رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ گەڕ بەسەر وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگدا و بەر لە دەستپێکردنی گەڕی چوارەم، تەنیا پێنج یانە توانیویانە بردنەوە لە سەرجەم یارییەکانیاندا تۆماربکەن بە نۆ خاڵ لە پێشەنگدا بن، ئەوانیش بریتین لە پاریس سانجێرمان، ئاستۆن ڤێلا، لیڤەرپوول، ریال مەدرید و ریال بێتیس.
سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی یەکەمدا، کە سێیەم وەرزی لەسەریەکە جێبەجێ دەکرێت، ئەرکی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکەی لەپێشتر قورسترکردووە. ئەو قورسییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانە گەورەکان لەو قۆناخەدا دەگەڕێتەوە.
لە وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەدا، وێڕای دەرکەوتنی زۆر یانە بە ئاست و ئەنجامی باشەوە، بەڵام کەمن ئەو یانانەی توانیویانە جێگیر دەربکەون و وێڕای رووبەڕووبوونەوەی قورس، سەرجەم یارییەکانیان ببەنەوە.
پاریس بەپێچەوانەی دوو ساڵی پێشووەوە
پاریس سانجێرمان کە هەڵگری دوو نازناوی، دوایین وەرزی پاڵەوانێتییەکەیە، دوای بردنەوە لە ئارسیناڵ لە یاریی کۆتایی رابردوودا، ئامانجی دووبارەکردنەوەی دەستکەوتە مێژووییەکەی ریال مەدریدە، لە بردنەوەی سێ نازناوی لەسەریەک لە سەردەمی مۆدێرندا (2016-2018).
یانە فەرەنسییەکە کە بە بردنەوەی 6-1 لە سلۆڤان براتیسلاڤا، 4-2 لە مانچێستەر سیتی و 4-2 لە بارسێلۆنا، کاروانەکەی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەستپێکردووە و ئەمشەو دەبێتە میوانی ڤیاڕیال، لەژێر سەرپەرشتی لویس ئێنریکێ و دوای رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ، لیۆنێل مێسی و نەیمار گەیشتە ئەم لووتکەیە.
لە هێڵی ناوەڕاست سانجێرماندا سێکوچکەی ڤیتینیا، فابیان رویز و جواو نێڤێس خاوەنی کۆنتڕۆڵی تەواوی یارییەکانن؛ پاریس لەم وەرزەدا 24 تۆپی لە هێڵی هێرشبەریدا پچڕاندووە (10 تۆپیان بەرامبەر بارسێلۆنا بوو)، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی حەوت ساڵدا یانەیەک، لەسەر ئاستی ئەورووپا ژمارەی دوو ژمارەیی لێسەندنی تۆپ لە هێرشبەری بەرامبەر بارسێلۆنا تۆماربکات.
ئێمری بەردەوامە
ئاستۆن ڤێلا بە سەرکردایەتی ئۆنای ئێمری، ئەمساڵیش هاوشێوەی چەند ساڵی رابردوو، بەهێزەوە جارێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەرکەوتووەتەوە.
ئاستۆن ڤێلا، بە بردنەوەی 3-2 لە کلەب بروج، 6-0 لە فەنەرباخچە و 3-1 لە ڤایکینگ، ئامانجی سەرکەوتنی راستەوخۆیە بۆ قۆناخی 16 و تێپەڕاندنی قۆناخی چارەکی کۆتایی.
ئەگەرچی ئاستۆن ڤێلا خەون بەبردنەوەی چوارەمی لەسەریەک و مانەوە لە ریزی هەشت پێشەنگەکەی چامپیۆنزلیگی هەیە، بەڵام لە یاریی ئەمشەودا لە نێو کامپ نو و بەرامبەر بارسێلۆنا، ئەرکەکەی لە زەحمەت، زەحمەتترە.
جۆن مەکگین، کاپتن و سەرکردەی یانەکەیە، تایبەتمەندی سەرەکیی ڤێلاش لە بەرتەسککردنەوەی پانتایی یارییکردن و بەکارهێنانی کەمترین تۆپی بەرز لە باڵەکانەوە دەردەکەوێت. بە تێکڕای 9.8 لێدانی بەرز بۆ نێو ناوچەی سزا لە هەر یارییەکدا، کە نزمترین رێژەیە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپادا، بەناوی ئاستۆن ڤێلاوە تۆمارکراوە.
