاریزانانە لە ماوەی نێوان 4ـی مانگی 8ـی 2025 تاوەکو 19ـی مانگی 7ـی 2026، لە کاتێکدا بۆ خانمان ئەم ماوەیە لە 4ـی مانگی 8ـی 2025 تاوەکو 16ـی مانگی 8ـی 2026 ئەژمار دەکرێت.
وەک مەرجێکی سەرەکی، دەبێت یاریزانانی پیاوان لەو ماوەیەدا لانی کەم لە 30 یاریی فەرمیدا لەسەر ئاستی خولە نایابەکانی ناوخۆ یان هەڵبژاردە نێودەوڵەتییەکان بەشداربووبن، بۆ خانمانیش ئەم مەرجە بریتییە لە ئەنجامدانی لانی کەم 20 یاریی فەرمی.
جیاوازیی سەرەکیی خەڵاتی فیفپڕۆ ئەوەیە کە تەواوی دەنگەکان تەنیا لەلایەن خودی یاریزانانی تۆپی پێوە دەدرێن و هەموو دەنگێک بەهایەکی تەواو یەکسانی هەیە. هەر یاریزانێکی دەنگدەر لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە سێ گۆڵپارێز، سێ بەرگریکار، سێ یاریزانی ناوەڕاست و سێ هێرشبەر بەپێی ریزبەندی دیاری دەکات.
پێکهاتەی 11 یاریزانەکە بەمشێوەیە یەکلایی دەکرێتەوە:
- یەک گۆڵپارێز (ئەو گۆڵپارێزەی زۆرترین دەنگی هێناوە).
- لانی کەم سێ بەرگریکار.
- لانی کەم سێ یاریزانی ناوەڕاست.
- لانی کەم سێ هێرشبەر.
دوای دیاریکردنی ئەم 10 یاریزانە، یاریزانی یازدەیەم دەبەخشرێتە ئەو یاریزانەی دەرەوەی هێڵی گۆڵپارێز کە دوای ئەمان زۆرترین دەنگی گشتیی لەنێو یاریزانە ماوەکاندا بەدەستهێناوە، بەبێ گوێدانە پێگەکەی لەنێو یاریگادا، تاوەکو دەبێتە چوارەم یاریزانی ئەو هێڵە.
ئەگەر یاریزانێک لە زیاتر لە پێگەیەکدا دەنگی پێدرابێت (وەک یاریزانی ناوەڕاست و هێرشبەر)، دەنگەکانی کۆدەکرێنەوە و لەو پێگەیەدا دادەنرێت کە زۆرترین دەنگی تێدا هێناوە. لە کاتی یەکسانبوونی دەنگەکانیش بۆ دوایین کورسیی پێکهاتەکە، ئەو یاریزانە هەڵدەبژێردرێت کە زۆرترین یاریی فەرمیی لەو ماوەیەدا ئەنجامداوە، هەروەها فیفپڕۆ بڕیاردەری کۆتایی دەبێت.
باشترین پێکهاتەی فیفپڕۆ لە ساڵی 2005ـەوە بەردەوامە و وەک تاکە خەڵاتی جیهانی سەیر دەکرێت کە تێیدا یاریزانان بە دەنگی هاوپیشەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەبژێردرێن، بەبێ دەستوەردانی دەنگدانی راهێنەران، هاندەران یان رۆژنامەڤانان.




