رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کۆتایی هاتنی مۆندیالی ئەمساڵ و بەدەستهێنانی نازناوەکە لەلایەن ئیسپانیاوە، ئیدی تۆپی پێ لەسەرئاستی هەڵبژاردەکان، ناسنامە و شوناسێکی جیاواز بەدەستدەهێنێتەوە، شوناسی یاریی جوان لەپێناو نازناودا.
ئەگەرچی زۆر هەڵبژاردەی جیاواز، ئەسپی خۆیان لە مۆندیالی ئەمساڵدا تاودا، لە نێویاندا ئەرجەنتین کە گەیشتە یاریی کۆتایی، فەرەنسای پڕ ئەستێرە و ئینگلتەرا کە دوای زیاتر لە نیو سەدە، توانی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت، بەڵام کەس وەک ئیسپانیا لە رووی سەرنجڕاکێشی و کاری بەکۆمەڵەوە خۆی پێشان نەدا.
پڕۆژەکەی ئیسپانیا، پڕۆژەی هەڵبژاردەیەک بوو کە کامڵترین دەرکەوت، لەسەر دینگەکانی ناسنامەی روون و سیستمی کاری بەکۆمەڵی یەکگرتوو و شێوازێکی یارییکردنی پتەو، خۆی بەجیهان ناساندەوە، کە تێیدا پارێزگاری لە ستایلە ئیسپانییە پڕ لە جووڵە و نەرمییەکە کرد.
مۆندیالی ئەمساڵ، لەو پاڵەوانێتییانە بوو کە تەنیا پاڵەوانێکی شایستەی بەخۆوە نەبینی، بەڵکو تێیدا بیرۆکەیەک دووپات بووەوە، ئەگەر تۆپی پێیەکی جوان، رێکخستن و کەسایەتی لەپشتەوە بێت، توانای یەکلاکردنەوەی نازناوەکانی هەیە.
لە ئینێستاوە بۆ یامال
سەرکەوتنی ئیسپانیا بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکو درێژبووەوەی فەلسەفەیەکی تۆپی پێی روون بوو، یانەی بارسێلۆنا و ئەکادیمیاکەی (لاماسیا) رۆڵی گەورەیان لە چەقاندنی پایەکانیدا هەبوو.
لە مۆندیالی 2010دا، نەوەی چاڤی، ئینێستا، بۆسکێس و پیکێ، ئەو فەلسەفەیەیان گەیاندە هەڵبژاردەکە، ئەوکات ئیدی کۆنترۆڵی تۆپ و پاسی کورت و یاریی بەکۆمەڵی ئەو یاریزانانە، ناسنامەیەکی هێنایە ئاراوە، کە هەڵبژاردەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، گەیاندە نازناوەکە.
لە یاریی کۆتایی مۆندیالەکەی باشووری ئەفریقادا بەرامبەر هۆڵەندا، ئینێستا ساتێکی مێژوویی نووسییەوە، کاتێک لە کاتی زیادکراودا، گۆڵی بردنەوەی ئیسپانیای تۆمارکرد و یەکەم جامی جیهانیی، بەخشییە ماتادۆر.
دوای 16 ساڵ، نەوەیەکی نوێ، بە ناوی نوێ و لەسەر بنەمای هەمان فەلسەفە دەرکەوتنەوە، ئیدی لامین یامالی 19 ساڵان، بووە سیمبولی بەهرەیەک کە ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکە، لە کاتێکدا پاو کوبارسی کە دەرچووی هەمان فێرگەیە، کامڵبوونی بەرگریکارانەی پێشاندا، هاوکات پێدری لە ناوەڕاستدا ئارامی و زیرەکییەکی گەورەی بەرجەستەکرد، هەموو ئەوانە ناسنامەی هەڵبژاردەکەن.
ئەو وردەکارییانەی نازناوەکەیان بەدەستهێنا
ئیسپانیا بەئاسانی نەگەیشتە نازناوەکەی، بەڵکو رکابەرانی بەهێز و گەورەی بڕی، لە هەر وێستگەیەکدا دووپاتیکردەوە، ئەو کەسایەتی پاڵەوانی هەیە.
