رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ سەرکەوتوو بوو لە گێڕانەوەی ئارامی بۆ ژووری جلگۆڕینی پڕ ئەستێرەی ریال مەدرید، لە گرەوێکدا کە پێشتر چابی ئەلۆنسۆ، شکستی تێدا هێنابوو.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، مۆرینیۆ رێوشوێنی رێککاری و تووندی بەسەر ژووری جلگۆڕین و یاریزانانی یانەکە سەپاندووە، کە هاوکاری بووە لەوەی کۆنترۆڵی ژوورەکە بکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەوەی مۆرینیۆ، هەمان ئەو شتەیە کە ئەلۆنسۆ دەیویست بیکات، بەڵام بەشێوازێکی جیاوازتر، ئەوەش بووە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یاریزانەکانی و لە کۆتاییدا سەریکێشا بۆ دوورخستنەوەی لە مەشقدانی تیپەکە.
ریال مەدرید، ئەمساڵ، هاوشێوەی وەرزی رابردوو، لەهەمان ماوەدا زنجیرەیەک یاریی بەدوای یەک و قورسی ئەنجامدا. وەرزی رابردوو ئەو زنجیرە یارییە کۆتاییان بەپەیوەندی راهێنەرەکە بەیانەکەوە هێنا، لە کاتێکدا مۆرینیۆ تاوەکو ئێستا تێیدا سەرکەوتوو بووە، نەک هەر تەنیا لە رووی ئەنجامەوە، بەڵکو لە رووی رازیکردنی یاریزانان و ناچارکردنیان بەگوێڕایەڵ بوونی راهێنەرەکەیان.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، بەگەڕانەوە بۆ مانگەکانی سەرەتای وەرزی 2025 - 2026 ئەلۆنسۆ بڕیارێکی رێککارییانەیدا، بەرلەوەی تیپەکەی رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو ببێتەوە لەسەر یاریگای سان مامێس، ئەو بڕیارە بریتیبوو لە مانەوەی سەرجەم یاریزانانی یانەکە، بۆ ماوەی شەوێک لەنێو کەمپی داخراوی یانەکە، لە شاری ڤاڵدێبێباسی تایبەت بە مەشقەکانی تیپەکە.
ئەو رێوشوێنانە، لای یاریزانەکان بەدڵفراوانییەوە وەرنەگیران، ئەوکات ژمارەیەک یاریزانی تیپەکە پێیانوابوو، ئەو بڕیارە هەوڵی خۆسەپاندن و بێزارکردنە لەلایەن راهێنەرەکەوە.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوکات بڕیارەکەی ئەلۆنسۆ، بووە هۆی شێوانی زیاتر و تووندبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەلۆنسۆ و ریاریزانەکان، لە کاتێکدا لە دوای کلاسیکۆوە، پەیوەندییەکە درزی تێکەوتبوو، بەتایبەت دوای ئەو لێدوانەی کە گوتی، "نەمدەزانی دێم بۆ مەشقدانی باخچەی ساوایان".
لێدوانەکەی ئەلۆنسۆ، وەک بەنزیکردن بەئاگردا کەوتەوە، ئەگەرچی ئەو راهێنەرە بەپێدانی دوو رۆژ پشووی دواتر، هەوڵی رازیکردنی یاریزانەکانیدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە ئارامکردنەوەی دۆخەکە.
ریال مەدرید، ئەوکات یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئاتلێتیک بیلباو بردەوە و راهێنەریش وەک بەڵێنیدابوو، دوو رۆژ پشووی دایە یاریزانەکانی.
بەڵام زۆری نەبرد لە دوای ئەو پشووەوە، جارێکی دیکە تیپەکە کەوتەوە نێو گێژاوی پەیوەندییە خراپەکان، پاش دوو شکستی لەسەریەک لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یەکەمیان بەرامبەر سێلتاڤیگۆ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و دووەمیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک. ئەو دوو ئەنجامە، جارێکی دیکە ناکۆکییەکانی تەقاندەوە.
لە بەرامبەردا، مۆرینیۆ لەگەڵ خشتەی قەرەباڵخی یارییەکاندا، مامەڵەیەکی جیاوازی کرد، میدیاکان گوتیان، ئەو رووی دووەمی هەمان دۆخە، بەڵام بەمامەڵەیەکی جیاوازترەوە.
شاندی یانەی ریال مەدرید، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەیشتنەوە مەدرید، پاشئەوەی لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر ئایک ئەسینای یۆنانی یارییانکرد لە ئەسینا و یارییەکەیان بە 3 - 2 گۆڵ بردەوە.
ئەو درەنگ گەڕانەوەیە و ناچاری بەئامادەسازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤالێنسیا لە لالیگا لە رۆژی شەممەدا، مۆرینیۆی ناچارکرد رێگا نەدات یاریزانەکانی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان بۆ پشوو، ئەوەش لەبەر کەمیی ماوەی ئامادەسازیی بۆ یارییەکەی ڤالێنسیا و خۆپاراستن لە ناچاربوون بە هاتن و چوونی ناپێویست.
سەرچاوەکان دەڵێن، مۆرینیۆ بە رێکەوتن لەگەڵ یاریزانەکان بڕیاریداوە لەدوای گەیشتنەوە بەمەدرید، کەس نەگەڕێتەوە ماڵەوە و هەمووان لە ڤاڵدێبێباس پشوو بدەن و بەیانیی رۆژی دواتر، دەست بەمەشق بکەنەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، هیچ یاریزانێک لە بڕیارەکە ناڕازی نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، هەمووان بەدڵخۆشییەوە بڕیارەکەیان قبووڵکردووە، چونکە پێیانوابووە کە ئەوە لە بەرژەوەندی خۆیانە.
جۆزێ مۆرینیۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەی ڤالێنسیا گوتی، "کاژێر 3ی بەیانی گەیشتینەوە مەدرید، هیچ یاریزانێک نەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. ویستمان هەمووان لانیکەم کاژێرێک تاوەکو دوو کاژێر کاتی زیاتریان بۆ پشوودان هەبێت، هەربۆیە خۆمان لە چوونەوە ماڵەوە پاراست، پەرچەکرداری یاریزانەکان بەرامبەر بڕیارەکە زۆر پۆزەتیڤ بوو".
مۆرینیۆ بەرهەمی بڕیارەکەی چنییەوە، پاشئەوەی تیپەکە بە سێ خاڵی گرنگەوە لە مێستایاوە گەڕایەوە.
مۆرینیۆ و تیپەکەی، قۆناخێکی سەختی وەرزەکەیان بەسەرکەوتوویی بڕی، پاشئەوەی زنجیرەی سێ یاریی لەسەریەکیان لە دەرەوەی یاریگای تیپەکە، بەبردنەوە لە راسینگ سانتاندێر، ئایک ئەسینا و ڤالێنسیا، کۆتایی پێهێنا.
یاریزانانی ریال مەدرید، لە دوای یارییەکەی ڤالێنسیاوە هەندێکیان لە ڤاڵدێبێباس ماونەتەوە و هەندێکی دیکەشیان، روویان لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان کردووە.