ئێراولا و دوو لیڤەرپوولی جیاواز
لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئەمساڵ بۆ یەکەم وەرز، لەگەڵ ئیندرۆنی ئێراولای راهێنەردا کاردەکات، ئەو راهێنەرەی دوو رووی جیاوازی تیپەکەی پێشانداوە، لیڤەرپوولێکی لە چامپیۆنزلیگ تۆپ و لیڤەرپوولێکی لە پرێمەرلیگ، خراپ.
لیڤەرپوول بە بردنەوەی 2-1 لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، 6-3 لە لاسک و 4-3 لە ڤیاڕیال بە 9 خاڵ دەستیپێکردووە و ئەمشەو لە تورکیا، بەرامبەر فەنەرباخچە یارییدەکات.
ئامانجی رێدز بردنەوەی نازناوەکەیە شانبەشانی دوورکەوتنەوە لە پاریس سانجێرمان، کە لە دوو وەرزی رابردوودا بووە هۆی کرانەدەرەوەیان. ئەلێکسیس ماک ئالیستەر بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە هێڵی ناوەڕاستدا، ئەستێرەی دیاری تیپەکەیە شانبەشانی ڤان دایک، ئیزاک و بارکۆلا. یانەکە لە بەرگرییکردن لە تۆپە جێگیرەکاندا بێوێنەیە و یەکێکە لەو شەش یانەیەی ئەورووپا، کە لەم وەرزەدا هیچ گۆڵێکی لە تۆپی جێگیرەوە لێ نەکراوە.
ریال مەدریدەکەی مۆرینیۆ
پاش ئازارەکانی دوو وەرزی رابردوو لە دوای گۆڕینی سیستمی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە، جۆزێ مۆرینیۆ پێدەچێت هاوسەنگییەکی باشی بۆ ریال مەدرید، لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیدا دۆزیبێتەوە.
ریال مەدرید، خاوەنی 15 نازناوی پاڵەوانێتییەکە، دوای بردنەوەی 2-1 لە ئینتەر، 4-3 لە رۆما و 4-1 لە لایپزیگ، بە سەرکردایەتی جۆزێ مۆرینیۆ چاوی لە بردنەوەی شانزەیەمین نازناوە، بەر لەوەی یاریی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئایک ئەسینا ئەنجام بدات، بەتایبەت کە یاریی کۆتایی لەسەر یاریگای میترۆپۆلیتانۆی رکابەرەکەی بەڕێوەدەچێت.
سەرەڕای 15 گۆڵەکەی کیلیان ئێمباپێ لە 14 یاریدا، ئاردا گولەری 21 ساڵان ئەندازیاری هێڵی پێشەوەی مێرێنگێیە، بە پێی چەپی جادوویی. ریال مەدرید بە تۆمارکردنی 145 بڕینی سەرکەوتوو بە تۆپەوە، لە پێشەنگی یانەکانی ئەورووپادایە، کە ئێمباپێ بە 35 بڕین و یان دیۆماندێ بە 31 بڕین شانبەشانی جود بێلینگهام، توانای یەکلاکردنەوەی هەر یارییەکیان لە هەر چرکەیەکدا هەیە.
سوپرایزەکە بێتیسە
ریال بێتیس گەورەترین سوپرایزی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە؛ دوای زیاتر لە دوو دەیە دابڕان لە چامپیۆنزلیگ، تیپەکە گەڕاوەتەوە بۆ پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە.
بە بردنەوەی 3-2 لە لیل، 3-2 لە پۆرتۆ و 1-0 لە فاینۆردی هۆڵەندی، بە نۆ خاڵەوە گەیشتە گەڕی چوارەم بەر لە گەشتکردنی بۆ یاریگای بۆرووسیا دۆرتمۆند. عەبدولسەمەد زلزولی لە لووتکەی کاروانەکەی دایە و 19 گۆڵی لەم ماوەیەدا تۆمارکردووە. خاڵی بەهێزی بێتیس هێرشی پێچەوانەی خێرایە، کە بە تۆمارکردنی 23 لێدان لە هێرشی پێچەوانەدا، زۆرترین لێدانی لە ئەورووپا تۆمارکردووە بە یارمەتی زەلزولی، ئانتۆنی و ترۆی پارۆت.
ئەم پێنج یانەیە هەوڵدەدەن لە گەڕەکانی داهاتوودا پێگەی خۆیان لە هەشت یەکەمی ریزبەندیی گشتیی چامپیۆنزلیگدا بپارێزن، تاوەکو بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگەنە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.




