رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەوانیی میدیای بەریتانیا ئاشکرایکردووە، جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، ملیۆنان دۆلاری وەک پارەی زیادە و مووچەی نهێنی وەرگرتووە، کە لە راپۆرتە داراییە ساڵانەکانی فیدراسیۆنەکەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە.
راپۆرتەکە وایدانەوە کە سەرۆکی فیفا، جیا لە مووچە فەرمییەکەی خۆی لە فیدراسیۆنەکە، مووچەیەکی دیکەشی لەژێر ناوی جیاوازدا وەرگرتووە و بەوەش ئینفانتینۆ "خاوەنی دوو مووچەیە".
میدیاکان دەڵێن، ئەوە سکانداڵێکی گەورەیە و لەسەر سەرۆکی فیدراسیۆنەکە ئاشکرابووە، لە کاتێکدا فیفا، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەکراوی سەرۆکەکەی، رەتدەکاتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئینفانتینۆ دوو مووچەی جیاوازی وەرگرتووە؛ یەکەمیان لە بارەگای سەرەکیی فیفا لە سویسرا بووە کە لە راپۆرتی فەرمیدا تۆمارکراوە، دووەمیشیان لە رێگای ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەوە بووە، کە سەرپەرشتی رێکخستنی مۆندیالی 2026 دەکات و هیچ ئاماژەیەکی پێ نەدراوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە بەشێک لەو پارەیە بۆ دابینکردنی تێچووی مانەوەی ئینفانتینۆ لە شاری مەیامی بەکارهاتووە، لەنێویاندا بەکرێگرتنی کۆشکێکی گەورەی کەنار دەریا بە دەیان هەزار دۆلار لە مانگێکدا کە پێشتر موڵکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای گووگڵ بووە.
نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار زیادە
لێکۆڵینەوەکە پشتی بە بەڵگەنامە داراییەکانی کۆمپانیای 'FWC2026 US Inc' بەستووە، کە پێشکەشی دەستەی باجی ئەمریکای کردووە و پێشانی دەدات ئینفانتینۆ لە ساڵی 2024ـدا بڕی 1.76 ملیۆن دۆلاری لەو کۆمپانیایە وەرگرتووە، جیا لەو داهاتەی لە سویسرا پێی دراوە. لە کاتێکدا بەپێی راپۆرتی ساڵانەی فیفا لە ساڵی 2024، کۆی مووچە و پاداشتەکانی ئینفانتینۆ 4.274 ملیۆن فرەنکی سویسری بووە (2.6 ملیۆن مووچەی بنەڕەتی، 1.65 ملیۆن پاداشت و 24 هەزار تەرخانکراوی دیکە)، ئەو داهاتە ئەمریکییەی تێدا نەبووە کە 626 هەزار و 229 دۆلاری وەک قەرەبوو و تایبەتمەندیی زیادە تۆمارکراوە.
میگێل مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی لیژنەی حوکمڕانی لە فیفا، ئاشکرانەکردنی ئەو پارانەی بە پێشێلکارییەکی روونی پەیڕەوی ناوخۆی فیدراسیۆنەکە ناوبرد و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد. لە بەرامبەردا، گوتەبێژی فیفا بوونی تایبەتمەندییە داراییەکانی رەتنەکردەوە، بەڵکو رایگەیاند کە لیژنەی تایبەتمەند بڕیاری لەسەر داوە و رادەستی دەسەڵاتدارانی باجی ئەمریکاش کراوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا لەسەر هۆکاری شاردنەوەی ئەو ژمارانە لە راپۆرتە گشتییەکاندا.
ئینفانتینۆ لادەبرێت؟
سەرەڕای ئەو قەیرانانە، شیکارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەرکارلادانی ئینفانتینۆ لە سەرۆکایەتیی فیفا زۆر ئاڵۆزە، ئەمەش بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە کە تێیدا هەر 211 ئەندامەکەی فیدراسیۆنەکە، خاوەنی یەک دەنگن بەبێ رەچاوکردنی کاریگەریی وەرزشی یان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتە ئەندامەکانی فیدراسیۆنەکە. بەم پێیەش، فیدراسیۆنی ئینگلتەرا خاوەنی هەمان قورسایی دەنگدانە کە فیدراسیۆنی مۆنتسرات هەیەتی، لە کاتێکدا بە تەنیا 4300 دانیشتوو لە چوارچێوەی وڵاتەکەدا دەژین.
