رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی یانەی کۆرێنسیانزی بەرازیلی، رایگەیاند کە لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە دەبێتە یاریزانی یانەکەیان، بەڵام دواتر دەرکەوت ماڵپەڕەکە هاککراوە.
ماڵپەڕی فەرمی یانەی کۆرێنسیانزی بەرازیلی تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوو، کە ئەنجامەکەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێکی ساختە بوو، تیایدا رایگەیاندبوو یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی واژۆ کردووە و لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە پەیوەندی بە ریزەکانییەوە دەکات. ئەم رووداوە سەرسوڕمانی هاندەرانی یانەکەی لێکەوتەوە.
هاککەرەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە وردەکارییەکانی گرێبەستە ساختەکەی کۆرێنسیانزی لەگەڵ لیۆنێل مێسی تێدابوو، لەگەڵ لێدوانێک کە بەناوی مێسییەوە نووسرابوو و تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە دەرفەتی یاریکردن لە خولی تۆپی پێی بەرازیل دەربڕیبوو.
هەروەها وردەکاریی دارایی خەیاڵییان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی روونبکەنەوە چۆن یانەی کۆرێنسیانز دەتوانێت خەرجیی زۆری گرێبەستکردن لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە دابین بکات.
بەڵام ئەم هەواڵە زۆر نەمایەوە، چونکە بەرپرسانی ماڵپەڕەکە دوای زانینی هاککردنەکە، بەخێرایی راگەیێندراوە ساختەکەیان سڕییەوە و لەجیاتی ئەوە روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو ماڵپەڕەکە لەژێر چاکسازی و پێداچوونەوەی تەکنیکیدایە.
کۆرێنسیانز هێرشە ئەلیکترۆنییەکە پشتڕاست دەکاتەوە
یانەی کۆرێنسیانز لە راگەیێندراوێکی فەرمییدا پشتڕاستی کردەوە کە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوون، بەڵام تیمی تەکنەلۆژیای زانیاریی یانەکە توانیویەتی بەخێرایی هێرشەکە کۆنترۆڵ بکات.
یانەکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ زیانێکی دارایی رووینەداوە و هیچ داتایەک یان زانیارییەکی تایبەت بە دامەزراوەکەش دزراوە نییە.
کۆرێنسیانز هەروەها رایگەیاندووە کە وەک هەنگاوێکی پێشگیری، بڕیاری بەهێزکردنی سیستمەکانی پاراستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی داوە.
هەروەها ماڵپەڕی فەرمی یانەکە و ماڵپەڕی یاریگاکەی 'نیو کیمیکا ئەرینا'، بۆ پشکنینی تەکنیکی بەشێوەیەکی کاتی لە خزمەتگوزاری دەرخستووە، پێش ئەوەی دووبارە چالاکیان بکاتەوە.
هێرشەکە دوای بردنەوەی کۆرێنسیانز روویدا
ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە تەنیا چەند کاژێرێک دوای بردنەوەی کۆرێنسیانز لە میراسۆڵ بەئەنجامی 2-0 روویدا.
ئەم یارییە لە چوارچێوەی گەڕی 33ـی خولی بەرازیلدا ئەنجامدرا، بەڵام ئەم بردنەوەیەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی تیپەکە لە ناوچەی دابەزین رزگاری بێت، چونکە هێشتا لەنێو چوار پلەی دواوەی خشتەی ریزبەندییەکەدا ماوەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە
ئەم رووداوە یەکەمین نییە لە جۆری خۆی، کە لە دوو یانە گەورەکەی شاری ساوپاولۆدا رووبدات؛ چونکە ماڵپەڕی فەرمی یانەی پالمێراس، رکابەری مێژوویی کۆرێنسیانز، چەند رۆژێک پێش ئەمە تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی هاوشێوە بووبوو.




