رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی رۆدری هێرناندێز، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانی بۆ ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە. ئەم هەواڵە وەک شۆک و شکستێکی گەورە بۆ رکابەرە مێژووییەکەی، ریال مەدرید دەبینرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی، دوای چەندین هەفتە لە دانوستاندن و پێشکەشکردنی سێ ئۆفەر، دواجار بارسێلۆنا توانی گرێبەستی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان بۆ خۆی یەکلا بکاتەوە و بڕیارە لە کاژێرەکانی داهاتوودا
بەفەرمی رابگەیەنرێت.
قەیرانی عەقڵیەت لە هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید
ئەم پێشهاتە شەپۆلێکی رەخنەی تووندی لە نێوەندە وەرزشییەکانی ئیسپانیا دژی کارگێڕیی ریال مەدرید دروستکردووە. شارەزایان
پێیانوایە 'قەڵای سپی' دوای رۆیشتنی تۆنی کرەوس و لوکا مۆدریچ، پێویستییەکی زۆری بە یاریزانێکی وەک رۆدری هەبوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ریتمی یارییەکە، بەڵام یانەکە نەیتوانی ئەو گرێبەستە بکات و تاوەکو ئێستاش هیچ هەنگاوێکی بۆ دۆزینەوەی
جێگرەوەیەکی هاوشێوە نەناوە.
برۆنۆ ئەلیمانی، رۆژنامەنووسی ناودار لە بەرنامەی 'کارۆسێل دیپۆرتیڤۆ' رایگەیاند "تێناگەم بۆچی ریال مەدرید ناجوڵێت؟ بێرناردۆ سێلڤا لە یارییە دۆستانەکاندا ئاستێکی باشی هەبووە، بەڵام ئەو ناتوانێت هەموو ئەرکەکانی رۆدری جێبەجێ بکات. ئەمە دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە کۆنەکانی پلاندانانی وەرزشییە".
هێرشبەری بەهێز بەبێ هێڵی ناوەڕاستی بێسوودە
تۆماس رۆنسێرۆ و مارکۆس لۆپێز، دوو رۆژنامەنووسی دیکەی دیارن کە هۆشداری دەدەنە جوزێ مۆرینیۆ. لۆپێز ئاماژەی بەوە کردووە
کە ریال مەدرید ئێستا یەکێک لە بەهێزترین هێڵەکانی هێرشبەری لە ئەورووپا هەیە، بەڵام تەنیا هێرشبەر بەس نییە بۆ بردنەوەی نازناوەکان.
ئەو دەڵێت "ریال مەدرید مەترسی ئەوەی لەسەرە تووشی هەمان چارەنووسی هەڵبژاردەی فەرەنسا ببێت لە مۆندیال؛ فەرەنسا هێرشبەرێکی زۆر بەهێزی هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لە هێڵی ناوەڕاستدا بەرامبەر کۆنتڕۆڵ و عەقڵی ئیسپانییەکان دۆڕا".
بژاردەی زوبیمێندی لەسەر مێزە؟
هەرچەندە ناوی مارتن زوبیمێندی وەک یەکێک لە باشترین جێگرەوەکانی رۆدری لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەهێنرێت، بەڵام وا دەردەکەوێت ریال مەدرید تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر بەهێزکردنی زیاتری هێڵی پێشەوە و هێڵی ناوەڕاستی پشتگوێخستووە.
ئێستا جۆزێ مۆرینیۆ و ریال مەدرید لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدان؛ سوپایەکی گەورە لە هێرشبەرانی وەک ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆیان هەیە، بەڵام بێ 'داینەمۆ و مێشکێک' لە ناوەڕاستی یاریگە کە بتوانێت هێڵەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و هاوسەنگی بۆ تیپەکە بگەڕێنێتەوە.




