رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ کاسانۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هێرشێکی تووندی کردە سەر جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەکەی و رەخنەی لە شێوازی راهێنەرایەتی و تاکتیکی بەڕێوەبردنی یارییەکانی گرت. هەروەها بەراوردێکی سەرسوڕهێنەری لەنێوان ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی و رودریگۆدا کرد.
لە هەڤپەیڤینێکی درێژخایەندا لەگەڵ رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، کاسانۆ بەڕاشکاوی باسی لە ئەزموونی خۆی لە ریال مەدرید کرد و یادگاریی یاریکردنی شانبەشانی هەندێک لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێی هێنایەوە بەر باس. هەروەها رەخنەی تووندی لە مۆرینیۆ گرت و فەلسەفەکەی بە بەسەرچوو زانی، پێش ئەوەی دووپاتیبکاتەوە کە ریال مەدرید چانسی بەهێزی هەیە لە یارییەکەی ئێوارەی چوارشەممەی چامپیۆنزلیگدا لە رۆما بباتەوە.
کاسانۆ هێرش دەکاتە سەر مۆرینیۆ: ئەو تۆپی پێی خۆش ناوێت
کاسانۆ درێخی نەکرد لە رەخنەگرتن لە مۆرینیۆ، پێیوابوو یانەی ریال مەدرید سەرەڕای قەبارەی مێژوویی و دەسەڵاتی بێئەندازە، نەدەبوو راهێنەری پۆرتوگالی بگەڕێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕیارەکەی سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێز تێناگات کە ئەوی بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە دەستنیشانکردووە.
ئەستێرەی پێشووی ئیتاڵیا باسی لەوەکرد که مۆرینیۆ بەڕاددەی قسەکردن یاریی تۆپی پێی خۆش ناوێت، راهێنەره پۆرتوگالییه که هێندەی جاران باش نییه ، هەروەها فەلسەفەی تۆپی پێییەکەی نزیکه ی دە ساڵە بەسەرچووه .
کاسانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی بۆی گرنگە ژمارەی نازناوەکانی راهێنەر نییە، بەڵکو ئەو ئاستە گرنگەیە کە تیپەکەی لەناو یاریگادا پێشکەشی دەکات. ئەو پێیوایە کاروانی وەرزشیی مۆرینیۆ میراتێکی بەرچاوی تۆپی پێی بەجێنەهێشتووە، بەڵکو پەیوەندی بە مشتومڕ و ناکۆکی لەگەڵ کەسانی دیکەوە هەبووە.
کاسانۆ هەروەها مۆرینیۆی بەراورد کرد بە جیان پیێرۆ گاسپێرینی، راهێنەری رۆما و دووپاتیکردەوە کە ئەم دووەمیان بە بۆچوونی ئەو تۆپی پێیەکی باشتر دەکات. پێیوابوو ئەگەر گاسپێرینی لەبری مۆرینیۆ راهێنەرایەتی بووایە، یانەی ریال مەدرید دەیتوانی سەرکەوتنێکی گەورەتر لەسەر دەستی بەدەستبهێنێت.
بارسێلۆنا لەژێر دەستی فلیک؛ مۆدێلێک بۆ زاڵبوون بەسەر ریال مەدرید
سەرەڕای ئەوەی پێیوابوو یانەی ریال مەدرید لەڕووی بەهێزیی پێکهاتەکەیەوە پێشەنگی هەیە، بەڵام کاسانۆ پێشبینی یارییەکی سەختی بەرامبەر رۆمای کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی یانەی شاهانە ئەگەری بردنەوەی 80%ـی هەیە.
بەڵام رەخنەی لە پشتبەستنی ریال مەدرید گرت بە درەوشاوەیی تاکەکەسی یاریزانە ئەستێرەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکان، روونیشیکردەوە کە یانەی شاهانە نابێت دانیشێت و چاوەڕێی کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام، یان ڤینیسیۆس جونیۆر بکات بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن بۆ ئەوەی رزگاریان بکات.
لەبەرامبەردا کاسانۆ لە سەردەمی هانزی فلیکدا پەسنی بارسێلۆنای دا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە راهێنەرە ئەڵمانییەکە سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی تیپێک کە ناسنامەیەکی روونی هەبێت، پشت بە یاریی هێرشبەری و بەشداریکردنی هەموو یاریزانەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی جیاوازی دروست بکات، شێوازێک کە پێیوایە ریال مەدرید پێویستی بە فێربوونی هەیە.
کاسانۆ لە ڤینیسیۆس کەم دەکاتەوە و لە بەرژەوەندی رودریگۆدایە
لە هەڵسەنگاندنی ئەستێرەکانی ریال مەدرید، کاسانۆ رەخنەی روونی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر گرت و دووپاتیکردەوە کە ئەو بەو ئەستێرەیە نازانێت کە وێنا دەکرێت، سەرەڕای توانای تۆمارکردنی گۆڵ و جیاوازی لە هەندێک یارییدا.
ئەستێرەی پێشووی ئیتاڵی رایگەیاند، تێناگات بۆچی ڤینیسیۆس زیاتر لە رودریگۆی هاوڕێی سەرنجی زیاتر وەردەگرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی دووەمیان پێ باشترە و پێیوایە خاوەنی توانایەکی زیاترە کاتێک لە لووتکەی دۆخی جەستەییدایە.
کاسانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، رۆدریگۆ شایەنی ئەوەیە لەبری ڤینیسیۆس یارییەکە دەستپێبکات ئەگەر لەڕووی جەستەییەوە تەندروست بێت، ئەمەش سەرسامی خۆی بۆ ئەو و پێشبینییەکانی بۆ گەڕانەوەی دووپاتکردەوە.
