رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی نوێدا لە چوارچێوەی ئەگەرەکانی سزادانی یانەی مانچێستەر سیتی، خاوەن و بەرپرسانی یانەکانی پرێمەرلیگ، داوای قەرەبووی گەورە لەو یانەیە دەکەن و سەرچاوەکان دەڵێن، قەرەبووەکە دەگاتە یەک ملیار پاوەند.
یانەی مانچێستەر سیتی کە بە 114 تۆمەتی لادان و پێشێلکردنی یاسا و رێوشوێنە داراییەکانی پرێمەرلیگی دراوەتە پاڵ، رووبەڕووی گوشاری زۆری یانەکانی دیکەی خولەکە بووەتەوە، هەندێک لە یانەکان داوای پێدانی قەرەبووی یەک ملیار پاوەندی بە یانە زیانلێکەوتووەکان دەکەن. لەکاتێکدا هەندێک یانەی دیکە، داوای داشکاندنی سەدان خاڵ بۆ چەندین وەرز، دوورخستنەوەی بەرپرسە کارگێڕییەکان و تەنانەت دابەزاندن یان دەرکردنی یانەکە لە خولەکە دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی میدیای بەریتانیا کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک، خاوەن پشک و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری پێشوو و ئێستای یانە ئینگلیزییەکان ئامادەکراوە، جیاوازییەکی قووڵ هەیە لەبارەی شێوازی ئەو سزایانەی رکابەرەکانی سیتی، داوای سەپاندنی بەسەر ئەو یانەیەدا دەکەن.
هەندێک لە یانە رکابەرەکانی سیتی، بەپێی راپۆرتەکە، پێشنیازی سزایەک لە سێ ئاستی جیاواز دەکەن کە بریتییە لە قەرەبووی دارایی بۆ یانە زیانلێکەوتووەکان، سزای وەرزشیی تووند بۆ لاوازکردنی توانای کێبڕکێی یانەکە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو بەڕێوەبەرانەی یانەکە، کە ناویان لە سەرپێچییەکاندا هاتووە. سەرەڕای ئەم داواکارییانە، بڕیاری کۆتایی لە دەستی یانە رکابەرەکاندا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی لیژنە سەربەخۆ سێ کەسییەکەی دادوەرییە کە پرێمەرلیگ بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لە دۆسێیەکە دروستیکردووە.
سندووقێکی قەرەبوو
یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان، لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە خراوەتەڕوو کە خاوەنی پشکە لە چەندین یانەدا، داوا دەکات لە ئەگەری رەتکردنەوەی تانەکەی سیتی، یانەکە بڕی یەک ملیار پاوەند (نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار) بخاتە نێو سندووقێکی قەرەبووکردنەوەوە. ئەو وەبەرهێنەرە دەڵێ، دەبێت پرێمەرلیگ هاوکێشەیەک دابنێت تاوەکو ئەو یانانەی زۆرترین زیانی راستەوخۆیان بەرکەوتووە، پشکی شێریان پێبدرێت، بەمەش رێگری لە تۆمارکردنی زنجیرەیەک سکاڵای یاسایی لەنێوان یانەکاندا دەکرێت.
ئەو پێشنیازە لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە سەرپێچییەکانی سیتی تەنیا کاریگەری لەسەر رکابەرە راستەوخۆکانی نازناو وەک لیڤەرپوول، ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد نەبووە، بەڵکو تۆتێنهامیش لە سێ وەرزدا لەنێوان 2011 بۆ 2015 بە جیاوازی تەنیا یەک پلە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بێبەش بوو لە کاتێکدا سیتی گەیشتە پاڵەوانێتییەکە.