ئەم یەکسانییە دەسەڵاتێکی گەورەی بە وڵاتە بچووکەکان بەخشیوە، بەتایبەت کە زۆربەیان پشت بە هاوکارییە داراییەکانی فیفا دەبەستن. لە رێگای پرۆگرامی 'فیفا فۆروۆرد'، هەر فیدراسیۆنێک لەنێوان ساڵانی 2023 تاوەکو 2026 بڕی تاوەکو 8 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، لەگەڵ 1.2 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ ئەو فیدراسیۆنانەی پێویستییان پێیەتی. ئینفانتینۆ بە فراوانکردنی پاڵەوانێتییەکان، وەک مۆندیالی پیاوان بۆ 48 هەڵبژاردە و مۆندیالی یانەکان، داهاتی رێکخراوەکەی زیادکردووە تاوەکو پارەی زیاتر بەو ئەندامانە ببەخشێت کە دەنگی پێدەدەن.
دەستەوارەکەی ئینفانتینۆ
لە مانگی 7ـی رابردوودا، ئینفانتینۆ پلانێکی خستەڕوو بۆ فرۆشتنی 20٪ـی مافی بازرگانیی مۆندیال بە بەهای 4.2 ملیار دۆلار بە کۆنسێرتیۆمێکی وەبەرهێنەر، بە سەرۆکایەتیی جۆشوا کوشنەر، و بەڵێنی دابوو 20 ملیۆن دۆلار بە هەر فیدراسیۆنێک ببەخشێت ئەگەر پەسندی بکەن. ئەم هەنگاوە تووڕەیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا)ـی لێکەوتەوە و بە هەڕەشەی بایکۆتکردنی پێشبڕکێکان پاشەکشەیان بە پلانەکەی کرد.
سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە 200 فیدراسیۆنی نیشتیمانی، پشتگیریی خۆیان بۆ سەرۆکایەتییەکەی دووپاتکردەوە، هاوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا (کاف) لە 8ـی مانگی 10 بە کۆی دەنگ، پشتیوانیی لە هەڵبژاردنەوەی ئینفانتینۆ کرد بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2016ـەوە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ کیشوەرەکە دابینکردووە.
ئەورووپا نزیکەی 70٪ـی ئابووریی تۆپی پێی جیهانی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەم سەرمایەیە دەنگی زیاتری لە هەڵبژاردنەکان پێنابەخشێت. بۆ راگرتنی هاوسەنگییەکە، ئەلێکساندەر چێفێرینی سەرۆکی یوفا و ڤیکتۆر مۆنتالیانی سەرۆکی کۆنکاکاف، پێشنیازیان کردووە دوو ملیار دۆلار لە یەدەگی فیفا دابەش بکرێت بە جۆرێک 10 ملیۆن دۆلار بە هەر ئەندامێک بدرێت، تاوەکو وڵاتە بچووکەکان تەنیا چاویان لە پارەکانی ئینفانتینۆ نەبێت.
لە 6ـی مانگی 10، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج بە فەرمی سکاڵای لە لقی پرەنسیپەکان و حوکمڕانیی فیفا تۆمارکرد، دژی چەندین بڕیاری ئینفانتینۆ.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فیفا لە 18ـی مانگی 3ـی 2027 لە شاری رەباتی مەغریب بەڕێوەدەچێت و رامۆن ڤێگای یاریزانی پێشووی تۆتێنهام و هەڵبژاردەی سویسرا، خۆی بۆ کێبڕکێکردنی ئینفانتینۆ بەربژێر کردووە، بەڵام پێویستی بە پشتگیریی 5 فیدراسیۆن دەبێت، بۆ ئەوەی مافی خۆ بەربژێرکردن بۆ ململانێی ئینفانتینۆ مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا، هێشتا بە قازانجی خۆیانی دەبینن ئینفانتینۆ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو تۆمەتبارکردنەی میدیای بەریتانیدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردووەتەوە کە سەرۆکی فیفا دوو مووچەی نییە.
فیفا دەڵێم "سەرۆکی فیفا مووچەی دووەمی نییە، پابەندە بەهەموو ئەو مەرجانەوە کە لە ئارادان، قەرەبووکردنەوەکان بۆ سەرۆکی فیفا دەستنیشاندەکرێن، ئەمە جیا لە تایبەتمەندیی دیکەی گرێبەست و هەموو ئەوانە، لیژنەیەکی سەربەخۆ دەستنیشانیان دەکات".
فیدراسیۆنەکە هەروەها دەڵێ، "بەتووندی هەموو ئەو قسانە رەتدەکەینەوە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی کارکردنی فیفایە، ئەژمارە داراییەکانی فیفا لە ژێر چاودێریی وردی دەزگای باجی سویسرا و ئەمریکادایە".




