رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پاڵەوانی جیهان، بە ئەستەم و دوای تێپەڕین بە یارییەکی پڕ لە دراما، توانی گەیشتن بە قۆناخی 16ی مۆندیالی 2026 ببڕێت، ئەمەش دوای سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی بە ئەنجامی (3-2) لە یارییەکدا کە گەیشتە کاتە زیادکراوەکان.
مێسی و مێژوویەکی نوێ لیۆنێل مێسی، کاپتنی تانگۆ، دوای ئەوەی لە یارییەکەی ئوردن لەسەر کورسی یەدەگ بوو، گەڕایەوە پێکهاتەی سەرەکی و ریکۆردێکی مێژوویی نوێی تۆمارکرد؛ مێسی بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە بگاتە 30 بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا.
چیرۆکی یارییەکە هەرچەندە ئەرجەنتین پاڵەوانی جیهانە، بەڵام کابۆ ڤێردی بە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو دەرکەوت، بەتایبەت ڤۆزینیای گۆڵپارێز کە لە تەمەنی 40 ساڵیدا بووە بەربەستێکی پۆڵاین لەبەردەم هێرشەکانی ئەرجەنتین.
-خولەکی 29 لیۆنێل مێسی بە لێدانێکی هونەری جوان تۆڕی کابۆ ڤێردی هەژاند و ئەرجەنتینی پێشخست.
لە نیوەی دووەمدا دێرۆ دوارتی گۆڵێکی مێژوویی بۆ کابۆ ڤێردی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، یارییەکە بەم ئەنجامە (1-1) کۆتایی هات و چووە کاتە
زیادکراوەکان.
درامای کاتە زیادکراوەکان لە خولەکی 95، لیساندرۆ مارتینێز گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینی تۆمارکرد، بەڵام کابۆ ڤێردی کۆڵی نەدا و لە خولەکی 103 لە رێگەی لۆپێز کابرالەوە جارێکی دیکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە (2-2).
لە دوایین ساتەکاندا و لە گێمی زیادکراوی دووەمدا، کریستیان رۆمێرۆی بەرگریکار بە لێدانێکی سەری بێوێنە گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی بۆ تانگۆ تۆمارکرد، هەرچەندە کابۆ ڤێردی نزیک بوو لە یەکسانکردنەوە، بەڵام ئیملیانۆ مارتینێز رێگری لێکردن.
بەو سەرکەوتنە قورسە، ئەرجەنتین گەیشتە قۆناخی 16 و لەوێدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی میسر دەبێتەوە.
کابۆ ڤێردیش سەرباری ماڵئاواییکردنی، بەڵام لە یەکەم بەشداری مێژووییدا لە مۆندیال، بە سەری بەرزەوە و بە ئاستێکی جیهانی ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.




