رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو چوارشەممە کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی ئەهلی میسری دەکات بۆ بەدەستهێنانی جامی خوان گامپەر. ئەمە تەنیا یارییەکی دۆستانە نییە، بەڵکو نەریتێکی ساڵانەی یانە کەتەلۆنییەکەیە بۆ رێزگرتن لە دامەزرێنەری یانەکە و ناساندنی گرێبەستە نوێیەکان.
بەشداریی یانەی ئەهلی وەک یەکەم یانەی عەرەبی و ئەفریقی لەم جامەدا، دوای ئەو رێککەوتنە دێت کە لە چوارچێوەی گواستنەوەی حەمزە عەبدولکەریم، هێرشبەری لاوی میسری بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا واژۆ کرا.
خوان گامپەر کێیە؟
هانز ماکس گامپەر، کە لە کەتەلۆنیا بە خوان گامپەر ناسراوە، لە ساڵی 1877 لە سویسرا لەدایکبووە. ئەو تەنیا دامەزرێنەری بارسێلۆنا نەبوو، بەڵکو یانەی زیورخی سویسری و یانەی تێنسی بارسێلۆناشی دامەزراندووە.
گامپەر وەرزشڤانێکی فرە بەهرە بوو؛ لە پاسکیلسواری و رەگبیشدا لێهاتوو بوو، بەڵام عەشقە گەورەکەی تۆپی پێ بوو. پێش ئەوەی روو لە کەتەلۆنیا بکات، لە یانەکانی بازل و زیورخ و لیۆنی فەرەنسی یاریکردبوو.
داهێنەری بلاوگرانا لە 22ـی مانگی 11ـی1899، گامپەر لە رێگەی ریکلامێکەوە لە گۆڤارێکی وەرزشی، داوای لە گەنجان کرد بۆ دامەزراندنی یانەیەکی تۆپی پێ. پاش مانگێک و لە 29ـی مانگی 12 یانەی بارسێلۆنا بەفەرمی دامەزرا.
گامپەر رەنگی شین و سووری بۆ درێسی یانەکە هەڵبژارد، کە هەمان رەنگەکانی یانەی بازلی سویسری بوو، کە خۆی پێشتر یاری بۆ کردبوو.
وەک یاریزان، گامپەر ئامێری گۆڵ تۆمارکردن بوو، کە لەگەڵ بارسێلۆنا لە 50 یاریدا 121 گۆڵی تۆمارکرد. تەنانەت لە یەکەم کلاسیکۆی مێژوودا لە ساڵی 1902، گۆڵێکی لە ریال مەدرید تۆمارکرد و بارسا 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەردەمی زێڕین و کۆتاییەکی تراژیدی
گامپەر 5 جار بووە سەرۆکی بارسێلۆنا و لە سەردەمی ئەودا یانەکە یەکەم چاخی زێڕینی خۆی بینی. یاریگەی لیس کۆرتسی بە توانای 30 هەزار هاندەر دروستکرد، بەڵام هەڵوێستە سیاسییەکانی و پشتگیریکردنی لە نەتەوەپەرستە کەتەلۆنییەکان، تووشی کێشەی گەورەی کرد.
لە ساڵی 1925، حکومەتی ئیسپانیا بەهۆی فیکەکێشانی هاندەرانی بارسا بۆ سروودی نیشتمانی ئیسپانیا، یاریگەکەی داخست و گامپەری ناچار کرد وڵات جێبهێڵێت. دوای گەڕانەوەشی، رێگەی پێنەدرا هیچ پەیوەندییەکی بە یانەکەیەوە هەبێت. ئەم دوورخستنەوەیە گامپەری تووشی خەمۆکییەکی قووڵ کرد و لە ساڵی 1930 لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی هێنا.
بۆچی جامەکە بەناوی ئەو کرا؟
دواتر لە ساڵی 1966، یانەی بارسێلۆنا بڕیاریدا جامێکی ساڵانە بەناوی خوان گامپەر رێکبخات وەک وەفایەک بۆ ئەو پیاوەی مێژووی یانەکەی نووسییەوە. فرانچیسکۆ فرانکۆی دیکتاتۆری پێشووی ئیسپانیا، رێگەی نەدا ناوی گامپەر لە یاریگەی کامپ نو بنرێت، چونکە ئەو بە کەتەلۆنییەکی سەرسەخت و ئازادیخواز دەناسرا، بەڵام بارسا ناوی ئەوی لەسەر شارە وەرزشییەکەی و ئەم جامە مێژووییە هێشتەوە.
ئەمشەو، یاریزانانی بارسێلۆنا و ئەهلی لەسەر یاریگەیەک کۆدەبنەوە کە مێژووەکەی بۆ خەونەکەی خوان گامپەر دەگەڕێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

