رووداو دیجیتاڵ
جیسوس ئۆونۆ، گۆڵپارێزی یانەی ئاندۆرا، دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنەی بووە هۆی مردنی جیسوس دی میگێلی تەمەن 30 ساڵانی یاریزانی یانەی تێنرێفی، تووشی بارودۆخێکی دەروونیی زۆر سەخت بووە، تەنانەت خۆیشی ناناسێتەوە.
هێرشبەری یانەی تێنرێفی، جیسوس دی میگێل، بەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو، بەهۆی 'لێدانێکی بەهێز لە سنگ' گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی نائەنقەست لەگەڵ جیسوس ئۆونۆ، گۆڵپارێزی ئاندۆرا بەریەککەوتن روویدا؛ ئەوکاتەی گۆڵپارێزەکە لە چەند خولەکی کۆتایی یارییەکەدا هەوڵی دوورخستنەوەی تۆپێکی دەدا.
ئەم رووداوە دڵتەزێنە بووە هۆی راگرتنی یارییەکە و خەم و ماتەمینییەکی گەورەی لە تۆپی پێی ئیسپانیا دروست کرد.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، جیسوس ئۆونۆی تەمەن 25 ساڵ، بەشێوەیەکی زۆر سەخت کاریگەرە بە رووداوەکە.
ماڵپەڕی زا ئاتلێتیک بە گواستنەوە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێک لە هاوڕێکانی تیپی گۆڵپارێزەکە، نووسیویەتی "جیسوس ئۆونۆ لەڕووی دەروونییەوە وێران بووە، لە ماڵەکەی ماوەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاندووە. لەم ساتەدا تەنانەت نازانێت خۆی کێیە!!".
یەکێتیی یاریزانانی ئیسپانیا AFEـیش بەڵێنی داوە پشتیوانیی دەروونی لە جیسوس ئۆونۆ بکات، لە رێگەی رێکخستنی دانیشتنی پسپۆڕانە بۆ یارمەتیدانی لە تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی ئەم رووداوە.
لێدوانی گۆڵپارێزەکە
دوای مردنی دی میگێل، جیسوس ئۆونۆ لەڕێگەی یانەکەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی "ئەمە سەختترین رۆژانی ژیانمن. زۆر سەختە وشەی گونجاو بدۆزمەوە، هەروەها زۆر قورسە مێشکم بەرگەی ئەوەی روویداوە بگرێت. بەهۆی لەدەستدانی جیسوسەوە ئازارێکی زۆر گەورەم هەیە. بیر لە ئەو، خێزانەکەی و هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە خۆشیان دەویست'.
هەروەها گوتی "دەزانم زۆر شت هەن کە پێویستە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم و بەڕێزەوە رووبەڕووی هەرچی دێت دەبمەوە، بەڵام لەم ساتەدا، بەڕاستی ناتوانم بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە جگە لە خیسوس و ئەو خەمەی کە هەموومان تێیداین. بەئاسوودەیی بخەوە، جیسوس".
ئۆنۆ بەهۆی ئەو پێکدادانەوە کارتێکی سووری وەرگرتبوو و دەستی کردبوو بە جێهێشتنی یاریگا، بەڵام پاشان گەڕایەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە بارودۆخی دی میگێل، لەکاتێکدا تیمی پزیشکی بەپەلە هاتبوون بۆ یارمەتیدانی هێرشبەرەکە.
هاوڕێیەکی جیسوس ئۆونۆ: هەموومان لەڕووی دەروونییەوە وێران بووین
لەلایەکی دیکەوە، لاوتارۆ سپاتس، هاوڕێی ئۆونۆ لە یانەی ئاندۆرا، ئاشکرایکرد کە هەموو ئەندامانی تیپەکەیان بەهۆی ئەم رووداوەوە لەڕووی دەروونییەوە تێکشکاون.
ئەو گوتی "هەندێک سات هەن کە تۆپی پێ مانای خۆی لەدەست دەدات. ساتگەلێک کە کاریگەرییان بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و وا لە مرۆڤ دەکەن لەوە تێبگات ژیان چەندە لاواز و بێ بەهایە".
هەروەها گوتیشی "ئەوەی بەسەرماندا هات، شتێکە کە هیچ کام لە ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین. کارەساتێک بوو کە بەتەواوی تێکشکاندینی، خەمێکی زۆر قورسی لە دڵماندا جێهێشت".