هەروەها نموونەی یانەی سوانزی سیتی دەهێنرێتەوە کە لە وەرزی 2017-2018 بە جیاوازی 3 خاڵ دابەزی بۆ خولی پلە یەک، دوای ئەوەی هەردوو یارییەکەی بەرامبەر سیتی بە کۆی 9 گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند. چوار یانە گەورەکەی ئینگلتەرا (ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام) لە ساڵی 2024ـەوە راوێژکارە یاساییەکانیان راسپاردووە، تاوەکو بە فەرمی مافی قەرەبوو داوا بکەن لە ئەگەری جێگیربوونی سزاکانی سەر سیتی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پارەکە هەیە؛ خاوەنی یەکێک لە یانەکان رەتیدەکاتەوە پارەکە بە یەکسانی بەسەر 20 یانەکەی ئێستای خولەکەدا دابەش بکرێت. ئەو دەپرسێت بۆچی یانەیەکی وەک کۆڤێنتری سیتی، کە لەو سەردەمەدا لە پرێمەرلیگ نەبووە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام یانەکانی وەک وێستهام، ساوسهامپتۆن، لێستەر سیتی و ستۆک سیتی بێبەش بن، کە هەموو 9 وەرزەکە رووبەڕووی سیتی بوونەتەوە و تەنانەت ستۆک لە 2011 لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەراش بە سیتی دۆڕاوە. لە بەرامبەردا بیرۆکەی دابەشکردنی بەشێک لە پارەکە بەسەر خولە نزمەکان و پەرەپێدانی بەهرەمەندان هەیە، هەرچەندە ئەمەش لە رووی یاساییەوە رێگری لە یانە زیانلێکەوتووەکان ناکات لە تۆمارکردنی داوای جیاواز.
دابەزاندنی سیتی
پێشنیازی دابەزاندنی مانچێستەر سیتی بۆ خولی پلە یەک (چامپیۆنشیپ) ناڕەزایەتییەکی دیکەی دروستکردووە، بەتایبەت لەلایەن ئەو یانانەی لە خولی پلە یەکدا هەوڵی سەرکەوتن بۆ پرێمەرلیگ دەدەن.
شۆن هارڤی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی رێکسهام لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە لەندەن گوتی "تێدەگەم دەبێت سیتی سزابدرێت، بەڵام ئەگەر بۆ چامپیۆنشیپ دابەزێنرێت، یەکێک لە کورسییەکانی سەرکەوتن بۆ وەرزی داهاتوو لەدەستدەچێت، زۆر یانە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە بۆ ئەو دەرفەتە، چۆن سزادانی سیتی دەبێتە سزایەک بەسەر 24 یانەی دیکەدا؟".
بەم هۆیەوە بەشێک لە یانەکانی پلە یەک، باسی مافی وەرگرتنی قەرەبوو دەکەن لەبەر زیانە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوویان. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی پێشووی خولەکە روونیکردەوە، کە گریمانەی گەڕانەوەی خێرای سیتی بۆ پرێمەرلیگ هەڵەیە، چونکە دابەزین دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنی و یاسا داراییەکانی چامپیۆنشیپیش، رێگری لە خەرجیی زۆر دەکەن، بەمەش سیتی ناچاردەبێت زۆربەی ئەستێرەکانی بفرۆشێت و بە ئاسانی بگەڕێتەوە.
شکاندنی خاڵەکان
لە نێو پێشنیازە بەهێزەکاندا، شکاندنی خاڵ لە مانچێستەر سیتی، لەسەر ئاستی چەندین وەرزی لەسەریەک دێت، نەک تەنیا بۆ یەک وەرز، تاوەکو رەنگدانەوەی ئەو سوودە بێت یانەکە لە ماوەی نۆ ساڵدا وەریگرتووە بۆ داگیرکردنی لووتکەی تۆپی پێی ئەورووپا و گەیشتنی بەردەوامی بە چامپیۆنزلیگ.
