رووداو دیجیتال
یانەی ئیتیفاقی سعودی، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا گەشتی شاری هەولێر نەکات و یارییەکەی بەرامبەر یانەی هەولێر لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو دواخرا.
بڕیاربوو کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ سێشەممە شاندی یانەی ئیتیفاقی سعودی، کە لە 85 کەس پێکهاتبوون، بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە شاری دەمامی سعودییەوە بگەنە شاری هەولێر، بەڵام شاندە سعودییەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە رێگای کونسوڵخانەی گشتیان لە شاری هەولێر فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە گەشتەکە ناکەن و ناتوانن بێنە هەولێر.
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "یانەی ئیتیفاقی سعودی گەشت بۆ هەولێر ناکەن و یارییەکەیان بەرامبەر یانەی هەولێر لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرێت".
ئەو یارییە دەبووایە سبەی چوارشەممە کاژێر 17:30 لەنێو یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوەبچێت، یانەی هەولێر هەموو ئامادەکارییەکانی لەڕووی پڕۆتۆکۆل و یاریگا و شوێنی حەوانەوەی بۆ یانەی ئیتیفاق ئامادە کردبوو، تەنانەت ئامادەکاریی کرابوو سەرۆکی یانەی هەولێر بچێتە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازیی لە یانە سعودیەکە.
یانەی هەولێر لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو لە یارییەکی پڕ گۆڵدا، کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، بەئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ بە یانەی عەجمان دۆڕا، بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیتیفاق ئامادەکارییەکانی درێس زەردەکان چڕ و بەشێوەی داخراو ئەنجام دراون، هەموو هیوایەکی یانەی هەولێر و هاندەرانی وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە بوو.
ئیمپڕاتۆر یاریگاکەی نوێکردووەتەوە و دەیەوێت بە بەرگێکی نوێ دوای دوازدە ساڵ میوانداریی یارییەکی نێودەوڵەتی بکات، تەنانەت بلیتی یارییەکە چاپکراوە و نرخی کورسی ئاسایی 10 هەزار دینار بوو.