مێسی باشترینە لە مێژوودا.. رۆناڵدۆ نازاریۆش زۆر لە کریستیانۆ باشترە
لێدوانەکانی کاسانۆ تەنیا لە ریال مەدریددا سنووردار نەبوون. هەروەها باسی لە باشترین یاریزانەکانی کرد کە بەدرێژایی ژیانی وەرزشی بینیویەتی و جەختی لەوە کردەوە کە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە هەمووان تێدەپەڕێت و هیچ یاریزانێکی دیکە نابینێت توانای گەیشتن بە ئاستی ئەوی هەبێت.
کاسانۆ پەسنی مێسی دا و بە دیاردەیەکی ناوازە لە مێژووی تۆپی پێدا دەزانێت. هەروەها پەسنی لامین یامال، رافینیا و رودریگۆی دا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە هەر لە پلەی یەکەمدا دەمێنێتەوە، پێشبینیش ناکات یاریزانێکی وەک ئەو لە داهاتوودا دەربکەوێت.
هەروەها رۆناڵدۆ نازاریۆی بەرازیلی کە بە 'دیاردە' ناسراوە، بیری هێنایەوە و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشبەرەکان وەسفی کرد، کە تا ئێستا بینیبێتی و ئاماژەی بەوەدا کە پێکانەکان رێگریان لێکردووە لە ماوەی کاروانی وەرزشیدا بگاتە ئاستی بەرزتر.
کاسانۆ لەوە زیاتریش رۆیشت و جەختی لەوە کردەوە کە 'رۆناڵدۆی دیاردە' لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ تێدەپەڕێت، پێیوابوو ئەمەی دووەمیان تەنانەت ناگاتە نیوەی ئەو ئاستەی کە هێرشبەرە بەرازیلییەکە لە لووتکەی خۆیدا نیشانیدا.
"دەبوو بچمە زیندان"
کاسانۆ دان بەوەدا دەنێت کە بەهرەکەی بەفیڕۆداوە. لە یەکێک لە راشکاوانەترین ساتەکانی هەڤپەیڤینەکەدا، کاسانۆ دانی بەوەدانا کە دەرفەتێکی زێڕینی بەفیڕۆدا لە ماوەی مانەوەی لە ریال مەدرید بەهۆی رەفتاری بێ دیسپلین و گرنگینەدانی تەواو بە مەشق و راهێنان و پاراستنی لەشجوانیی خۆی.
یاریزانی پێشووی ریال مەدرید بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی "دەبوو بچێتە زیندان بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە مەدرید، روونیشیکردەوە کە خواردن و چوونە دەرەوەی پێگرنگتر بووە لە مەشق و راهێنانەکان". هەروەها گوتیشی "نزیکەی 10 کیلۆ کێشی زیادکردووە".
کاسانۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، خاوەنی بەهرەیەکی گەورەبوو، بەڵام هێزی ئیرادەی نەبوو بۆ پەرەپێدانی، دان بەوەدا دەنێت کە ئامادە نەبووە قوربانی بدات یان هەوڵی پێویستی نەداوە بۆ ئەوەی بگاتە تەواوی تواناکانی.
ئەستێرە ئیتاڵییەکەی ئەوی بیرهێنایەوە که شانبەشانی هەندێک له گەورەترین یاریزانەکانی ریال مەدرید یاری کردووه، له نێویاندا زێدان زینەدین زیدان و رۆناڵدۆ نازاریۆ و گوتی "بەختی باشە کە لەگەڵ ئەوان یاریی کردووه، بەڵام پێگەیشتوو نەبووه بۆ ئەوەی بەتەواوی سوود له دەرفەتەکە وەربگرێت".
کاسانۆ داوای لێبوردن لە کاپێلۆ دەکات و تیپە دڵخوازەکەی ئاشکرا دەکات
هەروەها کاسانۆ باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فابیۆ کاپێلۆی راهێنەری پێشووی کرد کە لە یانەی رۆما و ریال مەدرید بەڕێوەی دەبرد، دانی بەوەدانا کە لەو ماوەیەدا وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئێستا رێزێکی زۆری بۆی هەیە.
روونیشیکردەوە، کاپێلۆ ئەو یاریزانانەی پێ باشترە کە پابەندبن بە راهێنانەکان و سەرنجیان لەسەر تەندروستی خۆیان بێت، لەکاتێکدا ئەو بەپێچەوانەوە رۆیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، راهێنەرە ئیتاڵییەکە وەک گرنگترین کەسایەتی لە ژیانی تۆپی پێیدا دەمێنێتەوە و تاوەکو ئێستا پەیوەندی نێوانیان باشە.
سەبارەت بە نزیکترین تیپ لە دڵی خۆیەوە، کاسانۆ سامپدۆریای هەڵبژارد و راونیکردەوە کە ئەزموونی لەگەڵ یانەکەدا یارمەتیدەر بووە بۆ بوژاندنەوەی ژیانی وەرزشی و هەروەها رێگەی پێداوە هاوژینەکەی بناسێت و دوو منداڵی لێ ببێت، بەر لەوەی بچنە جێنەوا.
کاسانۆ سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە توانای دەستکەوتی زیاتری هەبووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە وەک دیلی دەست پەشیمانی ناژی، ئاماژەی بەوەدا کە یاری بۆ یانەی رۆما و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ریال مەدرید کردووە، کە بە گەورەترین یانەی مێژووی تۆپی پێ وەسفی کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوەی بەدەستیهێناوە بەسە بۆی سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانییەوە بەفیڕۆی داوە.