لە کاتێکدا ئێڤەرتۆن و نۆتینگهام فۆرێست، بەهۆی پێشێلکاریی زۆر کەمتر رووبەڕووی لێبڕینی 8 و 4 خاڵ بوونەوە، بەراوردکردنی قەبارەی سەرپێچییەکانی سیتی لە رووی تیۆرییەوە دەبێتە هۆی لێبڕینی سەدان خاڵ. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن یانەیەک هۆشداریدا لەوەی لێبڕینی 100 خاڵ لە یەک وەرزدا، دەبێتە هۆی ئەوەی یانەکە هەر زوو دابەزینی یەکلایی ببێتەوە و یارییەکانی لە رووی پەخشی تەلەڤزیۆنییەوە بەهایان نەمێنێت، هەروەها هەبوونی یاریزانێکی وەک ئێرلینگ هالاند لە یاریی بێمانادا سەرنجڕاکێشیی خولەکە کەمدەکاتەوە و وا لە یانەکە دەکات، سەرنجی بخاتە سەر پاڵەوانێتییەکانی جام و یەکسانیی کێبڕکێ لە پرێمەرلیگ تێکدەدات.
سزادانی بەرپرسەکان
داواکارییەکان تەنیا لەسەر پێبژاردن و خاڵ نەوەستاون، بەڵکو داوای سزادانی کەسیی دەکرێت، دژی ئەو بەڕێوەبەرانەی بڕیارە داراییەکانی ئەو سەردەمەیان داوە، تاوەکو تەنیا یاریزانان و هاندەران باجەکە نەدەن، ئەمەش لە رێگەی دەستەی سەربەخۆی رێکخستنی تۆپی پێوە دەبێت، کە توانای هەڵسەنگاندنی شیاوی بەڕێوەبەرانی هەیە.
سەبارەت بە دەرکردنی تەواوەتیی سیتی لە پرێمەرلیگ، لە رووی یاساییەوە پێویستی بە دەنگی 14 یانە لە کۆی 20 یانەی خولەکە هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لیژنە دادوەرییەکە، پەنا بۆ ئەو بژاردە ئاڵۆزە نەبات و تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی خۆیدا کار لەسەر شکاندنی خاڵ و پێبژاردنی دارایی بکات. ئەم دۆخە مشتومڕی لەسەر متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانیش دروستکردووە؛ هەندێک پێیانوایە سزای تووند وەبەرهێنەران دەترسێنێت، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە جەخت دەکەنەوە، جێبەجێکردنی بێبەزەییانەی یاسا، ژینگەیەکی روونتر بۆ پارە و سەرمایە دروستدەکات.
هەڵوێستی سیتی چی دەبێت؟
سەرەڕای هەموو سیناریۆکان، گەیشتن بە رێککەوتنی پێشوەختە نزیکە لە مەحاڵ. کریستیان پورسڵۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی لیڤەرپوول و ئاستۆن ڤێلا لە پۆدکاستێکدا گوتی "دوای گوێگرتن لە سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر سیتی، تێگەیشتم کە بە هیچ شێوەیەک ئارەزووی رێککەوتن ناکەن، ئەوان تەواو باوەڕیان بە بێتاوانی خۆیان هەیە و هەموو رێگایەکی یاسایی بەکاردەهێنن بۆ سەلماندنی". هاوکات ریچارد ماستەرزی سەرۆکی پرێمەرلیگی، پێشێلکارییەکانی سیتی بە سیستماتیک ناوبردووە لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا.
لە بەرامبەردا، وەبەرهێنەرێکی دیار هۆشداریداوە لەوەی، نابێت بە سزای لە رادەبەدەر هاندەران و کۆمەڵگای نێوخۆیی لە یانەکەیان بێبەش بکرێن و گوتی "تۆپی پێ تەنیا هۆکارێکە بۆ کات بەسەربردن، ئێمە لێرە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە ناکەین، بەڵکو تەنیا یاری دەکەین".
لە نێوان ئەم بەرژەوەندییە دژبەیەکانەدا، دەستەی دادوەری لەبەردەم هاوکێشەیەکی زۆر مەترسیداردایە، تاوەکو لە یەک کاتدا لێپرسینەوە لە یانەکە بکات بەبێئەوەی ئاژاوەیەکی یاسایی درێژخایەن لە تۆپی پێی ئینگلتەرا دروست ببێت.




