رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی 2026 و تەواوبوونی پشووەکەی، گەڕایەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی یانەی ریال مەدرید، ئەمەش لە کاتێکدایە مشتومڕێکی زۆر لەسەر داهاتووی لەگەڵ لۆس بلانکۆس هەیە.
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند "ڤینیسیۆس جونیۆر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە کردووەتەوە. یاریزانەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە نۆرینگەی سانیتاس ڤاڵدێبێباس پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدرا و دواتر یەکەم یەکەی مەشق و راهێنانی بۆ ئامادەکارییەکانی وەرزی 2026-2027 دەستپێکرد".
گەڕانەوەی ئەم ئەستێرە بەرازیلییە بۆ یانە شاهانەکە، هاوکاتە لەگەڵ بوونی چەندین دەنگۆ لەبارەی داهاتوویەوە. لە ماوەی رابردوودا ناوی ڤینیسیۆس بە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییەوە بەستراوەتەوە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، میکێل ئارتێتای راهێنەری گەنەرز، پەیوەندی بە یاریزانەکەوە کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی بێت و ئەگەری گواستنەوەی بۆ پریمەرلێگ تاقیبکاتەوە.
سەرەڕای ئەو دەنگۆیانە، یانەی ریال مەدرید تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر هێشتنەوەی ڤینیسیۆس و دۆسێیەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کارگێڕیی یانەکە، بەڵام هێشتا دەرگای ئەگەرەکان لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا بەکراوەیی ماوەتەوە.
ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەیدا سەرنجی میدیاکانی راکێشا، دەرکەوتنی ڤینیسیۆس بوو بە ستایل و رووخسارێکی نوێوە. یاریزانە بەرازیلییەکە لە ماوەی پشووەکەیدا نەشتەرگەرییەکی جوانکاریی بۆ رووخساری ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئێستا هاندەرانی ریال مەدرید بەبایەخەوە چاوەڕێی ەۆژانی داهاتوو دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەستێرە یەکەمەکەیان لە "سانتیاگۆ بێرنابیۆ" دەمێنێتەوە، یان بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو دەدات و روو لە خولی ئینگلیزی دەکات.