لەیاریی کۆتاییدا و بەرامبەر ئەرجەنتین، هەڵبژاردەی ئیسپانیا ریتمی خۆی بەسەر یارییەکەدا سەپاند، بەهۆی کۆنترۆڵی زیرەکانە و گوشاری رێکخراو. بەرلەوەش، کاتێک دی لافوێنتێی راهێنەر گۆڕانکارییەکانی خۆی ئەنجامدا و بەیەکجار هەرسێ یاریزان، پێدری، نیکو ویلیامز و فێران تۆرێسی هێنایە ناو یاریگاوە، شێوەی یارییەکەی بەتەواوی گۆڕی.
چوونە ناوەوەی پێدری تەنیا گۆڕانکارییەک نەبوو، بەڵکو هەنگاوێک بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەڕاستی یاریگا بەئارامی، هەروەها بەدەستهێنانی هێزی زیاتری هێشتنەوەی تۆپ و زیرەکی لە مامەڵە لەگەڵ گوشاری ئەرجەنتنییەکان.
پێدری جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، تۆپی پێ هەموو کات بەهۆی هێزی جەستەییەوە یەکلایی ناکرێتەوە. بەڵکو بە عەقڵ و توانای خوێندنەوە لە ساتێکی دیاریکراودا. ئامادەبوونی ئەو، ئامادەبوونی ئەو فەلسەفەیە بوو کە بڕوای بەوە هەیە، کۆنترۆڵ لە تێگەیشتن لە بۆشاییەکانەوە دەستپێدەکات، بەرلەوەی بیر لەوەی بیقۆزیتەوە.
لەو هاسەنگییەوە، ساتەکەی فێران تۆرێس هات و گۆڵی بردنەوە، تەنیا ساتێکی تاکەکەسیی نەبوو، بەڵکو پوختەی کاری بەکۆمەڵی سیستمەکە بوو کە زانی چۆن دۆخ گۆڕینەکان، دەگۆڕێت بۆ سەرکەوتن.
سیستمی پاڵەوان
لە پشتی ئەو سەرکەوتنەوە، لویس دی لافوینتێ هەیە کە جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، نازناوە گەورەکان تەنیا بەبەهرە بەدەست نایەن، بەڵکو بە ئاراستەکردنی باش، تاوەکو فیکەی کۆتایی.
راهێنەرە ئیسپانییەکە، زیرەکانە یارییەکانی خوێندەوە، رۆڵی گونجاوی دایە هەر یاریزانێک، دووپاتیکردەوە کە هێزی هەڵبژاردەکە تەنیا لە یانزە یاریزانی نێو یاریگادا نییە، بەڵکو کاری هەمووان جێگای خۆی دەگرێت.
لەگەڵ ئەو کارە بەکۆمەڵەی سیستمەکەدا، خەڵاتە تاکەکەسییەکانی وەک رۆدری (باشترین یاریزانی مۆندیال)، کوبارسی (باشترین یاریزانی لاوی مۆندیال) و ئۆنای سیمۆن (باشترین گۆڵپارێزی مۆندیال)، دووپاتیانکردەوە، لە نێو سیستمی سەرکەوتوودا، بەهرەکان دەگەشێنەوە.
جوانیی سەرکەوت
لە کۆتاییدا، بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال لەلایەن ئیسپانیاوە، تەنیا سەرکەوتنی ناوەکان نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی بیر و فەلسەفەیەکی دیاریکراو بوو.
ئەو هەڵبژاردەیە بەهۆی بوونی دیارترین یاریزانانەوە نازناوەکەی بەدەستنەهێنا، بەڵکو لەبەرئەوەی سیستمێکی کامڵی پێکهاتوو لە راهێنەرێکی زیرەک و یاریزانانی متمانەدار بەکارکردن لە چوارچێوەی کاری بەکۆمەڵە، هەروەها فەلسەفەیەک بەدەستهات، کە دووپاتیدەکاتەوە، بردنەوە بە رێگای جوانیش بەدەست دێت.
لە گۆڵەکەی ئینێستاوە لە مۆندیالی 2010، تاوەکو گۆڵەکەی تۆرێس لە دوای 16 ساڵ، پەیامەکە روون خۆی پێشاندا: کاتێک بیرۆکەی جوان دەبێتە کاری رێکخراو، جوانی تەنیا شێوازێک نابێت بۆ یارییکردن، بەڵکو دەبێتە رێگایەک، بۆ بەدەستهێنانی نازناو و دروستکردنی نەمری.




